کۆچی دوایی خوشکە ڕابی حەسەن‌پوور دایکی کاک ئەمیر ساڵحیان لە شاری سەردەشت

کۆچی دوایی خوشکە ڕابی حەسەن‌پوور دایکی کاک ئەمیر ساڵحیان لە شاری سەردەشت

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە خوشکە ڕابی کچی مام دەروێش ئەحمەدی میرشێخ‌حەیدەر و هاوژین و هاوسەری کاک ئەحمەد ساڵحیان دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی و چاوەدێری پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

بە هۆی ئەوە لەگەڵ کاک ئەحمەد ساڵحیان خزمایەتیمان هەبوو، خوشکە ڕابی هاوسەریم زۆر زوو ناسی و هەر لە منداڵییەوە لە نزیکەوە ناسیوومە، خاتوونێکی بەرێز و ماندوویینەناس و خۆشەویست بوو، ژنێکی کارلێهاتوو و بە مشوور بوو، لە زۆربەی کۆڕ و دانیشتنەکانی خزمان و ناسیاوانی شاردا چ لە ڕۆژی خۆش دا و چ لە ڕۆژی ناخۆش دا لە یەکەم کەسەکان بوو کە ئەرکی قورسی میوان بەری کردنی وەئەستۆ دەگرت و لەم کارەش دا هیچ کات هیچ چاوەروانییەکی ماددی نەبوو جیا لە هەستی هاوکاری و یارمەتیدان نەبێ.

خوشکە ڕابی یەکێک لەو ژنە هەڵسوور و چالاکانە بوو کە مرۆڤ دەیتوانی گیانی خۆی پێ بسپێرێ و چ کارێکی قورس و جێگەی مەترسی بایە لە لای ئەو زۆر بە گورج و گوڵی جێ‌بەجێ دەکران.

ساڵانێک دواتر کە بوومە پێشمەرگە و لە دیداری بێ‌بەش بووم، هەمیشە لە ڕێگەی دایکم و خزمانەوە لە حاڵ و ئەحواڵی پرسیووم، دواتر لە ساڵەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی دا بە هۆی ئەوە ماڵیان لە گوندی شینوێ بوو، لەگەڵ هاورێیانی بەشی تەشکیلاتی نێو شاری سەردەشت و بە تایبەت چەند جار لەگەڵ کاک حوسێن حەسەن‌زادە، کاک حەسەن خوشکەلام و کاک محەممەد کەسرایی لە نزیکەوە سەردانمان کردووە و ئەویش بە دڵەوە وێرای وەرگرتن و پێشوازی گەرم لە ئێمەی پێشمەرگە، هەمیشە بە ورەی بەرزەوە بە بێ ترس و خۆف لەگەڵمان دانیشتووە و وێرای ڕاپەراندنی ئەرک، لە هێنان و بردنی نامەکانی تەشکیلاتی بۆ نێو شاری سەردەشت یارمەتی داوین و تەنانەت گیانی خۆی لە مەترسی خستووە.

کاتێک دواتر ئەمیر ساڵحیان کوڕی خوشکە ڕابی دەبێتە پێشمەرگە ئەمجارە ڕێگەی سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور دەبێتە بەشێک لە ژیانی خوشکە ڕابی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بە کوڕی پێشمەرگەی شاد بێتەوە و لە سۆنگەی کوڕی پێشمەرگەیەوە جارجار ئێمەش لە نزیکەوە بە دیداری شاد ببین.

کۆچی دوایی خوشکە ڕابی بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی بۆتە مایەی خەم و پەژارە، بە بۆنەی ماڵئاوایی خوشکە ڕابی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کاک ئەمیر ساڵحیان، کاک ئەحمەد ساڵحیان و کوڕ و کچ و گشت خزمانیان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و هیوادارم کە کوردستان ژنی نەترس و بوێری لە چەشنی خوشکە رابی زیاتر لە ئامێز و سێبەری خۆی دا پەروەردە بکا.

ماڵپەری گیاڕەنگ

حەمەڕەسووڵ کەریمی