لە گوڵزاری سەقزەوە بۆ پێتەختی گەجەر و گوجەر! برایم فەڕشی

لە گوڵزاری سەقزەوە بۆ پێتەختی گەجەر و گوجەر! برایم فەڕشی

I

ژینا

پێتوابوو بۆ کوێ دەچی

پێتەختی شارستانیەت

مەکۆی سەدە و هەزارەکان!

پێتوابوو ڕووبەڕوی چی دەبێ

باوەشی گەرم و بەرەو پیرهاتن!

پێتوابوو لە پشووی هاوین

بە قاقا و پێکەنین

شار لە ئامیزت دەگرێ

پێتوابوو پڕ لە دەستکەوت

دەگەڕایێەوە زانکۆ و

ژیانی نوێ دەستپێدەکەی!

II

لێرە لە سەر هەر کۆڵان

پشت دار و دیوار

لە هەر شەقام و قوژبن

جەلادێک

دژە ژنێک

دژە مرۆڤێکی ئازاد

خۆی حەشار داوە!

ئەوان

غەریبگەز و ئەویتر کوژن!

III

لێرەوە

فەرمانی کوشتنی

سمکۆ و قازی

قڕکردنی کورد

بە ناو شا و خودا

دەرکرا!

لێرەوە

فەرمانی تۆپبارانی

شارەکەت

مپر کرا!

لێرەوە جەلاد

بۆ کوشتنی

ژنانی

وڵاتی داگیرکراوت

منداڵی شارەکەت

نێردرا

لێرەوە بکوژ

بۆ سەقز و سنە و سابڵاخ

پاوە و کرماشان

بۆ هەڵواسینی

دەستە دەستە

ڕەوانە کران!

لێرەوە بە فەرمان

مەلای سەربڕ

بۆ قاڕنا و قەڵاتان

حوسێن مامە

ناردرا!

IV

تۆ دەزانی

لە قەڵای دمدم

بنەچەکی داعشی ئەوانە

بوونە هۆی خۆهەڵداشتنی

کچانی وەک تۆ!

تۆ دەزانی

لە ڕووناکی ڕۆژدا

باپیرانیان

سەری موغانی ئێمەیان

ژێ کرد و تاریکی شەو

پێشی بە کۆمەڵکوژیان گرت!

V

ژینا

تۆ لەم ساڵ و سەدە و هەزارانە

لە دایک نەبووبووی

مێژووی پڕ لە هەڵە و کارەسات

لە خۆی نەگرتبووی!

VI

ئەوان پێیانوابوو

تۆش چاوبەستراو و دەستەمۆی

نەیاندەزانی تۆ لە سۆلانەی کچانی کۆبانی

دەستەخوشکی قەدەم‌خێر

خوشکە لەیلا، شیرین و ئەوانی

نەیاندەزانی

تۆ دەبییە پێشرەوی

کچان و کوڕان

دەبییە

هێمای ژنانی جیهان!

VII

عەرابەی شا و خەلیفەیان

فرەجار

لە قوڕ چەقیوە

سەرشۆڕ گەراونەتەوە

دەشتی شۆڕەکاتی کەویر

ئەمجارە

بوونە سەرشۆڕی

دەستی تۆ

داشقەی شکاوی شکۆیان

هەڵناستێتەوە!

تۆی ڕەچەشکێن

جیلی هوشیار

ڕێگاتان

لە کورتی

نابڕێتەوە!

VIII

ژینا

“تۆ بەهاری، تۆ ڕووباری

تۆ چریکەی شۆڕەسواری

تۆ هەوارگەی پیر و جوانی

تۆ وشەی دارێژراوی ژیانی

تۆ کوردستانی!”

برایم فەڕشی، وەفا (عومەر سوڵتانی)

٢٤ـ-٠٨-٢٠٢٣

کۆپلەی “تۆ بەهاری …” شێعری زیندەیاد

وەفا (عومەر سوڵتانی)یە