کۆچی دوایی کاک خەلیل ڕەحمانی ناسراو بە خەلیلی قادری ساڵحە جووجکەی سەردەشت

کۆچی دوایی کاک خەلیل ڕەحمانی ناسراو بە خەلیلی قادری ساڵحە جووجکەی سەردەشت

ئەوانەی کە خەڵکی ناوچەی سەردەشت و قەڵادزێ و پشدەر و دەوربەری هەن دەزانن کە بنەماڵەی مام ساڵح ناسراو بە ساڵە جووجکە لە ناوچەدا لە بنەماڵە ناسراو و خۆشناو و دیارەکانی ناوچەن. مام ساڵح کەسێکی دیار و ساحەب مڵک و ماڵ و نێو بەدەرەوە بوو، لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا وێرای دەیان کەسایەتی ناوچەی سەردەشت بوونە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و تا دوایین ساتەکانی لە سەر پێ مانەوەی کۆماری کوردستان وەک پێشمەرگە خزمەتیان کرد و دواتر یەکێک لەو دەگمەنە پێشمەرگانە بوو کە ئامادە نەبوو مل بۆ زۆرداری شای ئێران نەوی بکا و پەڕیوەی قەڵادزێی باشووری کوردستان دەبێ.

مام ساڵح چوار ژنی هەبوون و لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ قەڵادزێ یەکێک لە ژنەکانی لەگەڵ خۆی دەبا و لە قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر دەمێنێتەوە ،شایانی باسە کە مام ساڵح بە گشتی پێنج کچ و چوار کوڕی لە سەردەشت و هەروەها پێنج کچ و سێ کوڕیشی لە قەڵادزێ هەبوون و خاوەن بنەماڵەیەکی پڕ حەشیمەت و گەورە و ناودار بوون، ژیانی مام ساڵح جووجکە لەم چەند دێرەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە بنەماڵەی ئێمە هەمیشە وەک خزمی هەرە نزیک هەم شانازیان بە مام ساڵح و هەمیش بە کچ و کوڕەکانیانەوە کردووە و جیا لە خزمایەتی و دراوسێیەتی جێگەی شانازی ئێمە بوون و لە زۆر شوێن بە گەورەیی و ناوبەدەرەوە بوونی مام ساڵح توانیوومانە لە تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای ژیان بە هاوکاری خەڵک دەرباز ببین.

کاک خەلیل ڕەحمانی نەوەی مام ساڵە جووجکە کوڕی خوالێخۆشبوو کاک قادری ساڵحە جووجکەی و دایە هاجەر کچی مام سوارەی ئەڵڵاخانی بوو، کاک قادر وەک مام ساڵح کەسێکی بەناوبانگ و دەست ڕۆیشتوو و ساحەب قسە و دەستگرەوە بوو، بەداخەوە هەر بە گەنجی کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی دوو کوڕ بە ناوەکانی خەلیل و یوسف و سێ کچ بە ناوەکانی نازێ، جەمیلە و سوڕەیای لە پاش بەجێ ماون.

خەلیل ڕەحمانی وەک زۆربەی منداڵانی سەردەمی خۆی وەبەر خوێندن نرا بوو و توانیبووی تا دیپلۆم بخوێنێ و لە تەنیشت بنەماڵەکەی ژیان تێپەڕ بکات، بە هۆی خزمایەتی و دراوسێیەتی زۆربەی کاتەکان لە کۆڵانی ئاسنگەران و کۆڵانی داڕبەڕوو بە یەکەوە بووین و منداڵانی گەڕەک کچ و کوڕ لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا لە دەوری یەک کۆدەبووینەوە و بە تایبەت دوای نان خواردنی شەو گەڕەک جمەی دەهات و لەو دا کاک خەلیل و چەند کەسی دیکە تا درەنگانێک لە شەو بە قسەی خۆش و گێرانەوەی بیرەوەرییەکانیان کۆڕی ئێمەی لە خۆیان کەم تەمەن‌تر گەرم دەکرد.

کاک خەلیل کەسێکی دڵفروان و خۆشەویست بوو، مرۆڤێکی دەم بە خەندە، بە هیوا و ئومێد و هێمن و هێدی بوو. زۆربەی کاتەکان بە مژلێدان لە جگەرە و بە قەدەم لێدان لە پارک و شەقامی شار دا وەک مرۆڤێکی سادە و ساکار هەڵسوکەوتی دەکرد و بە بزە و خەندە و قسە خۆشەکانی دڵی دەیان ڕێبواری ناسراو و نەناسیاوی خۆش دەکرد و هیچ کات نەبوو بە هۆی ئەوە کە دڵی خەڵک لە خۆی بڕەنجێنێ و یا بێتە هۆی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێو کۆمەڵگادا.

دوای هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئیسلامی ئێران کاک خەلیل وەک زۆربەی گەنجەکان هەستی کورد بوون و نیشتمانپەروەری لە وجوودی دا چەقەرەی کردەوە، چوونکە ئەو پێشینەی باپیری و بابی و خزمانی لە ئاست شۆڕش و شۆڕشگێری دەزانێ، هیچ کات نەبوو بە بەشێک لە ڕژێمی ئێران و بە هۆی ئیرادەی پتەوی خۆی بوو بە یەکێک لە لایەنگر و دڵسۆزانی گەلەکەی و دواتر لە ساڵانی دەیەی شەست و حەفتا لە کەسە دیارەکانی نێو بازنەی کاروباری حیزبی دێموکرات بوو، لە ڕێگەی چەند هاورێی دیکەوە وەک هاوکار و دڵسۆز و دواتر ئەندامی حیزبی دێموکرات لە نێو شاری سەردەشت و دەوروبەری بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خزمەتی دەکرد و مرۆڤێکی جێی باوەڕ و متمانەی گشت لایەک و بە تایبەت کادرەکان بوو و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بوو. بە هۆی ئەوە شەهید مەولان سوارە خاڵی بوو، زۆرجار لە هاتووچۆی لای پێشمەرگە دابوو، دواتریش بە هۆی ئەوە کاک یوسف ڕەحمانی وەک پێشمەرگە و ئەندامی حیزب و وەک زیندانی سیاسی بە دژی ڕژێمی ئێران ناو و ناوبانگی خۆی دەرکرد بوو، ئەوە کاک خەلیل وەک پشتیوانێکی باشی کاک یوسف و بنەماڵەکەیان هەم جێگەی کاک یوسفی پڕ کردەوە و هەمیش وەک دڵسۆزێک بە نیشتمان تا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار و ئەمەگناسانە بە بێ ئەوەی چاو لە دەستی ڕژێمی ئێران بێ ئەوە بە ژیانێکی سادە و ساکار لە تەنیشت دایە هاجەر مایەوە.

کاک خەلیل ماوەی چەند ساڵێک بوو تووشی ناسازی و نەخۆشی ببوو، لە ڕێگەی کاک یوسف و دایکی چەند جارێک توانیبووم قسەی لەگەڵ بکەم، لە ژیانی خۆی نارازی نەبوو و تەنیا باسی لە گرفتەکانی سەر ڕێگای هەزاران کەسی وەک خۆی دەکرد کە ڕژێم بە ئانقەست و بۆ تۆڵەکردنەوە کاری ئیداری پێ نەدابوون و وەک دەڵێن لە قەرەنتینەیان خستبوون.

کاک خەلیل وەک خۆی هیچ کات زەرەری بۆ هیچ کەس و بۆ کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و شاری سەردەشت نەبوو، ئەگەر زەرەرێکی هەبووبێ ئەوە تەنیا زەرەری بۆ خۆی هەبوو، بەداخەوە کاک خەلیل وەک هەزاران لاوی دیکەی کوردستان بە ئاواتی سەرکەوتن و ئازادی کوردستان و گەڕانەوە و دیتنەوەی کەسە خۆشەویستەکانی و بە تایبەت براکەی سەری نایەوە و بۆ هەمیشە چاوە گەشەکانی لە سەر یەک دانان و ماڵئاوایی لێکردین.

كۆچی دوایی كاک خەلیل ڕەحمانی بۆ هەموو ئەوانەی كە لە نزیكەوە دەمانناسی مایەی پەژارە و خەمە و هیوادارم كە كەس و كار و خزمان و دۆستان و ئاشنایانیان ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بن.

بە بۆنەی كۆچی دوایی كاک خەلیل ڕەحمانی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە كاک یوسف ڕەحمانی لە ئامۆژنە هاجەر و خوشكانی ئازیزم دادە نازێ و جەمیلە خان و خاتوو سورەیا و گشت ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزی ڕەحمانی و مام ساڵح جووجکە لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریكی خەمی گشت لایەك دەزانم.

یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٨ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٣ی زائینی