فەرماندەی پێشووی سەنتکام، ژەنڕاڵ جۆزەف ڤۆتەڵ هۆشدرای دەدا کە کێشەی غەززە ڕەنگبێ تەشەنە بکات
فەرماندەی پێشووی سەنتکام، ژەنڕاڵ جۆزەف ڤۆتەڵ هۆشدرای دەدا کە کێشەی غەززە ڕەنگبێ تەشەنە بکات چونکە ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر میلیشیا بەکرێگیراوەکانیەوە نییە
پادکەستی ئەلمانیتۆر – عەمبرین زەمان و جارێد زووبا .
وەرگێرانی: کەماڵ حەسەنپوور
عەمبرین زەمان: لەگەڵ درێژە کێشانی ناکۆکی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بەردەوامە، نیگەرانییەکان لەمەر ئەگەری تەشەنە کردنەکەی لە ئارادایە کە ڕەنگبێ ببێتە هۆی لایەنە ناوچەییەکان، بە تایبەتی حیزبوڵڵا و ئێران. ڕێژەیەکی بەرچاو قوربانیی مەدەنی لەناو فەلەستینییەکانی غەززە، لە ناویاندا زیاتر لە ٤٦٠٠ منداڵ، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، بۆتە هۆی مەحکووم کردنی ناونەتەوەیی و کاڵتر بوونەی یادی هێرشە مرۆڤکوژییەکەی حەماس لە ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٢٠٠ ئیسڕائیلی و هۆی شەڕی ئەو جارە.
بۆ باس لەسەر ئەو کێشەیە و کاریگەرییە بەربڵاوترەکانی، فەرماندەی پێشووی ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکلگرتووەکان، ژەنڕاڵ جۆزێف ڤۆتەل، کە سەرپەرشتی شەڕ دژی داعش بوو و زانیاریی قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە، لەگەڵمانە. هەواڵنێری پێنتاگۆنمان، جارێد زووبا، کە ڕاپۆرتی شەڕی داعشی دەناردن هاوبەشی گفتگۆکانی ئەمڕۆمانە.
گەلێک سوپاس ژەنڕاڵ ڤۆتەل کە ئەمڕۆ لەگەڵمانی.
ژ. ڤ: گەلێک سوپاس عەمبەرین، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم و سوپاس بۆ ناگهێشت کردنەکەتان.
ع: ئەگەرچی ئێستا دەورانێکی سەرشێتانەیە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و کاتێکی جێگای نیگەرانییە و نێردەی پێنتاگۆنی ئێمە، جارێد زووبا لەگەڵمانە ئەمڕۆ و ئەو یەکەم پرسیار ئاراستە دەکات.
ج: دیسان سوپاس ژەنڕاڵ بۆ بەشداریتان. دەمهەوێ لە بارەی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس پرسیار بکەم. لە ڕوانگەی ئۆپەراسیۆنییەوە، لە کام بڕگەی شەڕ داین؟ بە لەبەرچاو گرتنی ئەو زانیارییەی لەبەر دەست دایە، هەنگاوی داهاتوو چییە؟، پێتوایە هیزی بەرگریی ئیسڕائیل ڕێنوێنییەکانی کاربەدەستانی ئەمریکای لەبارەی ئاست و چۆنییەتی شەڕەکە لەبەر چاو گرتووە؟
ژ. ڤ: سوپاس، خۆشحاڵم لەگەڵ هەردووکتانم. پێموایە ئێمە هێشتا لە سەرەتای ئەو هەڵمەتە داین، شتێکی زۆر قەوماوە، بێگومان هێرشێکی زۆر لە لایەن ئیئسڕائیل بەڕێوە چوون و ئێستا جووڵەی هێزێکی بەرچاو لە غەززەدا دەبینین، لە شاری غەززە و دەوروبەری. تاقمێک شەڕ و پێکدادان لە باکووری ئەو وڵاتە دەبینرێن. بەڵام لێکدانەوەی من ئەوەیە کە هێشتا کارێکی زۆر ماوە بکرێ و لە هەمووی گرینگتر لەناو شاری غەززە، کە هەڵبەت شەڕێکی گەلێک دژوارە و پێموایە هەموو ئەوانە ماون، بەڵام تەنانەت دوای ئەوانەش، دژوارترین بەشی ئەوە هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بۆ ڕێگاچارەیەکی سیاسییە. بە بۆچوونی من لە کۆتاییدا ئەوە دژوارترین بەشە.
بەڵام هەر وەکو ئەو بەیانییە باسمان کرد ئێمە لەوبارەوە شتی زۆرتر دەبینین. بەڵام من پێموایە ئێمە ئێستا لە قۆناخێک داین کە چاوەڕوانیم دەکرد، هێشتا زۆر شت ماوە بکرێ، شەڕی زۆر دواژرمان لە پێشە. لەبارەی ئەوەی کە ئیسڕائیل چۆن ئەو کارە دەکات پێموایە پەیامی بەهێز لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا و ئەوانەی هەوڵیان داوە ڕاوێژکاری ئیسڕائیلییەکان بن، ئەوە بووە کە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەو کارە بەقەد کردنی کارەکە گرینگە و ئەوە مومکین نییە بێتوو لایەنە مرۆییەکەی لەبەرچاو نەگیرێت. پێموایە بەشێک لە ئامۆژگاریی دەوڵەتی ئەمریکا ئەوە بووە کە ئێمە دوای هێرشی یازدەی سێپتەمبەر هێندێک هەڵەمان کردن، لە یەکەم ساڵەکانی دوای کێشەکە.
بێتوو دەرفەتمان هەبا ئەو کارە دووپات بکەینەوە، بە شێوەیەکی دیکە هەنگاومان دەنا. من پێموایە ئیسڕائیل بەشێک لەو ئامۆژگارییانە لەبەر چاو دەگرێ، رێککەوتنی لەبەرچاو گرتنی پشوو لە شەڕدا، نموونەی ئەو ڕێنوێنییانەن. پێموابێ ئیسڕائیل دەبێ ڕێز لەوە بگرێ کە بەشێک لە بردنەوەی ئەو شەڕە، هەرچۆنێک بردنەوەکە پێناسە بکەن، دەبێ ناوبانگەکەیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و بێگومان لە ناوچەدا بگرێتەوە، بۆیە دەبێ هەموو ئەو نیگەرانییە مرۆییانە لەبەر چاو بگرێ، وەک بەشێک لە هەڵسوکەوتی درێژخایەنیان لەگەڵ ئەو کێشەیە. من پێموایە ئەوان دەستیان کردووە بە هێندێک کاری دروست لەو بارەوە، نازانم ئەوە بەسە یان نا. ئێستا دۆخێکی گەلێک دژوارە، پێموایە ئەوان هەوڵ دەدەن بە گوێرەی یاسای کێشەی چەکدارانە بجووڵێنەوە بەڵام دۆخەکە لە ڕادە بەدەر دژوارە.
ع: هاوکات ئێمە ڕاپۆرتی پشتڕاست نەکراوە دەبیستین کە ئیسڕائیل ڕەنگبێ دژی حیزبوڵڵا هەنگاو بنێ و بە شێوەیەک چاوەڕوانە وڵاتە یەکگرتووەکان لەو بەرەیەدا بەشداری بێ، هەڵبەت بێگومان ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران بە شێوەیەک دەبێتە بەشێک لەو کێشەیە. ئێوە چەندە نیگەرانن کە ئەو کێشەیە ڕەنگبێ … ئەوە ببێتە کێشەیەکی هەرێمی کە لایەنی دیکەش بگرێتەوە، وەکوو ڕووسیە، ئێران و حیزبوڵڵا.
ژ. ڤ: هەڵبەت لەسەرەتاوە، تەشەنە کردنی کێشەکە هۆی نیگەرانیی زۆر بووە. پێموایە هەموو چاوەڕوان بوون کە لە ئاکامی ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبر ڕوویدا، کاردانەوەیەک دەبێ کە ڕاستەوخۆ دژی حەماس دەبێ، بەڵام بە ئاشکرا لە بەرژەوەندیی هیچ کەس دا نییە، لەبەرژەوەندیی ئیسڕائیل نییە، لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا نییە، لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە کە کێشەیەکی گەلێک بەربڵاوتر لە سەرانسەری شام یان ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بێتە ئاراوە. من بەردەوام بڕوام بەوەیە، یەکەم حەوتووەکانی کێشەکە لە لێکدانەوەی هەڵە یان هەنگاوی هەڵە لە هەر لایەکەوە نیگەران بووم کە ڕەنگبێ کێشەکە بەربڵاوتر بکاتەوە. پێموایە ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر خۆمان لەوە بوارد و پێموایە ئەوە باشە. نازانم ئەوە لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل دایە کە هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا لە ئێستادا، پێموایە یەکجار زۆرتر دەخوازێ کە ئیسڕائیل هۆشی لە ئەرکە دژوارەکەی لە غەززە بەرەو ئاقارێکی دیکە ڕانەکێشرێ، بۆیە پێموا نییە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە نیگەرانییەکان لە سەرانسەری ناوچەکە ئاماژەیان پێ بکرێ، وەک ئاکامی هەموو ئەوانە، چونکە ئەو شتانە کۆتاییان نایە. هەڕەشەی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسڕائیل کۆتایی نایە، ئێران هەروەها لە کۆتایی ئەو دۆخەدا هەر لەوێ دەبێ. ئەوان درێژە بە هەوڵدان بۆ ئامانجەکانیان دەدەن، بۆیە دەبێ ڕێگایەک بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانە هەبێ. بەڵام تا ئەو جێیەی دەگەرێتەوە سەر کێشەی بەربڵاوی ناوچەیی، پێموایە، من نیگەرانی لێکدانەوەی هەڵە بووم، ئێستا من کەمتر نیگەرانی ئەوەم. لە کاتێکدا هێشتا پێموایە ئەگەری هەیە، بەڵام پێموایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە، ئێستا ئەگەری کەمتر هەیە کێشەیەکی هەرێمی پەیوەندیدار بەو دۆخەی ئێستا بێتە ئاراوە.
ع: ئەوە بۆ هەموومان کە بەدوداچوون بۆ هەواڵەکانی ناوچەکە دەکەن، ئاشکرایە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ کێشەکە قووڵتر بکاتەوە، ئەگەرچی خەڵکی وەکوو نەسڕوڵڵا، ڕێبەری حیزبووڵڵا، لێدوانی شەڕخوازانە بڵاو دەکاتەوە و دەڵێ ئێمە بۆتان دێین، بێتوو درێژە بەو هێرشە بدەن. بەڵام دان بەخۆ داگرتن و خۆ بواردن لە وەڵامدانەوە بە میلیشیا شیعەکانی کە ئێران لە پشتیانە و لە سووریە و عێراق چالاکن، تا کەنگێ درێژەی دەبێ؟
ژ. ڤ: بەڵێ تۆ باسی خاڵێکی گرینگ دەکەی. من پێموایە نیگەرانی لە بارەی کۆنتڕۆڵ بەسەر میلیشیا شیعەکان هەیە کە گەلێک بچووکترن و شتێکی زۆر کەمتریان بۆ لەکیس دان هەیە و ڕەنگبێ بیانهەوێ کەڵک لەو دەرفەتە وەرگرن تا بەو کارانە خۆیان قوت بکەنەوە و پێگەیەکی بەرچاوتر لە دنیای شیعەدا بۆخۆیان دەستەبەر بکەن و ئەوان دەتوانن کەڵک لە دۆخەکە وەرگرن. ئێمە جووڵانەوەی وەهامان دیتوون، یان بەشێک لەو جووڵانەوە وەکوو عەسائیب ئەهل ئەلحەق کە بۆ بەشی ڕۆژاوای سووریە چوون و ڕێکخراوی وەکوو کەتائیب حیزبوڵڵامان دیتووە کە وێدەچی لەپشت ئەو هێرشە وەڕەزکارانە بن کە دەکرێنە سەر دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە و بێگومان حوسییەکانیش کە هاژەک بە درێژایی دەریای سووردا دەهاوێن، جێگای نیگەرانین و بێگومان دەسەڵاتی زۆریان بەسەر شوێنی سەرەکی باب ئەلمەندەبەوە هەیە و پێموایە دەبێ گەلێک لەو بارەوە نیگەران بین. شتێکی کە زۆر من نیگەران دەکا ئەوەیە کە چۆن ڕێکخراوە بچووکانە کۆنتڕۆڵ بکرێن و بە شێوەی سەربەخۆ هەلسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین. من پێموایە ئێران تا ڕادەیەک جڵەوی ئەوانی بەدەستەوە بەڵام من دڵنیا نیم کە ئەو کۆنتڕۆڵە هێندە مسۆگەر بێ کە ئێمە چاوەڕوانین و من نیگەرانی ئەو ڕێکخراوانەم کە دەتوانن ببنە هۆی گیر و گرفتی زیاتر، بەو ڕادەیە نا کە ڕەنگدانەوەی لەسەر کێشەی ئێستا هەبێ، بەڵام ئەوان بێگومان دەبنە هۆی زەرەری زیاتر کە بەرپەرچدانەو بخوازێ.
ج: سوپاس ژەنڕاڵ. پێمخۆشە بگەڕێمەوە سەر بنکەی فەرماندەیی سوپای قودس و بەکرێگیراوانی سوپای پاسداران دواتر، ئەگەر کاتمان هەبێ. بەڵام ئێستا پێمخۆشە بۆمان باسی تواناییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا بکەی، کە ئەوان چەندە ئامادەن لە ئەگەری دەستێوەردان. ئەوان ئیزنی کام کاریان هەیە و ئەوە چۆن لە چوارچێوەی ستراتێژیی بەربڵاوتری بەرگریی نیشتمانیدا جێ دەگرێ، لە ڕوانگەی کەڵک لێ وەرگرتن و بەڕۆژ کردنەوەیان. لەو پەیوەندییەدا ئێمە دەبێ چاوەڕووانی دیتنی چ شتێک بین؟
ژ. ڤ: ڕوانگەی من لەو بارەوە … من زۆر شتم دیتوون کە ئێوەش بینیوتانن. لەو دۆخەدا بڕیارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی سەرەوە دەدرێن و زۆربەی بڕیارەکانی کەڵک وەرگرتن لە هێز لە واشینگتۆن دەدرێن، بە دڵنیاییەوە لە پێنتاگۆن و لەێڕا دەنێردرێن بۆ سەنتکام و فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکان. لە دۆخێکی وەک ئێستادا ئەوە نابێتە هۆی سەرسوڕمانی من. ئەوە شتێکی ئاڵۆزە و ئەوان هەوڵ دەدەن سەرپەرشتی دۆخەکە بکەن، نە تەنیا پشتگیریی ئیسڕائیل بکەن بەڵکو بە پەیوەندییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەشدا ڕابگەن و هەوەها چەندین هەڕەشە کە لێرە باسمان کردن، لە ڕوانگەی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵەوە پێموایە ئێمە ئێستا لەو دۆخە داین.
پێموایە دەکرێ لەوبارەوە باس بکرێ کە ئاخۆ ئەوە هەڵوێستێکی دروستە یان نا؟ بەڵام ئێمە فەرماندەی گەلێک لێهاتوومان هەن کە دەتوانن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەوە بەو شێوەیە کە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی دەیانهەوێ ئەرکەکان دابەش بکەن و من پێم باشە. تا ئەو کاتەی ئەوان یارمەتیدەری بڕیار دانن. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکان چی لێرە جێگیر کردووە، زۆر کەس دەزانن ئێمە دوو پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگرمان بۆ ناوچەکە گواستنەوە. ئەوە یەکەم جارە کە دوای ماوەیەکی دوور و درێژ دوو تاقمی هێرشبەرمان گەڕاندۆتەوە ناوچە، ئەگەرچی زۆربەی کاتی فەرماندەیی من بەسەر سەنتکامەوە ئەوپەڕی پاپۆڕێکی لەو جۆرە لە ناوچەدا هەبوو، بەڵام ماوەیەکی زۆری کاتی فەرماندەیی من ئێمە هیچ پاپۆڕێکی ئەو جۆرەمان لێرە نەبوو. کە وا بوو ئەوانە توانایی سەرەکیی بەرپەرچدانەوەمانن، ئەو فڕۆکە هەڵگرانە هەرکامیان ٨٠ بۆ ٩٠ فڕۆکەیان لەسەر نیشتوون کە دەتوانن تواناییەکی جەنگیی لە ڕادە بەدەر دروست بکەن، دەتوانن ڕووبەرێکی بەبڵاو داپۆشن و ئەو کارە زۆر خێرا ڕاپەڕێنن. کە وا بوو ئەوە هێزی سەرەکیی چاوترسێن کردنی ئێمەن لێرە. وەک بیستووتانە ئێمە چەند ژێر دەریاییشمان هێناون بۆ ناوچە کە، ئەوە تواناییەکان زیاتر دەکەن. ئەوە کۆی تواناییەکانمانن کە یارمەتیدەرمانن بزانن چ ڕوو دەدا. من پێموایە ئامانجی هەموو ئەو سامانانە ئەوەیە کە ئامادەیی ئێمە نیشان بدەن و بە ئێران و هەموو لایەنێکی دیکە نیشان بدا کە چاو لێکەن ئێمە لێرەین و ئامادەین و توانیومانە ئەو ئامادەییە کۆ بکەینە تا پشتیوانی ڕوانگەی خۆمان بن، کە ئێمە ئامادەی کەڵک لێوەرگرتن لەو تواناییانەین و چەند جار لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا هێرشمان کردۆتە سەر میلیشیای سەر بە ئێران کە هێرشیان کردبوو سەر دامەزراوەکانی ئەمریکایی. کە وابوو ئێمە ویستی خۆمان لەگەڵ تواناییەکانمان ڕێک دەخەین و ئەوە لایەنێکی گرینگە. بەڵام هەر وەکوو ئاماژەم پێ کرد بێگومان ئەوە پەیامێکە بۆ بەرهەڵستکارانمان، پەیامێکە بۆ ئیسڕائیل کە ئێمە لێرەین و پەیامێکە بۆ ناوچە بە شێوەیەکی گشتیتر کە وڵاتە یەکگرتووەکان لێرەیە و چالاکانە هەنگاو دەنێ تا پێش بە کێشەیەکی گەلێک بەربڵاوتر بگرێ کە ئاسەواری ماڵوێرانکەری بۆ ناوچەکە دەبێ، نە تەنیا بۆ ئێمە و هەموو کەسێکی دیکە بەڵکو بۆ سەرجەم ناوچە کە زۆر شت لەناو دەبا. کە وابوو ئەو ئەو شتەیە کە ئێمە دەیکەین و ئەوش زیاد بکەم کە زۆر جار گوێگرانمان پێیان وایە ئێمە تەنیا کەرەستەی سەربازیی نیشان دەدەین، بەڵام ئێمە کارێکی باشیشمان لە ڕوانگەی نیشاندانی ئامادەیی سیاسیش کردووە و پێموایە ئەوە گەلێک گرینگە، وەرزیری کاروباری دەرەوە لانی کەم سێ جار هاتۆتە ناوچەکە، فەرماندەی سەنتکام دوو جار هاتووە، وەزیری بەرگری و سەرۆک کۆمار حەوتووی یەکەم هاتن. ئەگەر ئەوانە جەختکردنەوەی گەلێک ئاشکرای وڵاتە یەکگرتووەکان و ویستی کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە نیشان نەدەن، نازانم چ شتێک دەتوانێ ئەو کارە بکات. کە وا بوو من پێموایە ئێمە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا کارێکی باشمان بۆ ئامادەیی سەربازیی و سیاسی کردووە و درێژە بەو کارە دەدەین.
ع: تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبر ئێوە گیرۆدەی هێرشی میلیشیای سەر بە ئێران و هەروەها هی تورکیەش بوون. ژەنڕاڵ مەزلووم لە سلێمانی تووشی ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی نزیک ببوو، کاتێک فڕؤکەیەکی بێ فرۆکەوانی تورکیە هێرشی کردبوو بۆ سەر کاروانی ئوتومبێلەکانی و دیتوومانە ئەو جۆرە هێرشانە چەند جار دووپات بوونەوە و زەرەر و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مەدەنی لەوێ گەیاندووە وەک هەولێکی بەردەوامی تورکیە بۆ لاواز کردنی بەڕێوەبەریی ئەوێ. ئێوە چەندە نیگەرانن کە کێشەکە لە لایەن تورکیەشەوە قووڵتر بکرێتەوە و لە کۆتاییدا بە لەبەر چاو گرتنی ئەو هێرشانە لە چەند لاوە، بوونی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سووریە چەندە بەردەوام دەبێ، بێگومان زەختێکی قورسی سیاسی و دیپلۆماتیکیش کە تورکیە لەوێ دەیهێنێ و دەڵێ من هاوپەیمانی ناتۆم و “ئێوە هاوکاریی تێرۆریستان دەکەن”، بۆچوونتان لەو بارەوە چییە؟
ژ. ڤ: پێموایە بۆچوونی من لەو بارەوە ئەوەیە کە مانەوەی ئێمە بەروام دەبێ بەڵام پێموایە دەبێ نادڵنیایی لە دۆخەکە بسڕینەوە. من پێموانییە کە ئێمە بتوانین ڕێگا بدەین هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانمان لێرە لە سووریە و لە عێراق بێ وەڵام بمێننەوە و پێموایە دەبێ خەڵک بەرپرسیار بکەین، بۆیە گەلێک دڵخۆشم کە هێرشەکانی دوێنێ شەو و ئەو دواییانە دژی ڕێبەرایەتی و مۆڵگەی ئەمنییەتی بوون. من پێموایە وەڵامدانەوە بەوانە تەمی نادڵنیایی پەیوەندیدار بە دۆخەکە دەڕەوێنێتەوە و بەرهەڵستکاران وریا دەکاتەوە کە دەبێ تێچووکە بدەن، بێتوو ئێوە ئەو کارە بکەن ئێمە ئەوە تەحەممول ناکەین، پێموابێ ئێمە دەتوانین ئەو کارە بکەین و بوونمان پشتڕاست بکەینەوە دەتوانین بوونمان بە شێوەیەکی بەردەوامتر لە سووریە و عێراق بسەپێنین. هەڵبەت ئاشکرایە کە لە عێراق ئێمە دەبێ لە نزیکەوە هاوکاریی دەوڵەتی عێراق بکەین. ئێمە لەسەر داوای ئەوان لەوێین، کە وا بوو دەبێ هێندێک بەرپرسیاریی بۆ سەرکوتی ئەو هەڕەشانە بۆ سەر هێزەکانمان قبووڵ بکەن. ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەوان و ئێمەش دایە. دۆخەکە لە تورکیە بە ڕاستی ئاڵۆزە و من ماوەیەکی دوور و درێژە نائومێد و تووڕەم و من نازانم قەت بتوانین ئەوە لە ڕێگای سەربازیی چارەسەر بکەین. ئێمە هەوڵمان دا تاقمێک هەنگاوی متمانە بەخش لە گەڵ تورکەکان بگرینە بەر، بە تایبەتی لە کاتی هەڵمەتەکان لە عێراق بەڵام ئێستا پێموایە ئەوانە کەمتر بوونەوە. لە کۆتاییدا پێموایە پێویست بە ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک و سیاسی دەکات کە لەدەروەی دەسەڵاتی ئێمە دایە. ئێستا پێنج ساڵ و نیو لە هەڵمەتەکە تێپەڕ بووە، ئێمە هەوڵ دەدەین، چوار و نیو ساڵ لە هەڵمەتە سەربازییەکە تێپەڕ بووە و ئێمە نەماتوانیوە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بدۆزینەوە کە مافە سیاسییەکان و دانپێدانان بە کوردان لە سووریە مسۆگەر بکات و پارێزگاریی دیپلۆماتیک و سیاسییان پێ ببەخشێ کە ئەوان دەیخوازن.
ع: کە وابوو ئێوە دەڵێن بەرێوەبەرایەتی بایدن بە گوێرەی پێویست کاری بۆ کوردان نەکردووە؟
ژ. ڤ: ئەوە تەنیا بەڕێوەبەرایەتی بایدن نەبووە، بەڵکو هەموو ئەوانی دیکەش. ئەوە کێشەیەکی نێونەتەوەییە، شێوەی هەڵسوکەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بوارەوە شکستی هێناوە و نەیتوانیوە کارێکی ئەوتۆ بکات. لایەنەکانی دیکە وەکوو ڕووسیە، تورکیە و ڕێژیمی سووریە نایەنە سەر مێز بۆ هەرجۆرە وتووێژی سیاسی. من نامهەوێ هەموو تاوانەکە بخەمە ئەستۆی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێمە زۆر کارمان بۆ پشتیوانی لە کوردان کردووە و لەو بڕوایە دام ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێمە دایە و بێگومان من کاتێکی زۆرم بۆ تەرخان کردووە بەڵام لایەنێکی گەلێک زیاتر پێویستە سەرنج بدەنە ئەو پرسە.
ج: ئێستا ئێمە باسی هەموو ناوچەکە دەکەین، لایەنی ئەمنییەتی و ڕێککەوتنی سیاسی، کاتێک ئێوە فەرماندەی سەنتکام بوون، کارتان لەسەر هێندێک وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە بارەی بەرگریی دژی هاژەکیی یەکگرتوو کرد، بەڕیوەبەرایەتی بایدن هەوڵی داوە بۆ بەربەرینتر کردنەوەی ڕێککەوتنی ئیبڕاهیم، هاوکاریی بەرگریی و ئەمنییەتی نێوان عەڕەب و ئیسڕائیل. هەڵوێستی هاوبەشان لەبارەی ئەگەری کێشەیەکی ناوچەیی، ئاخۆ بەشەکانی پێویست بۆ ئەمریکا و هاوبەشان بوونیان هەیە تا بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ هێرشی هاژەکی درێژمەودا لە لایەن بەکرێگیراوانی ئێران بکەن؟ ئێوە باسی هێرشەکانی حوسییەکانتان لە یەمەنەوە کرد. ئێمە دەتوانین چ چاوەڕوانییەکمان لەو بارەوە هەبێ؟
ژ. ڤ: من پێموایە ئێمە خەریکە دەگەینە ئەو ئاستە کە بتوانین هەڵسوکەتی لەگەڵدا بکەین. بیرۆکەی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتوو شتێکی نوێ نییە و ئەوە بیرۆکەی من نییە، هەموو لایەک لەهەوڵی ڕێژەیەک لە هاوکاریی ناوچەیی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دابوون. لە ئاکامی ئامانجی جۆراجۆری سیاسی، جیاوازیی کولتووری، مەسەلەی متمانە پێکردن لەناو هاوبەشانی ناوچە، تا ئەوڕۆ هەوڵەکان بەردەوام بوون. من پێموایە ڕێککەوتنی ئیبراهیم پلاتفۆرمێکی باشە کە دەکرێ لەسەر ئەو متمانە و پەیوەندیی باش دروست بکرێن. مەبەستم ئەوەیە ئێمە ساڵێک لەوە پێش ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەشمان لە نێوان ئیسڕائیل و بەشێک لە هاوبەشانی کەنداو و ئەمریکا وەک جۆرێک ڕێکخەری ئەو کارە دەدیتن کە لە ئاسمان و دەریا بەڕیوە دەچوون. من پێموایە ئەوانە گرینگن و پەیوەندی باشی بازرگانی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە، ئەوانە لایەنی گرینگن، بەڵام من ئێستا بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی لە غەززە دەقەومێ نیگەرانم ئەوانە بە لاڕێدا بچن. پێویستە ئەوانە بێینەوە سەر ڕێچکەی خۆیان، بەڵام من پێموایە ئەوە پلاتفۆرمێکە کە ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەرگرین و لە کۆتاییدا ئەوە پرسی متمانە لە نێوان هەموو هاوبەشەکانی کەنداوە و ئەوە شتێکە کە هەمیشە کەمایەسییەک بووە کە بۆتە سەر نەگرتنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتووتر و شتی بچووکتر لێرە، کە وابوو کاتێکی زۆر دەگرێ ئەو کارە بکرێ بەڵام ڕێککەوتنی ئیبراهیم پلاتفۆرمێکی گونجاومان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو کارە دەداتێ، بەڵام پێموایە ئێمە لە ئێستادا کەمێک ماومانە بەو ئامانجە بگەین.
ج: ئاخۆ ئێوە قازانجێک لە بەشداریی وڵاتە یەکگرتوەکان لەو کێشەیەدا دەبینن، هەڵبەت بەشداریی ڕاستەوخۆ نا بەڵکو پشتگیریی لە هەڵمەتی ئیسڕائیل و هەوڵ بۆ پێشگرتن بە کێشەیەکی بەربەرینترە. پێتان وایە بگەنە خاڵێک کە ببێتە بەربەستێک بۆ هەوڵەکانی واشینگتۆن بۆ ئاسایشی ناوچەیی.
ژ. ڤ: بەڵی، من پێموایە. ئێستا ئێمە دوو پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگرمان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و پێموانییە بتوانین ئەو دۆخە تا ماوەیەکی نادیار درێژە پێ بدەین. ئێمە ئەرکی دیکەمان لە ناوچەی ئۆقیانووسی هیند و ئارام هەن. ئێمە پێویستە جێگۆڕکێ بەو شتانە بکەین و من لەو بڕوایە دام کە ئێمە دەبێ ئاستێکی بەردەوام لە بوونی هێزەکانمان لە ناوچەدا بدۆزینەوە کە هێندە بەرچاو بێ کە بتوانین هاوبەشەکانمان دڵنیا بکەینەوە و بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین. ئەوە شتێکە کە ئێمە خەریکی خەبات بۆ دەستنیشان کردنین. ئێمە هەموو کایەکەمان دیتووە، لە بوونی سەدان هەزار هێزی سەربازیی لە ناوچەدا تا ئەوەی پێش ئەو دواییانە کە نزیکەی ٢٠ تا ٣٠ هەزار کەسی لێبوون. ئێمە دەبێ ئاستی ڕێژەی بەردەوامی هێزەکانمان و توانایی سەربازیی پێویست لە ناوچەکەدا دیاری بکەین. من پێموایە ئەو بەرژەوندییەی لێرە هەمانە ئەرکداریی سامانی سەربازیی ئێمە دەخوازێ و مەبەستم ئەوەیە ئێمە هێشتا نیگەرانی ناسەقامگیریی لە ناوچەین.
ناسەقامگیریی ئێرە، لێرە نامێنێتەوە و کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانمان لە شوێنی دیکە دەبێ. ئێمە نیگەرانی تێرۆریزمین، ئێمە لەو دواییانەدا نموویەکی باشمان دیت. ئێمە نیگەرانی بەردەوامبوونی بازرگانیی و هەناردە کردنی سامانەکانی ناوچەین. ئەوە بەشێکی ژینەکی بەرژەوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکانە. ئێمە نیگەرانی ئامانجە بەدخوازانەکانی ئێرانین، بە تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاو بوونەوەی چەکی ناوکی و شتی ئەوتۆ. ئەوە شتێکە کە ئێمە دەمانهەوێ پێشی پێ بگرین. من پێموایە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە ناوچەدا لە بەرژەوەندیی ئێمە دایە. بۆیە پێموایە ئێمە بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان بۆ دەستنیشان کردنی. من لەو باوەڕە دام ئێمە هاوکات کە سەرنجی پێویست دەدەینە ناوچەی دیکە، دەتوانین ئەو کارە بکەین، وەکوو ناوچەی ئوقیانوسی هیند و ئارام. پێموابێ ئێمە هێندە دەوڵەمەندین کە بتوانین ئەو کارە بکەین.
دەبێ ئەو کارە بکەین و بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین، ئێمە دەبێ بیر لە درێژ مەودا بکەینەوە و بزانین کە ئەوەی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگوزەرێ، لەوێ نامێنێتەوە. ئەوە دەبێ بەشێک لە ستراتێژیی ئاسایشی نەتەوەیی بەربڵاوتر بێ کە نیگەرانییەکانمان لە شوێنی دیکەش دەگرێتەوە. لە زۆر بوارەوە ئەوانە تا ڕادەیەکی زۆر پێکەوە گرێدراون، بە هۆی نیگەرانییەکان لە بارەی کێبڕکێی زلهێزەکانەوە.
ع: دوایین پرسیار ژەنڕاڵ، لە سەرەتاکانی کێشەکە بیرۆکەیک هەبوو کە حەماس و داعش یەکن. ئەوە لە لایەن دەوڵەتی ئیسڕائیل بڵاو دەبۆوە. ئەوان یەکن؟
ژ. ڤ: من پێموا نییە ئەوان دەقاودەق یەک نین. بەشێک لە شێوازەکان و دڕندەییەکان و بەشێک لە تاکتیکەکان وەک یەک دەچن، هەر دوو بەسەر خاکەکەدا زاڵن و دانیشتواان کۆنتڕۆڵ و ناچار دەکەن، لەوانەدا هاوبەشن. هەردوو لا هاندەریان ئایدیۆلۆژییەکی ڤایرۆسییە کە لە سروشتدا گەلێک وێرانکەرە. پێموابێ لەو شتانەدا هاوبەشن. جیاوازییەکە بە بۆچوونی من لەوە دایە کە حەماس، بە باش یان خراپ، ڕەنگبێ زۆرتر بە خراپ وەک دەسەڵاتی غەززە بۆ ماوەی چەند ساڵ دانی پێدا نرابوو. کە وابوو ئەوان ویستێکی گەلێک بەرچاوتریان هەبوو کە خۆیان لەناو دانیشتووان و خاکەکەدا حەشار بدەن. ئەوە جیاوازییەکی فیزیکییە لە بەراورد لەگەڵ داعش. داعش دەستی بەسەر ڕووبەرێکی بەربەریندا گرت و خۆی لەناو خەڵک دا حەشار دا، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان وەکوو حەماس بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ نەکرد. لایەنێکی دووهەم ئەوەیە کە ئەو حەشیمەتەی حەماس دەسەڵاتی بەسەرەیانەوە ەبووە لە ئەو حەشیمەتەی داعش هەیبوو جیاوازە. حەشیمەتی ژێر دەسەڵاتی داعش بە زۆر ملکەچ کرابوون، ئەوان داعشیان بۆ هیچ جۆرە شێوازێکی ڕەوای دەسەڵاتداریی هەڵنەبژاردبوو. پێموابێ ئەوە جیاوازییەکەیە لە بەراورد لەگەڵ فەلەستینییان. هێندێک ئاژانسی مەدەنی لەناو حەماس دا هەبوون، ئەوان هێندێک خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرد و لایەنەکانی دەوڵەتیان تێدا بەدی دەکرا، ئەوە کەمێک جیاواز بوو و ئەوان دانپێدانانی جەماوەرییان هەبوو بەڵام لە ناو داعش ئەوە نەبوو. کە وابوو من هێندێک وێکچوون و جیاوازیی دەبینم بەڵام پێموایە جیاوازیی ڕاستەقینە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دایە. ئەو دۆخەی ئێستا ئیسڕائیلییەکان بەرەوڕووی بوونەوە گەلێک ئاڵۆزترە. لایەنە ئاڵۆزەکان زیاترن، ڕێژەیەکی زۆر بارمتە گیراون، لایەنێکی زەبەلاحی مرۆیی هەیە و ژینگەی زانیاریی کە ئێستا گەلێک چالاکە و زۆر شتی دیکەش هەن کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن. بۆیە پێموایە دۆخێکی گەلێک جیاوازە.
ع: حەماس لەو شوێنە سەری هەڵداوە.
ژ. ڤ: بەڵێ، دەقاودەق وایە. داعش تا ڕادەیەکی زۆر خەڵکی بیانی بوون کە لە شوێنی دیکەڕا هاتبوون و تێکەڵی ئەو ڕەوتە بوون. هێندێک خەڵکی ناوچە لەگەڵ بوون بەڵام زۆرینەی بەڕیوەبەرییەکەی و شەڕکەرەکانی بیانی بوون. ئەوان گیانی خۆیان دا و کاری دیکەیان کردن. زۆر سەیرە ئەوان چۆن هەوڵیان دەدا خۆیان بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەدا بسەپێنن.
ع: هەڵبەت لە ڕوانگەی لایەنی دادوەریی دوای شەڕ ئێوە هاوبەشێکتان بە ناوی هێزەکانی سووریەی دێموکڕات هەبوو.
ژ. ڤ: ڕاست دەکەی. ئەوەش جیاوازییەکی بەرچاوە. مەبەستم ئەوەیە. شێوەی شەڕی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ داعش، بەو شێوە بوو کە ئێمە ڕاوێژکار و یارمەتیدەری هەڵمەتەکە بووین. هێزەکانی ئاسایشی عێراقی لە عێراق و هێزەکانی سووریەی دێموکڕات لە سووریە، ئەو هێزانە بوون کە زۆربەی شەڕەکە و گیان بەخت کردنەکەیان کرد و ئێمە ڕێبەریی، توانایی تاقانە، زانیاریی هەواڵگریی و چەکوچۆڵ و هەموو شتی دیکەی پێویست بۆ ئەو کارەمان دابین دەکرد و من پێموایە کارێکی باشیان کرد. ئەوە هەڵمەتێکی جیاواز بوو بۆ ئێمە. ئیسڕائیل لەوەدا بە تەنیایە. ئەوان شەڕی خۆیان دەکەن و لە مەیداندا هیچ هاوبەشێکیان نییە کە ئامانجەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ناچارن بۆخۆیان ئەو کارە بکەن.
ع: گەلێک سوپاس بۆ بەشداریتان.