دیمانەیەکی کورت لەگەڵ هاورێ کاک ئاوات ئیبراهیمی لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا دا

دیمانەیەکی کورت لەگەڵ هاورێ کاک ئاوات ئیبراهیمی لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا دا

وەک ئاگاداری ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهید بوونی ژینا ئەمینی و هەروەها شۆڕشی ژینایە و جەنابیشت وەک یەکێک لە هەڵسووراوانی چالاکی سیاسی لەم گۆڕەپانە جیا لە بەشداریت ئەرکت خستۆتە سەر شانی خۆت.

پرسیار: مەبەست لە بەشداری جەنابت لەم خۆپێشاندانە دا چییە و ئەگەر دەکرێ کورت بیروبۆچوونی خۆتمان لە توێی چەند وتەیەک دا بۆ باس بکەی؟

وەڵام: ئێمە وەک خۆمان بە مەبەستی بەشداری لە یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە شەهیدانی سێ کارەساتی گەورە لە مانگی سپتامبردا واتە تیرۆری میکۆنووس ( شەهید دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی)، مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ٨ی سپتامبری ٢٠١٨ی زائینی و هەروەها ساڵوەگەڕی شۆڕشی “ژینا دا لێرە کۆبووینەوە و دەمانهەوێ وێرای پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا هاوکات ببینە دەنگی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

ساڵێک لەمەوبەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە شەهیدکرانی ژینای کوردان، ئاگری ڕق و قینی گەلانی ئێرانی بەگشتی و کوردستانی بەتایبەتی بە دژی داگیرکەرانی نیزامی ئاخوندی هەڵگیرساند، شۆرشێک کە تا ئێستاش بەردەوامە و تا کۆتایی هاتنی سەرەڕەۆیی نیزامی ئاخوندیش هەر بەردەوام دەبێ و درەنگ یا زوو ئەم شۆڕشە دەبێ بە ئاکام بگات.

ئێمە وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی ئەو شۆڕشە سەرتاسەریە و وەک هێزێکی لەبڕان نەهاتوو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە بە ڕێکخستنی کەرنەڤال و بەشداری لە میتینگ و کۆڕو کۆبوونەوەی بەربەرین و بڵاو، دەنگی خۆمان بە گوێی کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکان بگەیەنین تا بتوانین پشتیوانی خۆمان و سەرنجی نەتەوە جیاوازەکان بۆ ڕەوایی دان بەو شۆڕشە سەرتاسەریە ڕابکێشین و هەروەها وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە وەک ئەرکێکی نیشتمانی پاڵپشتی ئەم شۆڕشە دەکەم و دەنگی خۆم تێکەڵ بە دەنگی ئازادیخوازان و بە تایبەت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەم.

ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین تا سەرخستنی خواست و ویستی گەل لە کوردستان، بەدژی نیزامی ئاخوندی و سیاسەتە چەوتەکانی بوەستینەوە و بە گەلی خۆڕاگری خۆمان بڵێن کە ئێمەش دەست لەدەستی ئێوەدا لە سەنگەری ئازادیخوازی و بەرگری دا دەمێنینەوە.

ئێمە درێژەدەر و هاوخەمی بنەماڵەی شەهیدانی ئەو شۆڕشە نەپساوەیەی کوردستان دەبین و تا وەدیهاتنی ئاواتی ئەوان و سەرکەوتنی یەکجاری هاوبیر و هاوهەنگاوی گەل و ڕۆڵە خۆبەخشەکانی دەبین.

لە هەمان کاتدا دەنگی ڕاستەقینەی ئەو بەندکراو و گیراوانە دەبین کە بۆ کپ کردنی دەنگی شۆڕش خراونە بەندیخانەکانی ڕژیمی ئاخوندی و لەژێر دڕاندانەترین ئەشکەنجەی جەللادانی ئاخوندی خۆڕاگرانە بوونە ورەی شۆڕش و بە خۆڕاگری سیاسەت و هەنگاوەکانی دوژمنیان خستە ژێر پێی پۆڵاینی خۆیان.

بژی ئازادی سەرکەوێ شۆڕشی ژینا ( شۆڕشی ژن ژیان ئازادی)