زوڕنا ژەنانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران. حەمەڕەسووڵ کەریمی

زوڕنا ژەنانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران. حەمەڕەسووڵ کەریمی
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دا شۆڕشی ژینا و دەنگ و هاواری ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان و کوڕ و کچ و گەنجانی چاونەترسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە سەر شەقام و کۆڵانەکانی گوند و شار و باژێرەکانی کوردستان و ئێران نەترەی ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێرانی بردووە و هاوکات بەردەوامی ئەم شۆڕشە بۆتە مەترسی گەورە بۆ سەر ڕژێم و حکوومەتی نگریسی ئاخوندی.

ڕژێمی ئێران بۆ بەلاڕێ دابردنی ئەم شۆڕشە هەموو هێز و گوڕ و تینی خۆی خستۆتە سەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هەڕەشە و بە ئۆلتیمات دان و سات و سەودا دەیهەوێ لە گەورەیی ئەم شۆڕشە و ئوپۆزسیۆنی دژبەری خۆی کەم کاتەوە و هاوکات بۆ ئەم مەبەستەش ماوە و مەودای دیاری کردووە بۆ چەک داماڵین لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ، نیشتەجێ لە باشووری کوردستان.

ئەوەی ڕژێمی ئێران دەیهەوێ چ بکا و چۆن ئەم شۆڕشە سەرکوت بکا و لە دونیای دەرەوە و دەوروبەری دا چۆن هەروا کەڵەوەکێشی بکا، پرسێکی گرینگە کە ساڵانێکی دوور و درێژە ڕژێمی تیرۆریستپەروەری ئێران خەونی پێوە دەبینێ، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە بەشێک لەو بەناو مێدیاکارانەی باشووری کوردستان بوونە بڵاوکەرەوەی بیری چەوتی خەونەکانی ڕژێمی ئێران و بە بەشداری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە بوونە بەشێک لە پڕوپاگەندەی ئەو ڕژێمە.

ماوەی چەند ڕۆژ و حەوتوویەکە کە بەشێک و یا هەندێک لە بەناو مێدیاکانی باشوور کەوتوونە کێ‌بەرکێ و چەند گرتە فیلمێک کە هیچ بنەما و ئەساس و ڕاستییەکیان لە پشت نییە و لە سەر ئەساسی درۆ ساز کراون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە و سوشیاڵ مێدیایان پڕ کردووە و ڕۆژژمێری دەکەن بۆ ئەوەی کە چەند گرتەیەک لە مووشەکباران و بۆمبارانی بنەماڵە ڕۆژهەڵاتییەکان بە کامێرای خۆیان تۆمار بکەن و بیکەن بە مێژووی پڕ لە هەڵەی مێدیاکاری خۆیان. بێ‌شک ئەوەی کە ئێستا ئەو بەناو مێدیاکارانە دەیکەن، درێژەی شەڕێکی ڕەوانییە کە بە گشتی ڕژێمی ئێران بۆ بەلاڕێ دابردنی شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) گرتوویەتییە بەر.

بەشێک لەو بەناو مێدیا و مێداکارانە، ئەوەندە بێ پرنسیپ و ناشارەزان کە تەنانەت ئەوەندەیان زەحمەت بە خۆیان نەداوە کە ناوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش فێر ببن، بەڵکوو تەنیا بوونە سەکۆ و بەرزەوێژ و بڵیندگۆی ئەو ڕژێمە و وێرای هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران ئەوانیش قسە و هەڕەشەکانی ئەو ڕژێمە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەڵێنەوە و کەش و هەوایێکی نائەمن و نائارامیان لە نێو سوشیاڵ مێدیا دا بۆ خەڵکی دڵ پڕ لە ئەوینی ئازادی درووست کردووە کە جیا لە ڕژێمی دیکتاتۆر و خوێنرێژی ئێران و جاش و سیخور و بەکرێگیراونی ئێرانی کەس خێری لێ ناکا و کەسیش کڕیاری نییە.

لە ئاکام دا ئەوەی بۆ ئێمە ڕۆژهەڵاتییەکان و ئەندامانی حیزبەکان گرینگە خۆپاراستن و خۆ ئامادەکردنە بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشی ڕژێمی ئێران بۆ سەر کەمپ و شوێنی ژیانی بنەماڵەکانە.

ئەرکە لە سەر شانمان بە هیچ شێوەیەک نەهێڵین کە بەشێک لەو کاناڵە سیغەکراوانەی نێو بازنەی هەرێمی کوردستان لێیان نزیک ببنەوە، چوونکە جیا لە پرسیاری نالۆژیک و نەهێنی بردنەدەر هیچ خێر و بێرێکیان بۆ ئەهوەن کردنەوەی ئەم دۆخە نییە و بەڵکوو ڕاستەوخۆ زانیاری بە ڕژێمی ئێران دەبەخشن.

مێدیاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵ بدەن کە بە ئاشکرا باسەکانی خۆیان لە ئاست ئەم هێرش و چەواشەکارییە بگەیێنە گوێی خەڵکی کوردستان و چیدی ڕێگە بە هەندێک مێدیای زوڕناژەنی سەر بە ڕژێمی ئێران نەدەن کە بۆ خۆش خزمەتی خۆیان لە ژێر ناوی مێدیاکار لێیان نزیک دەبنەوە.

با هەموومان خۆمان بۆ ٢٥ی خەرمانان و ڕۆژەکانی دوای خەرمانان ئامادە بکەین و هەوڵ بدەین کە لە ئێستاوە ببینە دەنگ و ڕەنگی نێوخۆی ڕۆژهەڵات و لە هەموو کاناڵ و ڕێگایەکەوە پاڵپشت و هاریکاری خەڵکەکەمان بین.

یەکریزی و یەکگرتوویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پشتیوانیان لە خەڵکی کوردستان دەبێتە هەوێنی یەکریزی نێوخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵ بدەین کە هێز و لایەنە ئێرانییەکان و ئەوانەی کە ئیمانیان بە مەسەلەی نەتەوەکان و چەمکی فیدراڵی هەیە لە دەوری بازنەیەک کۆبکەینەو و کۆدەنگی نێوان خۆمان و نەتەوەکانی دیکە بکەینە بەردی بناغەی تێکۆشان و تێکەوەپێچانی ئەو ڕژێمە.

ڕەوەندی کوردی و دیاسپۆرای کورد و بە گشتی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکان و کەسایەتییەکانی نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات یەکدەنگ و یەکڕەنگ هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئێعدام و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بگەیێننە شوێنە پەیوەندیدارەکان و بە هاتنە سەر شەقام پشتیوانی خۆمان لەم شۆڕشە زیاتر و پتر بکەین.

بە دڵنیایەوە ئەم قۆناخەش وەک هەموو قۆناخەکانی ساڵانی رابردوو بە سەربەرزی تێپەڕ دەکەین و نە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران دەتوانێ شۆڕشی ڕزگاریخوازی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کپ بکا، نە بەشێک لەو زوڕناژەنانەی بەناو مێدیاکار دەتوانن ئامانجی خۆیان بپێکێن.

لە ئاکامدا ڕووڕەشی بۆ ڕژێمی ئێران و جاش و سیخور و بەکرێگیراوان دەمێنێتەوە.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٣ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٣ی زائینی