بۆ کاک د. کامەران مەنتک، کەوشە کۆنەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو پیرۆزییەکانی دوژمنان پیرۆزترن.

بۆ کاک د. کامەران مەنتک ، کەوشە کۆنەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو پیرۆزییەکانی دوژمنان پیرۆزترن.
ڕەشنووسەکەت نیشانەی تێگەیشتنێکی چەوت و پڕ لە هەڵە و بێ زانیاریە و خۆزگە هەندێک کتێبی باشت لە سەر شۆڕش و شۆڕشگێرانی کورد خوێندبایەوە ، چوونکە بۆ بەناو دوکتۆرایەکەت بە کەڵک دەهات.
بێ حورمەتی بە کۆماری کوردستان، بێ حورمەتی بە کەرامەتی هێزی پێشمەرگە و پێ هەڵاگوتنت بە حیزبوڵلا و درووستکەرانی حیزبووڵلا نیشانەی بێ ئاگاییە لە مێژووی کوردستان.
ئێستا کارم بەوە نییە جەنابت لە حیزبەکانی باشوور نارازی و لە سۆنگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەتهەوێ هەندێک ئیمتیاز و پۆیینگ لە دەر و دراوسێیان وەر بگرێ و هاوکاتیش هەندێک نەقورچ لە حکوومەتی هەرێم و لە حیزبەکانی باشوور بگری، بەڵام پڕوپاگەندە کردنەکەت دەچێتە خانەی بێ ئینسافی و دەچێتە خانەی خۆش خزمەتی کردن بە دوژمنی سەرەکی کورد کە رژێمی ئێرانە.
لەبیرت بێ کە کۆماری کوردستان ئەو کۆمارەی کە جەنابت پێت وایە زۆرمان گەورە کردۆتەوە، ریشەی لە نێو دڵ و دەروونی هەموو کوردێکی بە ئینساف دا داکوتاوە و بۆتە چرای ڕووناکی دەری کوردستان و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری وەک دار بەڕووەکانی کوردستان لە نێو هەر چوار پارچەی کوردستان دا داکوتاوە.
هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان دا بۆ پاراستنی سەروەری هەرێمی کوردستان تێچوویان بە خوێنی خۆیان داوە و ئەوەش بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان داناوە.
کاکی بەناو دوکتۆرا!
لە لایەکی دیکەوە ئەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و هەستی یارمەتی و هاریکاری بێ لەبەرامبەر کورادنی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان دا لە جەنابت نەک نابیندرێ بەڵکوو چەند فەردە ئارد و ئازووقەیەک کە بۆ هەموو پەنابەرێک لە کوردستان دا دیاری کراوە پێیان ڕەوا نابینی و دەتهەوێ لێیان بکەی بە تاعوون.
ڕۆژهەڵاتییەکان لە هەموو قۆناخێک دا و هەنووکەش لە سەر شەقامن بۆ یارمەتی دان بە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە لە کۆماری کوردستان فێری خاک و نەتەوەپەرەستی بوون.
ئێستا گرینگ نییە ڕژێمی نگریسی ئاخوندی کە جەنابت بۆی بووی بە وەکیل و مەعامی، چۆن لە چ ڕێگایەکەوە هەڕەشە دەکا و کەی هێرش دەکا، گرینگ ئەوەیە کە شەقامەکانی کوردستان بە دەنگی دلێری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاواری “بژی حیزبی دێموکرات” و “قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە” گوێی رژێمی کەڕ کردووە و ترسی ئەو درووشمانە و پشتیوانیان لە کاتی مووشەک بارانی قەڵا دا کە تێکرای خەڵکی کوردستان هاواریان دەکرد “هەموو خاكی ڕۆژهەڵات بۆتە قەڵای دێموکرات” نیشان دەدا کە ئەو حیزبە و حیزبەکانی دیکە ریشەیان لە نێوخۆی وڵاتدا چەندە ڕۆچووە و بە هیچ تۆفان و گژەبایەک داری ئەم حیزبانە ریشەکیش نابن.
قۆناخی ئێستاش تەواو دەبێ و ئەوجار بۆت دەر دەکەوێ ئەوانەی خەبات بۆ ڕزگاری کوردستان دەکەن نایانهەوێ پاداش وەر بگرن بەڵکوو دەیانهەوێ پاداش و مزگێنی ڕزگاری بدەن بە هاونیشتمانییەکانیان.
ئەوەش با زیاد بکەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو چاکە و خەراپەکانییەوە ، لە دەر و دراوسێکانت و لە ئێرانێک کە حیزبووڵلای بۆ درووست کردووی باشترە و کەوشە کۆنەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو پیرۆزییەکانی دوژمنان پیرۆزترن.
ئەم گرتە ویدیۆیەش بۆ وەبیرهێنانەوە شۆڕشی ژینا بۆ ئەوەی جەنابت لەم شۆڕشە فێر بی کە مێژوو بخوێنیەوە بۆ ئەوەی ئەو قوتابییە ماڵوێرانانەی کە دێنە بەر دەستت مێژوویان بە چەواشە پێ نەڵێی.
زۆر باش دەبێ گەڕانێک لە سەر شۆڕشی ژینا بە ماڵپەرە جۆرواجۆرەکانیش دا بکەی با زیاتر لە باوکی شەهید کۆمار و محەممەد حەسەن‌زادە و براکانی هێمن هەمزەی شت فێر ببی چوونکە ئەوە ئەوانن بوونە پێشەنگ و مێژوو دەڵێنەوە.
حەمەڕەسووڵ کەریمی

لینکی بابه‌ته‌که‌ی د. کامه‌ران مه‌نتک