کۆچی دوایی دایە زوولفا دایکی کادری تێکۆشەری حیزب کاک عەلی درەختی

کۆچی دوایی دایە زوولفا دایکی کادری تێکۆشەری حیزب کاک عەلی درەختی
ڕێکەوتی ٢٩ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٣ بەداخەوە دایە زوولفا ڕەسووڵی سالارە هاوسەری نەمر کاک حاجی محەممەدی مام‌کاوێ و دایکی تێکۆشەری دیار و دێرینی ریزەکانی حدکا، کاک عەلی درەختی ( عەلی حاجی ) کۆچی دوایی کرد.
دایە زوولفای خۆشەویستیش وەک زۆربەی دایکانی کوردستان و بە تایبەت ئەو دایکانەی کە جگەرگۆشەکانیان ڕێگەی خەبات و تێکۆشان و پێشمەرگایەتیان گرتۆتە بەر هیچ کات حەسانەوە و ئارامی و خۆشی بە خۆیەوە نەدیت و هەمیشە چاوەروان بوو کە ڕۆژێک کوڕی پێشمەرگەی کاک عەلی بە سەربەرزی بگەرێتەوە نێو ئامیزی بنەماڵەکەیان و بەداخەوە هەر بەم ئاواتەوە سەری نایەوە و خەمی خستە دڵی هەموو لایەکمان.
دایە زوولفا ژنێکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویست و جیی متمانەی گشت لایەک بوو، ژیانی لێوڕێژ لە وەفاداری و ئەمەگداری بوو، دایە زوولفا بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و بە هۆی هەڵکەوتەی شوێنی ژیانیان هەمیشە شۆڕش و شۆڕشگێرانی لە دڵەوە خۆش ویستوون و هەر ئەوەش وایکرد بوو کە منداڵەکانی و هەموو ئەوانەی لێی نزیک بووم فێری وانەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریان بکا. خۆشەویستی شۆڕش و پێشمەرگە وەک ئەوینی دوو دڵدار لە هەست و ژیانی دا ڕەنگدانەوەی تایبەت بە خۆی هەبووە و هەر بۆیەش هیچ کات لە هەڕەشە و چاو سوورکردنەوەی میرغەزەبانی جەماران و جاش و سیخورەکان نەترساوە و بێ‌ترس و خۆف هەمیشە هاریکاری کوڕی پێشمەرگە و گشت پێشمەرگەکانی کوردستانی کردووە و زۆر پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویش ماڵ و مووچە و مەزرایان جێی حەسانەوە و هاتووچۆی شۆڕشگێرانی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ی هەتاوی و یارمەتیدەری شۆڕشی باشووری کوردستانیش بووە.
‎بە بۆنەی كۆچی دوایی دایە زوولفا لە ناخی دلەوە سەرەخۆشی لە کاک عەلی حاجی تێکۆشەر و ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
‎بڵاو بوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی دایە زوولفا بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بنەماڵەی حاجی محەممەد و کاک عەلی کۆڵنەدەر دەناسن بۆتە مایەی خەم و پەژارە.
‎لە ئاست ئەم کۆستە گەورەیە دا خۆم بە هاوخەمیان دەزانم و ئاواتەخوازم کە کاک عەلی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەیان ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بن.
‎جارێکی دیکەش سەرەخۆشیتان لێدەکەم و خوا سێبوریتان بدات.
‎رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
‎ناو و یادی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
‎حەمەڕەسووڵ کەریمی