کاروانی ڕچەشکێنان. حەمەڕەسووڵ کەریمی

کاروانی ڕچەشکێنان

(لە ١٥ ساڵەی شەهیدبوونی هەمزە سارتکەیی و شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧دا کە بە ڕچەشکێنییان و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات، سامی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییان تێک‌شکاند)

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ئەمساڵ ٧٨ ساڵ بە سەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا تێپەری. ئەم حیزبە لە ماوەی نیزیک هەشت دەیە تێکۆشانی خۆیدا گەلێک قۆناخی ناسک و هەستیار و لە هەمان‌کاتدا پڕ لە شانازی و تێکۆشانی بڕیون و هەنووکەش بە گەرموگۆڕیی پترەوە لەم قۆناخەدا ڕەوڕەوەی شۆڕشی نەتەوایەتی بە پێشکەشکردنی گیانی کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و دۆستان و لایەنگران و خەڵکی نێوخۆی وڵات بەرەو پێش دەبا.

لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٧ و لە بەرەبەری شەست‌وچوارەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگە خۆنەویستەکانی حیزبی دێموکرات بە فەرماندەیی هەمزە سارتکەیی، پارتیزانی بەئەزموونی نێو شۆڕش قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵی و لە گەرمێنەوە بەرەو قوڵایی خاکی ڕۆژهەڵات وەڕی کەوتن. ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکان چەخماخەی شۆڕشێکی نوێیان لەم قۆناخە ناسکەدا لێ دا و بە حزووری پێشمەرگانەیان شەوەزەنگی بێدادیی ڕێژیمی ئێرانیان دڕ دا.

بڕیار ئەوە بوو کاک هەمزەی فەرماندە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەیبەتی پێشمەرگانە و گەورەیی ناوی حیزبی دێموکرات لەنێو جەرگەی خەڵکی تامەزرۆی ئازادیدا بە گوێی نەوەی نوێ بگەیەنێ، سەردانی گوند و هەوار و کوێستانەکانی ناوچە بکەن و بە حزووری پێشمەرگانەی خۆیان ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبەکەیان لەگەڵ گەلەکەیاندا جێژن بگرن.

حزووری ئەو پۆلە پێشمەرگەیە وەک هەورە بریسکە نەک هەر لە ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت بەڵکوو لە هەموو کوردستان و ئێراندا دەنگی دایەوە. حزووری ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکان دوای ساڵانێک دابڕان و نەچوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات، بووە هۆی خۆشحاڵیی ئەویندارانی ڕێگەی ئازادی و تامەزرۆیانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و، لە هەمان کاتیشدا بوو بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی جاش و بەکرێگیراوانی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم. ئەگەر لەلایەک ئەو پۆلە پێشمەرگەیە ئامێزی خەڵکیان بەگەرمی بۆ کرا بۆوە، لەلایەکی دیکەوە خایینان بە گەل و نیشتمانیش هەوڵیان دەدا ئەو پۆلە ئەستێرەیە لە ئاسمانی ساماڵی شۆڕش کوردستاندا بکوژێننەوە.

ڕچەشکێنی و جەولەی سیاسیی تەشکیلاتی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا بوو کە ڕێژێمی ئێران بۆ سەقامگیریی خۆی بە میلیاردها دۆلاری خەرجی دروستکردنی ڕایەڵەی جاسووسی و هەروەها کڕینی چەکوچۆڵی سەردەمیانە کردبوو بۆ ئەوەی گەلی کوردی پێ سەرکوت بکا و خۆی گوتەنی تەپڵی نەمانی هێزی پێشمەرگە لێ بدا.

پارتیزانەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی گوند و باژێر و هەوار و شوێنە گشتییەکانیان دەکرد و بە بوونی خۆیان زیاتر ڕەواییان بە شۆڕشی گەلەکەمان دەبەخشی. پێشمەرگەکان لە دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خەڵکی ناوچە و گوندەکاندا هەستیان بە ئارامی و سەربەرزی دەکرد و لە هەموو لایەکەوە کوڕ و کچانی کوردستان و دانیشتووانی گوندەکان بە سروودی “هاتنەوە، هاتنەوە، پێشمەرگانی دێموکرات” و بە سروودی “وا هاتن پێشمەرگەی مە” پێشوازیی گەرمیان لە ڕۆڵەکانی خۆیان دەکرد. ئەو پۆلە هەڵۆیەی کوردستانیش بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە دیدارەکانیاندا بە وتار و لێدوانی شۆڕشگێرانەیان لە قوتابخانە و مزگەوت و مووچە و مەزراکاندا دەبوونە میوانی خەڵک و مزگێنی قۆناخێکی نوێی خەباتیان بە خەڵک دەدا.

رچەشکێنی و مەیدانداریی هەڵۆ تیژباڵەکانی دێموکرات ترس و لەرزی وەدڵی ڕەشی دوژمنان خستبوو، هەر بۆیە لە هەموو لایەکەوە خایین و جاشەکانی ڕاسپاردبوو زانیاری لەسەر ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی دێموکرات کۆ بکەنەوە بۆ ئەوەی پێش بە حزووری پێشمەرگانەیان بگرن. لەلایەکی دیکەشەوە وریایی و هەست بە بەرپرسایەتی زۆری تێکۆشەرانی دێموکرات وای کردبوو جووڵەی پێشمەرگانەی خۆیان بە شێوەی پارتیزانی ڕێک بخەن و نەهێڵن دوژمن بە ئامانجی گڵاوی خۆی بگا. پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ماوەی زیاتر لە سێ حەوتوو مانەوەیاندا سەلماندیان کە دەتوانن لە هەموو قۆناخە سەخت و دژوارەکانیشدا هەنگاوەکانیان بۆ ئازادیی کوردستان پتەوتر بکەن، چوونکە لە ماوەی مانەوەیان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوەیان سەلماندبوو یاری تا سەری ڕێگەی ئازادی و ڕێبازی دێموکراتن.

سەردانی هەمزە سارتکەیی و هەڤاڵانی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، لە گڵکۆی شەهیدەکان، لە بنەماڵەی بەشێک لە کادر و پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و لە دۆڵی دێموکرات و هەروەها لە مووچە و مەزرا و دارستان و هەوار و گوندەکان و بە تایبەت چوونەسەر جادەی ئەسڵیی نێوان شارەکانی سەردەشت، ڕەبەت، بانە، مەهاباد و پیرانشار هەموویان شایەتی بۆ بوێری و چاونەترسیی فەرماندە خۆشەویست و باڵابەرزەکەی دێموکراتیان دەدا. پێشوازیی گەرمی خەڵکی ناوچەکەش لە فەرماندە و هێزی پێشـمەرگەیان هەڵگری پەیامی تایبەت بە خۆی بوو. یەکەم پێشمەرگەکانیان بە ڕۆڵە و کوڕ و کەسی خۆیان دەزانی. دووهەم شانازییان بە بوونی دێموکراتەوە دەکرد و سێهەم خۆیان بە پشتیوانی سەرەکی ئەم جووڵانەوەیە دەزانی و وەک دەڵێن خۆیان کردبوو بە دەریایەک پێشمەرگەکان مەلەی تێدا بکەن و هەموو ئەو خاڵانەش ببوونەوە هۆی مانەوەی زیاتری کادر و پێشمەرگەکان لەنێو قوڵایی خاکی کوردستاندا.

لە ماوەی مانەوەیاندا دوژمن نەیدەوێرا قەرە لە قەرەی پێشمەرگەکان بدا، هەر بۆیە لە بیر و فیکری و داڕشتنی پیلانێکی ڕەشدا بوو. ئیتلاعات و هێزی سوپا بە بڵاوکردنەوەی سیخووڕ و جاش توانیبوویان بەنەهێنی تا ڕادەیەک چاوەدێریی ئەو پۆلە هەڵۆیەی دێموکرات بکەن بۆ ئەوە لە شوێنێکی کەم مەترسی بۆخۆیان لە داویان بخەن. بۆیە لە کاتێکدا تیمی پێشمەرگەکان لە ناوچەی ڕەبەت ڕا بەرەو ناوچەی سەردەشت کەتبوونە ڕێ، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژ لە گردێنە خستیاننە بۆسەیەکی سامناکەوە. لەو تێکهەڵچوونەدا بەداخەوە کاک هەمزە سارتکەیی، قادر نەزمی و قادر قادری شەهید بوون و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

جەولەی سیاسی و تەشکیلاتیی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە بە فەرماندەیی شەهید هەمزە سارتکەیی یەکەم چەخماخەی قۆناغی نوێی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات دوای پتر لە یەک دەیە دوورکەوتنەوەی خەڵک و پێشمەرگە لە یەکتری و هەستانەوەیەک بوو بۆ شۆڕش و حیزبی دێموکرات. پێشوازی گەرمی خەڵکی کوردستان بوو بە هۆی ئەوەی دواتر پۆل پۆل کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات ڕێگەی چوونەوە و جەولە بۆ کوردستان بگرنەبەر و هەر لە سنە و کرماشانەوە بگرە تا سەقزی خوێناوی و شنۆی شەهیدان و سەردەشت و ڕەبەت و پیرانشار و مەهاباد هەموویان ببنە شوێنی جەولە و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی دێموکرات. بەدوای ئەوەشدا شەهیدبوونی پۆلێکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات نیشانەی هەستانەوەی دێموکرات و بەگژداچوونەوەی ڕێژێمی ئێران بوو. هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی دوژمن زیاتر سنوورەکان بە مین و تەقەمەنی بۆمبڕێژ بکا و بە بیری چەوتی خۆی بە دانانی تێلبەند پێش بە حزووری پێشمەرگانە بگرێ، بێ‌خەبەر لەوەی کوردستان هەمووی لانەی پێشمەرگانە و ئەمرۆ هەموو گەنج و لاوانی کورد بوونە پێشمەرگە.

شەهیدان هەمزە سارتکەیی، قادر نەزمی و قادر قادری شەهیدانی یەکەم جەولەی هێزی پێشمەرگە بوون، بەڵام دوای ئەو ڕچەشکێنییە دەیان حەماسەی دیکە خوڵقانەوە و زۆر گەلەئەستێرەی دیکەش ڕاخوشین و بە خوێنی خۆیان ڕێگەی خەبات و تێکۆشانیان واڵاتر کرد.

لە ١٥ ساڵەی شەهیدبوونی کاک هەمزە سارتکەیی و شەهیدانی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧ی هەتاویدا سڵاو لە ئامانج و ڕێبازیان.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

سەرچاوە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٥٣ گۆشەی بەر لە ماڵئاوایی

ئەورۆ سەری من دێشێ

دڵی منی ماڵوێران لەمن دەکاتە بێنە بێنێ

بەڵام ئەمن ئەوشۆکە خەونێکم دیوە

لەمن وابوو ئاخری دە بەهارێیە

دەگەڕێم لە تیرەگی دە کوێستانان
قەت وەگیر نەدەکەوت قوڵە گیایەک بەشی باقەبێنێ، وەرن تۆخوڵاکەی ئەوانەی ئەگەر خوداشوناسن ، تەعبیری ئەو خەونەم لێکدەنەوە

ئەمن زۆر دەترسم خوداوەندی میری مەزن

پاتشایە کەرمێ ئەگەر موسیبەتێکی گەورەم بەسەر بێنێ
ڕۆڵە بە قوربانی قافڵە و بازرگان و دەبم

ئەگەر دەهاتنەوە لە وڵاتی گەرمێنێ
ئەوە بۆن و بەرامەی ئازادی بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی خۆی دێنێ
( بەیتی سەیدەوان بە دێرێک دەسکارییەوە )