ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی ئێران-عێراق

ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی ئێران-عێراق
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور
ماڵپەڕی سیاسەتی ئیماڕات- سەردار عەزیز

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لەسەر ئەو بڕوایەیە ڕێککەوتنی ئەمنییەتی نێوان ئێران-عێراق، کە لە مانگی مارسدا واژۆ کرا، بێجگە لە کۆتاییهێنان بە چالاکیی حیزبە سیاسییەکان لە خاڵە سنوورییەکان، لایەن و ئاسەواری نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییشی هەن. لە کاتێکدا ئێران پێی وایە دەوڵەتی ئێستای عێراق و هەلومەرجەکە گونجاوترینن بۆ هەنگاونان بۆ وەدیهێنانی ئەو مەبەستانە کە ڕەنگبێ لە کاتی دیکەدا نەکرێ جێبەجێ بکرێن، ئەگەری ئەوە هەیە جووڵە سەربازییەکانی ئێران ئاکامی پێچەوانەیان هەبێ.

چ باسە؟
لە جولای ٢٠٢٣، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، محەممەد باقری، لەبارەی چالاکیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، دەوڵەتی عێراقی وریا کردەوە. بۆ یەکەم جار، ئەو ئولتیماتۆمی دا کە ئێران بە پشوودرێژی چاوەڕوانی کۆتایی دوا وادەی دیاریکراوی عێراق لە سێپتەمبەری ئەمساڵە. ناوبراو هۆشداریی دا بێتوو دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق لە جێبەجێکردنی “بەرپرسیارییەکەی” ناسەرکەوتوو بێ، تاران دژی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەنگاو دەنێ و “هێرشەکانی ئێمە دژی ئەو گرووپانە بە شێوەی چڕتر درێژەیان دەبێ.” هەنگاوەکانی پێشوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک‌باران و تێرۆری گرتبوونە خۆ.
بەپێچەوانەی لێدوانەکانی ڕابردوو، هۆشدارییەکە چەند لایەنی هەبوون:
یەکەم، ئەو لەجیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو حیزبە سەرەکییە سیاسییە کوردەکان، واتە یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێموکڕاتی کوردستان بێ، بەپێچەوانەی پەیوەندیی مێژوویی باش لەگەڵ ئەو دوو لایەنە هەیەتی، ڕووی لە دەوڵەتی عێراقە.
دووهەم، سەرەڕای مێژوویەکی دوورودرێژی باسەکە، ئێران بۆ یەکەمجارە ئولتیماتۆمی بۆ ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ عێراقدا دیاری کردووە. ئەوە خاوەنی چەند ئاماژەیە، وەکوو لێبڕاویی ئێرانییەکان، تەنگاویی دۆخەکە، ماوەی کاتیی دەرفەتەکە و بەربەستی چالاکییە نێوخۆیی و ناوچەییەکان.
سێهەم، ئەوە لە یەکەم ساڵوەگەری ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان دژی ڕێژیمی ئێراندا ڕوو دەدات. بۆیە، بەرجەستەکردنی ئەو بابەتە لە ئێستادا بە مەبەستی لێڵکردنی بیرەوەرییەکە و تۆخکردنەوەی ئەو بووچوونەیە کە ناڕەزایەتییەکان بە مەبەستی جیاییخوازیی کوردانە.
چوارەم، ئەوە بۆتە هۆی تێوەگلانی دەوڵەتی عێراق، حیزبە کوردییەکان، وڵاتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئورووپایی و ئەنجومەنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە پەیوەندی لەگەڵ تێوەگلانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئێران، کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی دەسەڵاتی ناوچەیی عێراق دەبێ.
ئەو توێژینەوەیە دەریدەخا کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لە خاکی ئەو وڵاتەوە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی ئێران نین، بەڵکوو بوونەتە بیانوو بۆ گەیشتنی ئێران بە ئامانجی جیاوازی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی. توێژینەوەکە دەپڕژێتە سەر کاردانەوە هەرێمی، ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان.

بۆچی ئەوە گرینگە؟
– ئێران کەڵک لە دەرفەت وەردەگرێ تا دەسەڵاتی خۆی بەسەر وڵاتانی دراوسێدا وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی بسەپێنێ. سەرەڕای ئەوەی وەک لایەنێکی یەکلاکەرەوە لە عێراق دەرکەوتووە، ئێران دەوڵەتی ئێستا وەک هاوپەیمانێکی نزیک سەیر دەکات و بە تەمای گەیشتن بە دەسەڵاتی زیاتر بەسەر خاکی عێراق و دامەزراوە عێراقییەکانە. هەروەها هەوڵەکانی ئێران بۆ ناوەندگەرایی زیاتری عێراق ئاشکرا دەکات (داهاتووی فیدڕاڵیزمی عێراق).
– نوێترین ناڕەزایەتییەکان، کە زۆر جار بە شۆڕشی ژینا/مەهسا ناسراوە، تێگەیشتنەکان لەسەر کوردانی ئێرانی گۆڕی و ڕەوایی زۆرتری بە پرسەکەیان دا. گۆڕینی ئاراستەی سەرنج لەلایەن ئێرانەوە بەرەو کەمپە پەنابەرییەکانی کوردانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەو مەبەستەیە تا ئەوان وەک جیاییخوازی چەکدار وێنا بکات.
– وڵاتە یەکگرتووەکان خوازیاری یارمەتیی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی هێرشبەرانەتر دژی لایەنەکانی سەر بە ئێران لە عێراقە. ئێرانیش هەوڵ دەدا بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازی دژی ئامانجەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بوەستێتەوە.
– کێشەکە سروشتی بان‌ناوچەیی پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئاشکرا دەکات.

پاشخان
تایبەتمەندیی پەیوەندی عێراق-ئێران ئەوەیە عێراق لە چەقی بیری ستراتێژیکی ئێران‌دایە و لایەنێکی جیانەبۆوە لەو پەیوەندییەدا هەمیشە پرسی کورد بووە. پاش کودەتای ١٩۵٨ لە عێراق و تێکدانی ڕێژیمی پاشایەتیی لایەنگری خۆراوا و دامەزراندنی کۆمارێکی پان-عەڕەبیی لایەنگری مۆسکۆ لە سنووری خۆراوای ئێران، ڕێژیمی پێشووی پەهلەوی لە ئێران بڕیاری دا پشتیوانی لە کوردەکانی عێراق بکات و ئەوانی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ عێراق و سنووردارکردنی دەوری ناوچەیی ئەو وڵاتە بەکار هێنا. دواتر کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەو پەیوەندییەی پاراست و تەنانەت لە کاتی شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی سەددام حوسێن (١٩٨٨-١٩٨٠) قووڵتریشی کردەوە.
بە درێژایی مێژوو، ئێران ترسی لە کوردەکانی ئەم وڵاتە هەبووە کە مێژووی خەبات بۆ مافەکانیان لە ١٩٤۵ بەولاوە هەیە، کاتێک توانیان کۆماری کورتخایەن لە مەهاباد دامەزرێنن. سەرەڕای مێژووی دوورودرێژیان، جووڵانەوەی کوردەکانی ئێران بچووک و لاواز بووە، بەتایبەتی لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە. هێندێک لایەن ئەوە، بە لەبەرچاوگرتنی تەریککەوتنەوەی ڕێژەیی دەوڵەتی ئێران لە چل ساڵی ڕابردوودا و نەبوونی دەوری کاریگەر لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا بە شتێکی پارادۆکس دەزانن. ئێران ئیدارەی ئەو پەیوەندییەی هێندێک جار بە شەڕانشۆیی ئاشکرا و هێندێک جار بە پشوودرێژیی ستراتێژیک کردووە، دەستەوەاژەیەک کە زۆر جار بۆ دیپلۆماسیی ئێران دژی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کەڵکی لێ وەردەگیرێ،.
چەند گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لە کوردستانی عێراق جێگیرن. کۆنترینیان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە لە کۆماری مەهابادەوە دامەزراوە. ئەوان پشتگیری لە مافی چارەی خۆنووسین و خودموختاری لە ئێرانێکی دێموکڕاتیکدا دەکەن. گرووپەکەی دیکە کۆمەڵەیە. ئەو لە تاران لە ١٩٦٩ دامەزرا و ڕێبەری ئێستای عەبدوڵڵا موهتەدییە.
لایەنێکی دی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. ئەو ڕێکخراوێکی پان-کوردییە کە لە هەشتاکانی زایینییەوە لەگەڵ تورکیە لە شەڕدایە. حاجی ئەحمەدی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ی نزیکەی ٢٠ ساڵ لەوەپێش وەک لقی پەکەکە لە کوردستانی ئێران دامەزراند. ئەو حیزبە لەگەڵ پەکەکە لە چیای قەندیلە. پژاک بەو شێوەیە خۆی لە ئەوانی دیکە جیا دەکاتەوە و هیچ بنکەیەکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی و پارتیدا نییە.

ڕێککەوتنەکە
لە ١٩ی مارسی ٢٠٢٣، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ڕێککەوتنی ئەمنیەتیی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. چەقی سەرنجی ڕێککەوتنەکە زیادکردنی ئەمنییەتی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتەیە. ئەو ڕێککەوتنە لە بەغدا و بە بەشداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع ئەلسودانی و، لە لایەن قاسم ئەلئەعڕەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، واژۆ کرا.
ئەفسەرێکی ئەمنییەتیی عێراقی کە لە کاتی واژۆ کردنەکەدا لەوێ بوو گوتی: “بەگوێرەی ڕێککەوتنە ئەمنییەتییەکە، عێراق بەڵێنی دەدا ئیزن نەدا تاقمە چەکدارەکان کەڵک لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ هێرشبردنە سەر ئێرانی دراوسێ وەرگرن.” بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، کەمپەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەولێر یان موسڵ، دوور لە سنووری ئێران دروست دەکرێن. نزیکەی ٢٠-١۵ پاسەوانی چەکدار ڕەنگبێ بەرپرسی هەر کام لە کەمپەکان بن و ڕەنگبێ ئەنجومەنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسی بەڕێوەبەریی کەمپەکانی ناوچەی سلێمانی بێ.
هیچ‌کام لەو پێشنیارانە نوێ نین. جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە سێپتەمبەری ٢٠١٣، بنکەی سەرەکیی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران بۆ وڵاتێکی دیکە (ئاڵبانی) لە لایەن سەرکۆماری ئەوکاتی عێراق، نوری مالیکی، ڕاگوێزرا. بنکەی ڕێکخراوە ئوپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی لە نەوەدەکانی زایینی نزیکتر لە سنووری ئێران هەڵکەوتبوون. بەڵام کاتێک ئێران بەردەوام ئەوانی بۆمباران دەکرد، ناچار بوون بۆ نێو هەرێمی کوردستان بگوێزنەوە. ئەوان زۆربەیان لە نزیک شاری کۆیە و شاری سلێمانی هەڵکەوتوون.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەبێ هەنگاوی پێویست بۆ پێشگرتن بە دزەکردنی تێکۆشەرە کوردەکان بۆ نێو ئێران لە خاکی عێراقەوە هەڵێنێ، کە بە مانای جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە شوێنە شاخاوییە چڕەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە. بێجگە لەو هەنگاوانە، دەوڵەتی ناوەندی هەوڵ دەدا ڕێکخراوە کوردییەکان لە چەکی مامناوەند و قورس داماڵێ. لە کۆتاییدا، ئەو دەبێ ئەو کەسانە ڕادەست بکاتەوە کە ئێران داوایان دەکات.
ڕێککەوتنەکە ڕەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە مێدیاکانی ئێراندا هەبوو. بێجگە لە پرسی ئەمنییەت لە ڕێککەوتنەکەدا جەخت لەسەر پرسە ئابوورییەکانیش کراوە. ئاژانسی هەواڵدەریی نوور، سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند بانکی ناوەندیی ئێران لەگەڵ شاندی شەمخانی بۆ بەغدا چووە. ئەوە بەڕوونی ئاشکرای دەکات پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەتییەکانی ئێران و عێراق پێکەوە گرێدراون.

ئالنگارییەکان
ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران وەک موجاهیدینی خەلق نین کە هیچ پەیوەندییەکان بە کۆمەڵگەی عێراقەوە نەبوو. لەلایەکی دیکەوە گرووپە سیاسییە کوردەکانی ئێران لە هەرێمدا وەک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراون. ئەوان ئاخێوری هەمان زمان و شێوەزاری سۆرانیی کوردی عێراقن. ئەوان دەیان ساڵە لەو مەڵبەندە ژیاون و، گەلێک لەوان لە ڕێگای پەیوەندیی هاوسەرییەوە تێکەڵاوی خەڵکی ئێرە بوون و منداڵەکانیان لێرە گەورە کردووە. لە ئاکامدا، ئەوان پەیوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە هەیە.
بێجگە لەو پرسە مرۆیی و سیاسییانە، چەند بەربەستی لۆجیستیکی و پێکهاتەییش لە ئارادان. گشت پرۆسەکە پێویستی بە بەرپرسیاریی و سەرپەرشتیی نوێ هەیە. سەرۆک وەزیران، ئەلسودانی، بڕیاری دامەزراندنی تیپێکی نوێی پارێزگاریی لە سنووری لە پارێزگای سلێمانی لەسەر سنووری ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە. وەک بەشێک لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵی سنوور، پلانی ۵٠ بورج، چل کامێرای چاودێر و ٤٧ خاڵی پەڕینەوەی سنووری عێراق-ئێران داڕێژراوە. هەموو ئەوانە هێشتا لە قۆناغی پلاندانان‌دان.
بە گوتەی موسەننا ئەمین، نوێنەری پارلەمانی عێراق نە پارلەمان و نە کۆمیتەی ئاسایشەکەی شتێک لە بارەی ڕێککەوتنی ئەمنیەتیی عێراق-ئێران نازانن. بەڵام، ئەو باسی ئەوەی کرد کە لە بودجەی ٢٠٢٣دا، بەشی دوو تیپی پارێزەری سنوور تەرخان کراوە کە قەرارە لە خەڵکی ناوچەکە ئەندامگیرییان بۆ بکرێ. تا ئێرە، هیچ کەمپێک بۆ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران دەستنیشان نەکراوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەنجومەنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی عێراق و نوێنەرانی شاری سلێمانی لە پارێزگاکەدا بەڕێوە چووە. لە کاتی وتووێژەکەدا، ئەنجومەنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتی کردۆتەوە لە دروستکردنی کەمپدا بەشدار بێ و گوتوویەتی ئەوە نە کاری ئەوانە و نە لە بودجەی ئەوانیشدایە. سەرەڕای بەپەرۆشی و ژمارەیەک سەفەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەلئەعرەجی بۆ سلێمانی و هەولێر، دەوڵەتی عێراق بۆی دژوارە لە قسە بەولاوە کارێک بکات. بۆ کوردەکانی عێراق، ئەوە پرسێکی ناوخۆیی ئێرانە و هێندێک دامەزراوە لە ئێران دەیانهەوێ کەمایەسی و بەرهەڵستکاریی نێوخۆیی بە قوربانیکردنی حیزبە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان پەردەپۆش بکەن.
هێندێک کێشەش لە لایەنی ئێرانن. دوا وادەی دیاریکراو هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ساڵوەگەری خۆپیشاندانەکانی ژینا/مەهسا، کە لەودا خۆپیشاندەرە لاوەکان ڕژانە سەر شەقامەکانی ١٦٠ شار و دروشمیان دژی ڕێژیم دا. بەشێکی زۆر لەو خۆپیشاندەرانە کورد بوون. بۆیە هێرشی ئێرانی دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی ناڕەزایەتی. خۆپیشاندانەکانی ژینا ڕەنگبێ کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ڕێژیم نەبێ، بەپێی بۆچوونی خاوەنڕایان ناڕەزایەتییەکان یارمەتییان بە پڕ کردنەوەی کەلێنی نێوان فارس-کورد لە ئێران کرد. خۆپیشاندانەکان ئێرانییەکی زۆریان هان دا، بە تایبەتی ژنان و بەو ئاکامە ڕۆیشت کە کورد نە تێرۆریستە و نە جیاییخواز. نوخبەی دەسەڵاتداری ئێران لەو هەڵوێستە بێزارە.
ئێران هەوڵ دەدا بە لەنێوبردنی کەمپە چەکدارەکان تیشک بخاتە سەر جووڵانەوەی سەربازیی کورد، تا پێش بە سەرهەڵدانی وێنەی دیکە یان گێڕانەوەی جیاواز بێجگە لەوە کە ئەوان تاقمی چەکداری دژی دەوڵەتن، بگرێ. بەپێچەوانە، ئەوە دەتوانێ هاوکات لەگەڵ ماندووبونی خەڵک لە گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەت، کاریگەریی پێچەوانەی هەبێ. بێتوو هێرش ڕوو بدات، ئەوە هەروەها بە مانای کۆتایی مەیلی ئێران بەرەو دیپلۆماسی و ددان‌ بەجەرگی‌خۆ داگرتنە، هەڵوێستێک کە ئێران تەنیا کاتێک خوازیاریەتی کە بژاردەیەکی دیکەی نەبێ.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاشخانە، هێندێک لایەن لەو بڕوایە دان ئێران مەبەستی دیکەی لە بەئامانجگرتنی گرووپە کوردییەکان هەن. ڕوانگەکانی ئێستای ئێلیتی عێراق هاوتەریبی سوپای پاسدارانن. بۆ وێنە، قاسم ئەلئەعرەجی، ماوەیەکی دوورودرێژ لە ئێران ژیاوە، لەوێ چۆتە زانکۆ و فارسییەکی باش دەزانێ، بێجگە لە زانیاریی لەمەڕ زمان و سیستەمی ئێرانی. ئەوە وەک هەلێکی زێڕینی ئێران بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی سەیر دەکرێ کە ڕەنگبێ هەلی ئەوتۆ هەڵنەکەوێتەوە.
دووهەم، هەر وەک پسپۆڕی ئێرانی، حەمیدڕەزا عەزیزی، لە وتووێژێکدا دەڵێ، نانەوەی کێشە لەلایەن ئێران دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دانی بەرپرسیارییەکەی بە عێراق بەشێک لە گۆڕانی هاوسەنگی بە قازانجی بەغدا و سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لەلایەکی دیکەش وڵاتە یەکگرتووەکان لەوە ئاگادارە بەو زەخت هێنانە، ئێران دژایەتیی خۆی بەرانبەر بە دەوری وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق دەردەبڕێ. بەگوێرەی ناوەندێکی هەوڵدەریی ئێرانی، “ئەوان هەڕەشەیان لە ئەمریکاییەکان کردووە بنکەکەیان لە ناوچەدا کە وەک ناوەندێکی دژە شۆڕش کەڵکی لێ وەرگیرێت، کۆ بکرێتەوە.” ڕەنگبێ ئەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئەمریکاییەکان لێک نزیکتر بکاتەوە.

ئولتیماتۆمەکە و وەڵامەکان
لە کاتێکدا ئێران هەمیشە جەختی لەسەر ئەو کێشەیە کردۆتەوە، ئەوە یەکەم جارە ئولتیماتۆمی داوە. لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ چەتهام هاوس لە ١٢ی جولای، سەرۆکی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وەڵامی داوە و گوتی ئێرانییەکان ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق واژۆ کردووە. ئەوان چاویان بە یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان کەوت و ئەمجارە لە جاران ڕووڕاستتر بوون کە نەخشەکەیان جێبەجێ دەکەن، بێتوو دەوڵەتی عێراق ئەو کارە نەکات. لە ئاکامدا، تایبەتمەندییەکی ئولتیماتۆمەکە، ئاستی ئەو زەختەیە کە بۆ جێبەجیکردنی ڕێککەوتنەکە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
سەرچاوەیەکی هەرێمی دەلێ نە دەوڵەتی عێراق و نە حیزبە کوردییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نە ئەنجومەنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری هێرشی سەربازیی لەلایەن ئێرانەوە نین. لە کاتێکدا کە دوا وادەکە نزیک دەبێتەوە، هیچ ڕێگاچارەیەکی کرداریی نەدۆزراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو لایەنەکان هەوڵ دەدەن ڕێگا چارەیەک بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە بدۆزنەوە. لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕووداو، خالید عەزیزی، وتە بێژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، چەمکی دانانی چەک و ڕووکردن لە کەمپەکانی ڕەت نەکردەوە، بەڵام داوای زەمانەتی ئەمنییەتی بۆ ئەندامان و دامەزراوەکانی حیزبەکەی کرد. ئەو هەروەها گوتی: “ئێمە پێمان وا نییە هەڵمەتی سەربازی پرسی کورد لە ئێران چارەسەر دەکات. ئێمە لەو دواییانەدا پێشمەرگەمان نەناردوون و بەتەماش نین لە داهاتوودا ئەو کارە بکەین. ئێمە هەروەها خۆمان لە بەکار هێنانی خاکی هەرێمی کوردستان وەک گۆڕەپانی شەڕ لە خەباتەکەماندا بواردووە.” بەگوێرەی سەرچاوەی دیکە، لایەنە چەکدارەکان نایانهەوێ سەرەڕای ئەوە لە چەک داماڵدرێن.

ڕەهەندی دیکە
سەرەڕای گرینگیی ئەمنییەتی سنوور، هێندێک لێکۆڵەرەوە دەڵێن پرسەکە پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە نییە و توخمی دیکەی هەن. بە گوتەی حەمیدڕەزا عەزیزی، هاوکارێکی کڵینگندەیڵ، زەختی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ هەستی ئێران بۆ گەمارۆدرانی یەک دەگرێتەوە، بە تایبەتی دوای پەیماننامەی ئیبراهیم. ئێران دەیان ساڵە هەستی بە گەمارۆدرانی کردووە، بەڵام هەنووکە جەخت لەسەر ئازەربایجان و کوردستان دەکاتەوە. ئەو هەستی گەمارۆدرانە سەرچاوە سەرکەییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دیسکۆرسی خۆ بە قوربانیزانینی کۆماری ئیسلامی. بۆیە گەمارۆدرانەکەی وەک ئاکارێکی دیکەی “موستەکبرین”، وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل، بۆ دەستڕانەگەیشتنی ئێران بە ڕووبەرێکی بەربەینتر لە ناوچەکەدا، سەیر دەکرێ. وەکو عەزیزی ئاماژەی پێ دەکات، ئێران ناتوانێ هێرش بکاتە سەر وڵاتی سەربەخۆی دیکە لە ناوچەدا. بەڵام، وەک یەکەیەکی نادەوڵەتی، کوردستانی عێراق ئامانجی دڵخواز دەستەبەر دەکات تا ئێران تواناییە سەربازییەکەی بێ وە ئەستۆگرتنی بەرپەرسیاریی نیشان بدا. لە پاشخانەکەدا، هەروەها داڵانی زەنگەزووریش هەیە.
تورکیە هاندەری داڵانی زەنگەزوورە، ڕێگایەک بۆ لێک‌بەستنەوەی ئازەربایجان بە تورکیەوە لە ڕێگای ئەرمەنستانەوە. ئەرمەنستان و ئێران دژی ئەوەن. بۆ ئێران، پەیوەندی ڕاستەخۆی تورکیە و ئازەربایجان، دەسترۆیشتوویی ئێران لە ناوندی ئاسیا بنکۆڵ دەکات و خولیا ناوچەییەکانی تورکیە بەهێز دەکات. بێجگە لەوە، پێش بە ئێران دەگرێ تا لە ڕێگای هێڵی ئاسنەوە دەستی بە سیستەمی هێڵی ئاسنی کۆمارەکانی پێشووی یەکیەتیی سۆڤیەت ڕابگا، کە دەتوانێ ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی ئێران.
ئێران هەر هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و باکو وەک جۆرێک لە هەڵوێستی کێبڕکێی ناوچەیی سەیر دەکات، بە تایبەتی پاش سەردانی ئەو دواییانەی نێچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئازەربایجان. جێگای سەرسوڕمان نییە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کارتی بنکەکانی کوردانی ئێرانی زەختی دەخرێتە سەر. بەڵام، گەمارۆدران زۆرتر وەک ئەفسانەیە تا ڕاستی. کاتێک لەگەڵ ڕاستی بەراورد دەکرێ، ئەو ڕوانگەیەی ئێران کەمیی دێنێ. هەستی گەمارۆدران لە دوو فاکتەوەرە سەرچاوە دەگرێ: یەکەم، مێژووی دوورودرێژی کۆماری ئیسلامی لە خۆبەقوربانی زانین و، دووهەم، ناسەرکەوتوویی لە جێبەجێکردنی ستراتێژییە مەزنەکەی واتە وەدەستهێنانی هەژمۆنی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست.
لە ٢٠٠٣، کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان عێراقی داگیر کرد، هێزەکانی لە قەفقاز، ناوەندی ئاسیا، ئەفغانستان، پاکستان و کەنداوی عەڕەب جێگیر ببوون؛ ئەوکاتی ئاخاوتن لە گەمارۆدران ڕێگای تێ دەچوو. بەڵام، ڕاستی ئێستا پێچەوانەیە: زۆر لە وڵاتانی چوار دەورەی ئێران، پەیوەندیی باشتریان لەگەڵ ئێران هەیە تا وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل. بە سەرهەڵدانی چین و دەوەری پەرەئەستێنی ئەو وڵاتە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لاوازتربوونی دەوری وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا، ئێران بە هیچ شێوەیەک گەمارۆ نەدراوە یان ناکرێ گەمارۆ بدرێ. لەجیات گەمارۆدران وەک خاوەن هێزێکی مامناوەندی کە لە هەوڵی دەستێوەردان لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچەکەدایە، ئامانجە ستراتێژیکییەکانی ئەوەیە تا نەخشەی دەسەڵاتە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان پووچەڵ بکاتەوە. بۆ وێنە، ئامانجێکی باسنەکراوی ئێران ئەوەیە پێش بە گەشەکردنی دەسەڵاتی تورکیە لە سلێمانی، یەکێک لە بنکە بەهێزەکانی لە عێڕاقدا، بگرێ.
بەڵام، کێشە نێوخۆییەکانی ئەو دواییانەی ئێران گرینگترین فاکتەری خوڵقاندنی زەختی هەنووکەیین. ناڕەزایەتییەکان دیمەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەکەیان گۆڕیوە. ئەو بۆچوونە هەیە کە کوردەکان خوڵقێنەری بوون و لە ئاکامدا، ناوچەکە بووە گۆڕەپانی چالاکیی چەکداریی دیکە. کەرەستەی سەربازیی قورس بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرتر بەسەر ئەو ناوچانەدا نێردراون، چیاکان تۆپباران کراون و، جادەی نوێ کێشراون. پلانی ئارامکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار لە کوردستانی عێراق، تەنیا توێژێکی دیکەی ئەو پرۆسەیە بووە.

هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە ٣٠ جولای ٢٠٢٣، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جەنین هەنیس-پلاسخارت سەردانی تارانی کرد. لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری کاروباری دەروەی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیر پێداگریی لە جێبەجێ کردنی بێ ئەملا و ئەولای ڕێککەوتنی ئەمنییەتی نێوان ئێران-عێراق، واتە چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کرد. مانشێتی هەوڵدەریی “مێهر”ی ئێران ئەوە دەگەیەنێ نوێنەری تایبەت داوای ئاڵوگۆڕ یان داواکاریی کەمتر توندی لە ئێرانییەکان کردووە.
لە کاتێکدا سەفەری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی داواکارییەکانی ئێران و ئەگەری ناسەقامگیرتر کردنی ناوچەکە بە گشتییە، بەگوتەی زیاتر لە سەرچاوەیەکی خاوەن زانیاریی، هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردی ناگاتە نێو بەرنامەی کۆمەڵگەی دیپلۆماتیک لە هەولێر. لە کاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکان نیگەرانی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەیە، ئەو نیگەرانییە نەبۆتە هۆی پەیوەندیی باش لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی. ئەوە بەشێک لە “سیاسەتی پاشەکشە” بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەولێر، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کۆنسولخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان هیچ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تاقمە ئۆپۆزیسیۆنەکان یان هەر کەسێکی لایەنگری ئەوانەوە نەبووە. ڕەنگبێ چەند هۆ بۆ ئەو سیاسەتەی دەرگای داخراو بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆن هەبن:
یەکەم، کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی دەیهەوێ ئەو پەیامە بداتە ئێران کە گۆڕینی ڕێژیم بژرادەیەکی سەر مێز نییە. دووهەم، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ڕێبەریی ڕێکخستن و دوورەدیمەنی هاوبەش بۆ داهاتووی ئێرانی نییە؛ بۆیە وێناچێ بە جیددی ئالنگاریی بۆ ڕێژیمی ئێران دروست بکات، کە یارمەتیدەری نەبوونی کێش لە گۆڕەپانی سیاسیدایە. سێهەم، لە ڕوانگەیەکی بەربڵاوترەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاخی پاش دەستێوەردان و دێموکراتیک کردندایە. لەجیاتان، فرەجەمسەری، سەقامگیری و ئاسایش لەلایەن زۆرانەوە پێشترییەتی پێ دەدرێ. دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانە، ڕێژیم سەلماندی دەتوانێ سەرەڕای زەختی چڕی نێوخۆیی و دەرەکی، لەدەسەڵاتدا بمێنیتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کاتی رێککەوتنی ئۆباما-ئێران بەولاوە تەریک خراونەوە. ئەوە بەڕێوەبەرایەتی ترامپیش دەگرێتەوە، سەرەڕای هەڵمەتی ئەوپەڕی زەخت بۆ سەر ئێران.

دەرئەنجام
ڕێککەوتنی ئەمنیەتیی ئێران-عێراق زیاتر لە چالاکیی سیاسیی کوردان لەمبەر و ئەوبەری سنوور دەگرێتەوە. لە پێش هەموو شتێکدا؛ ئەوە لایەنێکی نێوخۆیی هەیە. ئێران لەو دواییانەدا لە دژوارترین جووڵانەوەی ناڕەزایەتی نێوخۆی لە چەند دەیەدا تێپەڕ بوو. هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەوڵێکە بۆ هێشتنەوەی کەلێنی نێوان تاقمی ئیتنیکیی کورد و ئەوانی دیکە لە ئێران، بە تایبەتی پاش ئەوە کە خۆپیشاندانەکان، ژنانی (لاوی) کردە داینامۆی سیاسی لە ئێران و پێشترییەتی دا بە پرسە زایەندییەکان بە سەر پرسە ئەتنیکییەکان، کە بووە هۆی هاوپشتیی باشتری نێوان ئیتنیکەکان. بێجگە لەوە، تاران بەتەمای زیندووکرنەوەی تاوانبارکردنەکانی تێرۆریزم و جیاییخوازیی دژی کوردانە. ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکە بەرەو دروستکردنی عێراقێکی دڵخواز لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە، یەکێک کە لەویدا تەنانەت تاکەحیزبێکی دژی ئێرانی لێ نەبێ. لەوەش بەولاوە، ئەو یارمەتیدەری قۆرخکردنی زیاتری دەسەڵات لە ناوەند لە ڕێگای ئێلیتی هاوپەیمانی ئێرانە کە دەسەڵاتیان بەسەر دەوڵەتی عێراقەوەیە.
وەک دەسەڵاتێکی لاواز، ئێران بەدوای پەیوەندیگرتن بە وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی ناوچەیی و ناونەتەوەییەوەیە. بەڵام، ئامانجی یەکەمی وەستاندنی دەسترۆیشتوویی تورکیە لە سلێمانییە، لە پێش هەموو شتێکدا بە حزووری سەربازیی عێراق لە دەڤەرەکە. سەرەڕای ئەوانە، هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپەراسیۆنەکە لەبار بچێ. هەنووکە، ئێران ئەوەی لە عێراقی دەخوازێ دەستی دەکەوێ، بێ ئەوەی پەنا بۆ لەکارکردنی هێز بەرێ. خولیا سەربازییەکەی دەتوانێ دەسکەوتەکانی لە مەترسی هاوێ. زۆر لایەن لەسەر ئەو بڕوایەن، لەبەر ئەو هۆیە ئەوە تەنیا وەک هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە.
***
تێبینی: ئەم نووسینە تا ڕادەیەک کورت و پوخت کراوەتەوە