کۆچی دوایی خاتوونێکی تێکۆشەر و ماندوویینەناس خاتوو گوڵێ موئمنی ئەسڵ (گوڵێ دیواڵی)

کۆچی دوایی خاتوونێکی تێکۆشەر و ماندوویینەناس خاتوو گوڵێ موئمنی ئەسڵ (گوڵێ دیواڵی)

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە خاتوو گوڵێ موئمنی‌ئەسڵ هاوسەری تێکۆشەری دێرین و دیاری ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات نەمر مام حەسەن دیواڵی ڕۆژی ١٠ نوامبر بە هۆی نەخۆشی لە وڵاتی هولەند کۆچی دوایی کرد.

خاتوو گوڵێ موئمنی‌ئەسڵ ناسراو بە گوڵێ حەسەن دیواڵی کچی مام سمایلە دۆڵ خەڵکی گوندی ئاڵوەتان لە ناوچەی سەردەشت، پاش ماوەیەک ئازار و نەخۆشی و چەند نەشتەرگەری لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا لە وڵاتی هولەند کۆچی دوایی کرد.

خاتوو گوڵێ هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە لەگەڵ هاوسەری ژیانی مام حەسەن دیواڵی تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو قۆناخەکانی سەخت و دژواری شۆڕش دا لە ژێر هەموو هەڕەشە و گوشار و بۆمبارانی بەردەوامی فرۆکەکانی ئێراندا بە دڵەوە پێشمەرگایەتیان کرد و خزمەتێکی دیار و بەرچاویان بە شۆڕش و بە حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کرد.

خاتوو گوڵێ ژنێکی دەم بەخەندە و خۆشەویست و مێهرەبان بوو، ماڵی سادە و ساکار و قوڕینی پێشمەرگانەیان ببوو بە ماڵی هەموو لایەک و بە دڵەوە لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا خەباتیان دەکرد، شایانی باسە کە خاتوو گوڵێ ئەندامێکی چالاک و هەڵسووری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و بە خەمخۆرییەوە کار و ئەرکی حیزبی و ڕێکخراوەیی ڕادەپەراندن.

خوشکە گوڵێ لە جیرانەتی و هاوسێیەتی دا نموونەی کەم بوون، ژنێکی بە هەست و سۆز، قسەخۆش و دەم بە پێکەنین و لە هەمان کاتدا هێدی و هێمن و شەرم‌بەخۆ بوو، لە گەڕەک و کۆڵان دا، ئەو کاتانەی لە گەورەدێ و ئێندزێ و ئازادی بوو لە ژێر تووندترین بۆردومانی فرۆکە بۆمب هاوێژەکانی ڕژێمی جەهل و نەزانی ئێراندا ، دەر و دراوسێی خۆی لەبیر نەدەکردن و لە کاتی فەرعانی دا کچ و ژنانی گەڕەک لە بن سوانەی خانووە قوڕینەکانی پێشمەرگایەتی دا کۆدەبوونەوە و بە دانیشتنی ئێواران کۆڕی خوشکانەی خۆیان بە قسە خۆشەکانی خوشکە گوڵێ و دادە حەمیدەی کاک قەسیم و باجە عیسمەت هاوسەری نەمر کاک مستەفا حەکیم‌زادە و خوشکە هوما هاوسەری کاک حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور و چەند ژنی دیکە بە خۆشی تێپەڕ دەکرد و خەندە و قاقا و خۆشییەکانیان لە ئاسمانی گوند دا دەزرینگایەوە، یادی ئەو ڕۆژانە بەخێر و ڕووحی شەهیدان و کۆچکردووەکان و خوشکە گوڵێ شاد و یاد و ناویان لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

خوشکە گوڵێ ژنێکی ئاماڵ کز و باریک، ڕەش ئەسمەر و باڵابەرز بوو، وەک باڵەندەیەکی لانەواز لە فڕین دابوو، ژیانی تەرخانی پێڕاگەیشتن بە کوڕ و کچەکانی و مام حەسەن دیواڵی کرد بوو، وەک مەلێکی تینووی ئازادی، هەوڵی بۆ ئازادی دەدا لە کۆڕی خەبات و تێکۆشان دا لە ژنانی نێو شۆڕش نەک بەجێ نەمابوو، بەڵکوو بە دڵەوە وەک دەستە خوشکەکانی بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە کۆمەڵگا دا تێدەکۆشا، ژیانی خوشکە گوڵێ پڕ بوو لە نەهامەتی و لە تەنگ‌ و چەڵەمە، بەڵام هیچ کات لە ژیاندا نائومێد و بێ هیوا نەبوو، بەڵکوو هەمیشە ورە بەرز و پێشەنگی کارە هەرەوەزییەکان بوو، خاتوونێکی دڵفراوان و بە ئەمەگ و بەوەفا بوو، ژنێکی ڕاستگۆ و سادق و پاک و بێگەرد بوو.

خاتوو گوڵێ بە هۆی نەخۆشی و ناسازی و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان بەناچار لەگەڵ نەمر مام حەسەن و منداڵەکانی ڕێگەی هەندەرانیان گرتەبەر و پاش چەند ساڵ ژیان لە غوربەت و تاراوگەنشینی، بەداخەوە هەر بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و بە دونیایەک ئارەزووی وەدینەهاتووی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئەمڕۆ ١٥ ـ ١١ ـ ٢٠٢٣ تەرمی بێ‌گیانی خاتوو گوڵێ لە وڵاتی هولەند دوور لە زێدی لە دایکبوونی لە نێو ئاپۆڕای منداڵ و خزم و بەشێک لە ناسیاوانی دا بە خاکسپێردرا و بۆ هەمیشە بە جەستە لێمان دوور کەوتەوە.

بە بۆنەی کۆچی دوایی خوشکە گوڵێ موئمنی‌ئەسڵ ناسراو بە گوڵێ حەسەن دیواڵی، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە تاقانە کوڕەکەی و کچەکانی و گشت ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو خاتوونە شۆڕشگێرەی گەلەکەمان دەزانم، بە هیوای ئەوە منداڵەکانی تەمەن درێژ و ساخ و سەلامەت بن.

ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشت بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٥ ـ ١١ ـ ٢٠٢٣ی زائینی