خەڵاتێکی بەبایەخ بۆ ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. حەمەڕەسووڵ کەریمی

خەڵاتێکی بەبایەخ بۆ ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. حەمەڕەسووڵ کەریمی

پارلەمانی ئورووپا خەڵاتی «ساخارۆف»ی ساڵی ٢٠٢٣ ی زایینی بە ژینا ئەمینی و شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» بەخشی.
ژینا ئەمینی کیژە کوردی سەقزی لە وڵاتی ئێران ساڵێک بەر لە ئێستا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و دوای ئازار و ئەشکەنجە و سێ ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا، بە هۆی کاریگەریی برینەکانی لە ڕۆژی ٢٥ی خەرماناندا لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران شەهید بوو. شەهید بوونی ژینا بوو بە هۆی جووڵانەوەیەک لەژێر ناوی « ژن ژیان ئازادی» کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و دواتر هەموو ئێران و جیهانی گرتەوە و لەو پەیوەندییە دا بە سەدان و هەزاران کەس لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بریندار و زیندانی کران و سەدان کەسی دیکەش بە گوللەی ڕێژئمی ئێران گیانیان لە دەست دا.
ڕۆبرتا مەتسولا، بەرپرسی پارلمانی ئورووپا ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٧ی ڕەزبەر(١٩ی ئۆکتۆبر) لە ستراسبۆرگی فەرانسەوە سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا ئەمینی گووتی: “قەتڵی دڕندانەی ژینا ئەمینی خاڵی وەرچەرخان بوو” و دواتر گووتی ئێمە لە تەنیشت هەموو ئەو کەسانە دەبین و ڕادەوەستین کە بۆ «یەکسانی و ئازادی» لە ئێراندا خەبات دەکەن.
ڕۆبرتۆ ماتسولا گوتی: پارلمانی ئورووپا بە شانازییەوە لە تەنیشت خەڵکی دلێر و بوێری ئێران کە خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی دەکەن ڕادەوەستێ و هەربۆیەش ئەمڕۆ خەڵاتی ساخارۆف پێشکەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران دەکەین. لە درێژەی وتارەکەیدا گووتی کە «خەڵاتی ساخارۆفی ئەمساڵ بە نیشانەی ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی ژنان، پیاوان و گەنجانی ئێرانی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی» پێشکەش دەکەین.
دواتر بە ڕێزەوە گوتی کە خەڵاتی ئێمە بە هەموو ئەو کەسانە پێشکەشە کە باج و تێچووی گەورەیان بۆ ئازادی و یەکسانی دا، هەڵبژاردنی ژینا ئەمینی و خەباتکارانی ڕێگەی ئازادی بۆ وەر گرتنی خەڵاتی ساخارۆف لە لایەن پارلەمانی ئوروپا لە جێگەی خۆیدایە و ئەو خەڵاتە بە شایانی ئەو تێکۆشەرانە دەزانین و ڕێز لە خەباتیان دەگرین.
خەڵاتی دەربرینی بیروڕای ئازاد «ساخاروف»، بەرزترین خەڵات و نیشانەیە، کە لە ساڵی ١٩٨٨ی زائینی وەک ڕێز لێنان لە ئاندرە ساخارۆف، بیرمەند و لێزان و دژبەری شۆڕەوی پێشوو لە لایەن یەکیەتیی ئوروپاوە درووست بووە. ئەم بنیاتە بۆ ئەوەی وەک ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو کەس و ڕێکخراو و ئەنجوومەن و کۆمەڵانەی کە ژیانی خۆیان بۆ مافی مرۆڤ و دەربرینی بیرورای ئازاد تەرخان دەکەن کار دەکا.
خەڵاتی ساخارۆف لە ١٣ی دیسامبری ٢٠٢٣ لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرانسە پێشکەش بە ژینا ئەمینی دەکرێ و بۆ ئەم مەبەستەش دایک و باوکی ژینا و یا کەسێکی نزیک بە ژینا ئەمینی بانگهێشی ڕێورەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف دەکرێ.
بەرپرسی پارلمانی ئورووپا لە درێژەی وتارەکەیدا لە سێ وشەی «ژن، ژیان، ئازادی» دا گووتی کە ئێمە وەک بنەمای یەکیەتیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کە بۆ یەکسانی و کەرامەتی ئینسانی و ئازادی لە ئێراندا کار دەکەن دەڕوانینە ئەم سێ وشە پڕ مانایە.
ڕاگەیاندنی خەڵاتی «ساخارۆف »ی یەکیەتیی ئوروپا لە کاتێکدا پێشکەش بە ژینا ئەمینی کرا کە دوو حەوتوو پێشتریش خەڵاتی ئاشتی نۆبێل وەک چالاکی مافی مرۆڤ لە زیندان دا پێشکەش بە نەرگیس محەممەدی کرا.
شایانی باسە کە بۆ خەڵاتی «ساخارۆف »ی یەکیەتیی ئوروپای ئەمساڵ چەند بەربژێری دیکەش بە ناوەکانی ویلما نونیز سکورسیا و قەشەی کاتۆلیک ڕولاندو ئالوارز، وەک دوو سیمای دیاری بەرگری مافەکانی مرۆڤ لە نیکاراگۆئە و هەروەها سێ کەس لە ژنانی لەهستان، ئێلسالوادۆر و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە ڕێبەری خەبات بۆ «ئازادی لەبار بردنی منداڵ بۆ خۆرایی، تەندرووستی و ساخڵەمی و یاسا» بەشدار بوون و لە نێو ئەم چەند بەربژێرەدا یەکیەتیی ئوروپا خەڵاتی «ساخارۆف»ی پێشکەش بە ژینا و جووڵانەوەی نیوخۆی ئێران کرد.