دڵنووسە پەخشانێکی ڕۆڵەیەکی ڕۆژھەڵاتی بۆ ئیمپڕاتۆڕی شێعری کوردی.ئەحمەد ڕەحمانی

دڵنووسە پەخشانێکی ڕۆڵەیەکی ڕۆژھەڵاتی بۆ ئیمپڕاتۆڕی شێعری کوردی
ڕابە لە شیرین خەو شێرکۆی مەزن
چامەیەک بنووسە ناوی بنێ بێکەسەکانی ڕۆژھەڵات
بیرتە کاتێ پێغەمبەری ئاشتی کورد شەھید بوو وشەکانت ڕەشپۆش بوون بۆ قاسملوو، دەیان شا ھۆنراوەت بە فرمێسک دەنەخشاند، دەتدا لە بەرۆکی بەرزە کەژی ڕۆژھەڵاتی لە خەما خەملیو بۆ شەھید بوونی قاسملوو، ڕۆندکی گەرمت ھەڵدەورانت دەکرد بە دێڕە ھۆنراواوەو بە گریانەوە بە ھەورازە ڕێی قەندیل دا ھەڵدەزنایت.
چامەیەک بنووسە ناوی بنێ بێکەسەکانی ڕۆژھەڵات
لە داوێنی گردی سەیوانەوە، لە کانی ئاسکانی سلێمانیەوە دەستەمۆ وشەکانی کەویە ھۆنراوەکانت بھۆنەوە لە دارلمولکی بابانەوە بیانکە بە ھەورە شێعرێ بەرەو گۆێژەو ئەزمەڕ بەدەم شنەی بێکەس بوونەوە لە باڵای بەرزە چیای ژیلوانی دۆڵی جافەتی لەو شوێنەی لێیدەباری مێرایەتی کوردی ڕۆژھەڵاتی، بیانکە بە گرمە شێعری بەھاری و بە سەر خاک و خۆڵی دا ببارێنە بێژە ئا لێرەدا بوو عەگید بوونی قاسملووم ناسی، لە نێو پێشمەرگەکانی ڕۆژھەڵاتدا جل و بەرگێکم پۆشی کە قاسملوو دەیپۆشی.
چامەیەک بنووسە ناوی بنێ بێکەسەکانی ڕۆژھەڵات
بیرتە کاتێ شەھید بوو قاسملوو چەپک چەپک ھۆنراوەت دەھۆنیەوە لە نێو زاری ئەژدیھاکی دوو سەری پیرە کەمتیاری جەماراندا ھەزاران بگرە ملیۆنان کوردی ڕۆژھەڵات ئەوانەی کانیاوی فرمێسکیان بۆ قاسملوو دەبوونە دەریای ورەی پشتیوانی، چۆن خۆیان بە قوربان دەکردی کە وشەکانت بە باڵای قاسملووی شەھید دەبڕی.
چامەیەک بنووسە ناوی بنێ بێکەسەکانی ڕۆژھەڵات
بیدە بە دەم ڕەشەبای سلێمانی و مەملەکەتی بابانەوە، بێنێرە بۆ دەڤەری خانزادی سۆران و میری ڕەواندزو شۆڕە سوارانی باڵەکیان و مەملەکەتی بێتاوانە ئەنفالیەکانەوە، بێژە گەلۆ ھەستن ڕابن خەریکە بە ڕۆژی ڕووناک برا ڕۆژھەڵاتیە بێکەسە ئاوارەکانمان ھەڕەشەی مەرگ خەریکە وا لە ناویان ببات.
چامەیەک بنووسە ناوی بنێ بێکەسەکانی ڕۆژھەڵات
بە کۆترێکی ئاشتیا بینێرە بۆ ھەڵەبجە شەھیدە بێتاوانە خینکاوە شیمیابارانەکە و دەستە خوشکە شەھید بووەکەی سەردەشتی ڕۆژھەڵات، بە فرمێسکەوە بێژە ھەڵەبجە شەھیدەکەم، شارە خینکاوە بێتاوانەکەم بیرتە شەھامەتی قاسملووی کورد لە زاری ئەژدیھاکی بەعسا چۆن باسی لە بێتاوانی تۆی شەھید دەکرد، قامکی بێتاوانبوونی تۆی شەھید لە چاوی عەلی کیمیایی خوێنڕێژا دەکرد.
چامەیەک بنووسە ناوی بنێ بێکەسەکانی ڕۆژھەڵات
بە بای شەماڵا، بە تەتەرێکی پێشمەرگەی دەشتی گەرمیانا بینێرە بۆ داوێنی بابەگوڕگوڕ بیدەن بە دەستی مامە ڕیشە، ھەڵۆ چنگ پڕ لە گڕەکەی گەرمیان، بۆی بنووسە بێژە لە دیوی کوێستانێ چاوەڕوانتن ھێزی پشتیوان، زوو بگە بە فریایان، دەست لە ناو دەست ئەمڕۆ ڕۆژی ھیممەتە قاسپەی چەکی پێشمەرگانەتان بێ ڕوو بە سینگی داگیرکەرانی کوردستان.
ئێمپڕاتۆری شێعری کوردی خۆت دەزانی پێشمەرگە لە مەرگ ناترسێ، دەزانێ جارێ لە دایک دەبێ و جارێ دەمرێ، جا لەوە شانازیترە لە پێناو نیشتمانا مێرانە شەھید ببنێ، ببێتە میداڵی شانازی و لە بەرۆکی خاک و زێدی بدرێ. بەڵام چەندە ناخۆشە لە ناو خاکی خۆتا ئەو شوێنەی تیغی تیژی پەیمانی لۆزان دڵی پێکا، کردی بە چوار دەستەبرای لێکدابڕاو کوردی ڕۆژھەڵات ئێستا لە ئامێزی شێعری تۆدا ھەست بە بێکەسی و پشتیوانێ نەکا.
ئەحمەد ڕەحمانی