بە سەرهاتەكانی چوونە قەندیل (بەشی دووهەم) عەلی شەخسی

بەسەرهاتەکانی چوونە قەندیل (بەشی دووهەم)

دوعاکەی بابم و پیرۆزی نان

وەتەی بە بیرم دێت لەناو ئێمەدا رێزێکی زۆر لە نان گیراوە، سەردەمی مندالیم و ئێستاشی دەگەڵ بێت سوێندیان بە نانی سەر سفرە دەخوارد و دەیانگووت بەم زەوادە یان بەم نانە کە لاپەرێکی لە قورعانی مەجید زیاترە. یان زۆر جار ئەگەر پلکە نانێک لە سەر رێگا و کۆڵانان دەکەوت هەڵیان دەگرتەوە و لەبن دیوارێک دایان دەنا بۆ ئەوەی لەبەر پێیان نەبێ. گەنم و ئارد و نان کە سەرچاوەیەکی باش بووە بۆ تێر بوونی مرۆڤ زۆر جار کەم بووە یان نەبووە.  بەتایبەت پێش سەردەمی گەشەی ئامرازی وەرزێری. شەرە بەردەوام و درێژخایانەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی و زار، سامان، دین و باوەرەکانیان و هەروەها کارەساتەکانی سروشتی وەک لافاو و وێشکەسالی هێندەیتر ژیانی زەحمەت کردووە و برسیەتی پەرە پێداوە. نان کە سەرچاوەیەکی بنەرەتی بووە بۆ تێربوونی سکی نەداران و کۆکردنەوەی وزە بۆ دەستوپەنجە نەرم کردن دەگەڵ ژیان. هەربۆیە نان زۆر بەنرخ بووە لە لای خەڵک و دینەکانیش پیرۆز بوە و رێزیان بۆ داناوە تا ئەو رادەیەیی کە سوێندی پێخوراوە.

نەمونەیەکی تری پیرۆز کردن لە هیندوستانە، ئەویش مانگایە، مانگا لە لایەن بەشێک خەڵکی هیندوستان رێزی بۆ دادەنرێ کە لە کوردستان بە مانگا پەرستی ناویان دەبەن،  کۆمەڵ ناسان  پیرۆزی مانگا لە لایەن بەشێک لە هیندیەکان بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە لە زەمانێکی دوور قاتی و قریەکی گەورە لەو ناوە رووی داوە و شیری مانگاکان باشترین سەرچاوەی بژیو بوە و زۆرێک لە خەڵکی لە مردن نەجات داوە.  لەو کاتە رێزیان بۆ مانگا داناوە و پاشان نەوە دوای نەوە پیرۆز کردنەکە بۆتە ئەم مانگا پەرستییەی کە ئێستا هەیە کە ئەگەر مانگایەک لەسەر جادە بێت ترومبیلەکان رادەگرن هەتا مانگاکە تێدەپەرێ.

مردنی خۆشەویستانمان بە کۆمەڵ  

مانگێک زیاتر بوو دەستمان بە کار و ژیان کردبوو لە کوێستانەکانی قەندیل، کە بەسەر دۆڵی حاجی برایم دا دەیروانی. وەک لە سەرەتاوە بۆم باس کردن ئەو بەشە لە قەندیل لە گووندی کۆنەلاجانی پیرانشارێ را بۆی دەرۆیشتن. پیرانشار ئەو کات هەر بە خانێ دەهاتە سەر زمان. ئێمە لە سەردەشت را دەهاتین بۆ خانێ و لەوێشەوە بە ماشێن یان تراکتۆر دەچووین بۆ زێوە و کۆنەلاجان و سەرەنجام نیزیک بە ٧-٨ ساعەت بە پێیان و باری گوێدرێژان، دەگیشتینە کوێستانەکانی قەندیل.

تا زیاتر لە لە ناوندی هاوین، گەڵاوێژ، نیزیک دەبووینەوە گەرما زیاتر دەبوو. بەیانان زوو لە خەو هەڵدەستاین نانی بەیانیمان دوایی دوو-سێ کاتژمێر کار کردن دەخوات و نیوەرۆیانیش جەمێکیترمان دەکردوو و بۆ نان خواردنی ئێوارە هەموومان لە ناو کەپرە ژوور ئاسایەکە کۆدەبینەوە. چرا فانۆسێکمان هەبوو شەوانە هەڵمان دەکردوو لەبەر رووناکی ئەو شەوی تاریکمان بەسەر دەبرد. بۆ شەوانی زۆر ساردیش هەر لە پێش دەرگاکە ئاگرمان دەکردەوە ولە ئاستی ئاگردانەکە کوونێکی تێدەکرا و بۆ ئەوەی دوکەڵەکە هەمووی نەگەریتەوە بۆ لای ژوورەکەمان.

لەبەر ماندووی وبێ چرایی و نەبوونی سەرگەرمی هەر زوو دەچوینە ناو جێخەوەکانمان و دەنووستین. دشەکەکانمان کە لە لۆکە درووست کرابوون بەسەر یەکەوە و بە درێژایی ژوورەکە رادەخستن. دایوباب لەبەر دەرگە و خوشک و براکانیش کە هەشت کەس بووین لەوسەر بۆ ئەو سەر دەنوستین. چەند ساعەتێک پێش نووستن منداڵەکان بەتایبەتی ئەمن مافی زۆر چا خواردنەوە و ئاو خواردنەوەمان نەبوو لە بەر جێ خەو تەرکردنی شەوانە. من تا بوومە دەساڵیش شەوانە خۆم تەر دەکرد ئەگەر دەمەقاڵە یان دم بەدمەم دەگەڵ مندالان بۆ هاتبا پێش یان کەسێکم توورە کردبا، بە عەلیە بەمیز ناوم دەهات و تاواتبار دەکرام.

شەوێک لە شیرن خەوی دوایی کار کردنی زۆر دابووین، لە ساردی و تاریکی شەوی (کانیە ساردی)قەندیلە گچکەی مامەکۆیان، دەنگە دەنگ دەهات و کەسێک زوو زوو دەیگووت : مام مارف، مام مارف هەستن ئەمنم فلان کەس! هەموومان بە ترسەوە لەخەو هەستاین، دایکم چاوە بچووکەکانی زوو زوو دەترووکانت بۆ ئەوەی بتوانی بە چاکی بەخەبەریبێتەوە، لە حالێک دا کە دەستی دەلەرزی خەریکی پێکردنی چرا فانۆسەکەی کە پێی بکات.  ژوورەکەمان چوار دەور بە بەرد و وێشکە کەڵەک هەڵچنیبوو، لەجیات دەرگا ،تەلیسی بەنی ئەستوورمان پێدا بەردابۆوە ، تەلیسەکە بەئەندازەیەک درێژ بوو کە لە لای ژوورێ را بەردمان لەسەر دانابوون، زۆر شەوانیش دایکم قابلەمە یان مەنجەڵی فافۆنی لەسەر دادەنان بۆ ئەوەی  گەر کەسێک بیکاتەوە دەنگی بێت و وەخەبەر بێین. لە کاتێک هەموومان بە پەرۆشەوە دەمانویست بزانین  بەم شەوە ساردە تاریکە و لەم چۆلەوانیە کێیە! دیتمان کورە گەورەی ئەو ماڵە خزمە ئازیزەمان بوو کە بە یەکەوە هاتبووین بۆ کار و کەتیرە لە قەندیل، دەگەڵ برا کچکەکەی کە هاوتەمەنی من بوو،هاتبوون و هاواریان هێنابوو. زۆر ماندوو هیلاک و چاو بەگریان دیار بوون، بابم گووتی  رۆلە ئەوە چ  قەوماوە و بەم شەوە درەنگە کەیشتوونە ئێرە؟هەموو لایەک ساغن ئینشاللە؟ بە دەم گریانێکی زۆر بەکوڵ و گەنجانەوە،گووتی : مام مارف! خوشکی گەورەمان ئەمری خوای کردووە و ماڵمانی خەرا کرد. پێش هەمووان زێنەبی خوشکم کە دەستە خوشکی ئەو خاتوونە بوو و لە منداڵی را بەیەکەوە گەورە ببوون دەستی بە گریان و رۆ رۆ کرد و بەدوای وی دا دایکم  و هەر هەموو ورد و درشت دەستمان بە گریان هاوار و رۆ رۆ کرد. جووتەی برایان کە هەواڵی خوشکە جوانەمەرگەکەیان هێنابوو، دەگەڵ ئێمە شێنەکەیان تازە کردەوە و هەموومان بە یەکەوە و دەگریان. بە دەم گریانێکی بەکوڵەوە مردنی خوشکە گەورەکەی ئاوا بۆ باس کردین و  گووتی: ئێوارە درەنگانێک خوشکی گەورەمان  دەگەل کچەکانی تر لە سەر خرەئاوی تەنیشت مالێمان جلوبەرگی شتوون و لەنەکاو حاڵی تێک چووە و کە ئێمە چووینە سەری منداڵەکان لەسەر تەنشت درێژیان کردبوو، لە ناو دەم و لووتانی کەفێکی رەنگ زەرد دەهاتەدەرێ و بەزەحمەت هەناسەی بۆ دەکێشرا. پاشان کەمتر لە سەعاتێک لە کاتێک دا کە دەلەرزی و دەست و جەستەی رەق کردبوو چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەک دانا و کۆچی دووایی کرد. بەدەم گریانی بەکوڵەوە لە کڵپەی گریانیدا  و گووتی مام مارف گیان زۆر ناخۆش بوو لە خۆمان زیاتر کەسیکەمان لە دەورە نەبوو. دایوباب و هەموو منداڵەکان بەیەکەوە دەگریان و نەماندەزانی چ بکەین، هەر بۆیە بابم گووتی برۆن ماڵی مام مارفی  ئاگادار بکەن با بێن. نێوان ئێمە و ئەو ماڵە خۆشەویستەمان دوو ساعەتی بەپێیان دەبوو. دایوبابم و برا گەورەکەم خۆیان پێچایەوە و دەگەڵ  جووتەی کوران بەرەو ماڵی ئەوان رۆیشتن.

بۆ ئێمە کە لەماڵ مابووینەوە شەوێکی پر لە ترس خۆف و نارەحەتی و بەئازار بوو، خەو وئارامی لە چاومان تۆرابوو لە جیاتان ترس و دڵەراوکی و کوڵی گریان جێگەی گرتبوو. کە رۆژ بۆوە کەسمان نەهیچمان بۆ دەخورا و نە هیچمان دەستمان بۆ کار کردن دەچوو. من دەگەڵ ئەوی بۆ مردنی ئەو خاتوونە خۆشەویستەمان بەپەرۆش بووم، بە پێی لێکدانەوە و بیرکردنەوە منداڵانەیەکەم، دەترسام  نەکا مردنەکە هەموومان بگرێتەوە. بەڵام هێندێکیش دەڵ خۆش بووم پێم وا بوو کە بە هۆی مردنی ئەم ئازیزەمان هەموومان دەگەرینەوە بۆ سەردەشت و کار و قەندیل دوورە وەڵاتی بەجێدێڵین.

دەمەو چێشتەنگاو بوو، ئێمە هیج خەبەرێکمان نەبوو کە لەلای ماڵی ئەو ئازیزانەمان چ دەگوزەرێت. نەمان دەزانی داخوا خاتوونی جوانەمەرگ هەر لەوێ  بەخاک دەسپێرن یان تەرمەکەی دەبەنەوە سەردەشت. ئەو شوێنەی کە ماڵی ئێمەی لێبوو بەرز بوو دەیروانیە سەر ئەو رێگایەی کە بەرە و زێوە و کۆنەلاجان دەروێشتە خوار. ئەگەر کەسێ هاتبا یان رۆشتبا بەچاو دەبیندرا، ئەگەر چی دوور بوو بەڵام دەمان زانی کە چەند کەسن دێن یان دەروون. هەموومان دەمان روانیە ئەو رێگایە داخوا، دەیبەنەوە یان بەم رێگایەدا دین یان نا. لەنەکاو لە دوورەوە بینیمان کۆمەڵێک خەڵک لە تەنیشت گردێک وەدەر کەوتن بە بینینی دارەمەیتەکەی کە لە سەر شانیان بوو لە کڵپی گریانمان داو هەموو وێکرا بۆ کۆچکردوو و خۆمان و غەریبی و دوورەوەڵاتیمان دەگریاین. زێنەب خانی خۆشکم  کە هاوتەمەنی  و دەستە خوشکی بوو بەدەنگ پێی هەڵا دەگووت، لەبیرمە باسی تەرمی بێ گیانی، دارەمەیت، غەریبی و بێکەسی دەکرد و ئێمەش بە دوایی دا دەگریان.

تەرمی خاتوونی جوانەمەرگ لەسەر شانی خۆشەویستانی بە سەر رێگەی باریک و  پڕ گرد و هەڵدێر لەنجەی دەکرد بۆ بە خاک سپاردنی لە شاری سەردەشت شوێنی زێد و لە دایک بوونی خۆی. لە ماڵی ئێمە دایوباب و برا گەورەکەم دەگەڵیان بوون و بنەماڵەی  جوانەمەرگیش دایوباب و براگەورەیان و خوشکێکی نیزیک پازدە ساڵ و کچێکی بەرمەمکان. هەروەها دیار بوو چەند پیاوێکیتریشیان دەگەڵ بوون کە ئەوانیش هەر بۆ کەتیرە کردن لەو ناوە بوون و بەهانایانەوە هاتبوون.

کاکم و چەند پیاوێک هەتا گەیشبتوونە پیرانشار و سواری ماشێن ببوون، دەگەڵیان بوون وپاشان  گەرابوونەوە. بەلام دایوبابم دەگەڵیان چووبوونەوە بۆ سەردەشتێ و پاش بە خاک سپاردن و تەواو بوونی تازیە و سەرخؤشی کە هەمووی کەمتر لە دە رۆژی پێ چووبوو دەگەڵ کەس و کاری خاتوونێ جونەمەرگ گەرانەوە لامان بۆ قەندیل و کەتیرە.

لەم ماوەیە دا کە ئەوان تەرمی جوانەمەرگیان بردەوە بۆ بە خاکسپاردنی، ئێمەش ماڵ  و بارگەوبنەی ئەو ئازیزانەمان گواستەوە بۆ لای خۆمان و هەتا ئەوان گەرانەوە، بەرد و کەلوپەلی پێویستمان کۆ کردەوە بۆ درووست کردنی ژوورێکی تر بۆ ماڵی ئەوان.

کە دایوبابەکان گەرانەوە لامان ئەگەر چی جوانەمەرگمان لە ناو نەمابوو بەلام لانی کەم ئێمە منداڵەکان ناخۆشحاڵ نەبووین لەبەر ئەوەی دوای لێکدابران بۆ کار کردن لەم چۆلەوانیە  وەسەر یەک کەوتبووینەوە.  لە لایەکیتر بە رۆشتنەوەی دایوبابەکان یان کارمان نەدەکرد یان کەمترمان دەکرد، بێگومان کارەکە قورس بوو دەگەڵ تاقەت و جەستەی منداڵانەی ئێمە نەدەهاتەوە. هەچۆنێک بێت  ئەم وەسەرێک کەوتنەوە و لانی کەم بۆ منداڵەکان خۆش بۆ و لە ناو ئەو ڕەنجخانەیەدا هێندێک ئارامبەخش بوو. دەرۆژ پاش گەرانەوەیان لە کاتێکدا دیواری ژوورەکەیان بە کەڵەکە بەردان هەڵچینی بوو و دەستمان بە داپۆشینی سەرەکەی کردبوو لەناکاو کچێکیتری ئەم ماڵە خۆشەویستمان کە تەمەنی پێنج-شەش ساڵان  دەبوو بە هەمان  نەخۆشی گرفتار بوو.

زۆر باشم لەبیرە  لە سەر کەڵەکە بەردە کە را کە قەرار بوو ژووری ئەوان بێت دەمدیت کە لەسەر پشت درێژیان کردبوو بە پەرۆیەکی خامی سپی، کفە زەردەکەیان، کە لەدەم و لووتانی دەهاتەدەر پاک دەکردەوە و لە کاتێک دا ژن و پیا و گەورە و بچووک دەگریان دایکەکان بە هاوار و رۆ رۆ و بانگ لێدان  بێدەنگی ئەو ناوەیان شکاندبوو.

زۆری نەخایەند کە کچی مێرمندال دواین هەناسەکانی ژیانی  دوور لە شار و دوکتۆر و دەرمان  هەڵکێشان و چاوە گەشە رەشە پر لە چاوەروانیەکانی لەسەر یەک دانا و بەم کارە نەخوازراوەی رۆژی رەش و هەناساردی بۆ ئێمە جێهێشت و سەردەمێکی پر لە ئازار و گریان و شینی بە ئێمە نیشان دا.

تەرمی ساردی کچە مێرمندال درایە دەست دوو دایکە خۆشی لە خۆنەدیوەکان بۆ شۆشتن و کفن کردنی. ئەوە لە کاتێک دابوو کە بابەکانمان خەریکی هەڵبەستنی دارەمەیت بوون بەو لکە سپیدارە زۆر باریکانەی کە بۆ سەر داپۆشینی ژوورەکانمان دەگەڵ خۆمان هێنابوون.

بریاری بردنەوەی تەرمی  کچی مێرمنداڵ ، بریارێکی جیا لە بردنەوەی تەرمی  جوانەمەرگی یەکەم بوو. باوکیان ئەمجارە بریاری دا بە یەکجاری بگەرێتەوە بۆ شار و سەرجەم بنەماڵە و منداڵەکانی دەگەڵ خۆی بەردەوە کە ئیتر نەگەرێتەوە بۆ کار و کەتیرە کردن لە قەندیل.

دیارە ترس لە مردن و لە مردوو لە وەڵاتی ئێمە باوە، من یەکەم جار بوو کە بەچاوی خۆم کەسێک ببینم کە گیان لەدەست دەدات و دەمرێ، هەر بۆیە هەم مردنەکەی و هەم شیوەی مردنەکەی کە رەنگە ئێمەش بگریتەوە و هەمیش شوێنی لێ مردنەکە هەمووی بۆ من و منداڵەکانی تر ناخۆش و ترسناک بوون. بە رؤیشتنەوەی سەرجەم ئەم مالە رەنج و ئازار چێشتوە بە تەوای رۆژگارێکی پر لە هەناسە ساردی و بێکەس و کاری و دڵەراوکەیەکی بەژان بەسەرمان دا زاڵ ببو. ئەمجارەشیان دایوبابم دەگەڵیان چووبوونەوە بۆ بردنەوەی تەرمی دووهەم کچیان و ئێمە بە تەنیا لە کوێستانەکانی قەندیل مابووینەوە.

دایوبابم ئەمجارەیان زیاتر لە جاری پێشوو کە جوانەمەرگیان بردبووە مانەوە ، هۆکارەکەی ئەوە بوو کە هەر بەدوای گەیشتنەوەی تەرمی کچی دووهەم بۆ سەردەشت کچێکیتر کە لەبەر مەمکان بوو بە هەمان دەرد گرفتار دەبێت و لە شاری سەردەشت بە هۆی ئەوەی ئۆکسیژنی دەستکردی لەسەر دەم و لووتی دادەنێن بۆ ماوەی ٣ شە و سێ رۆژ دەژی و پاشان ئەویش گیانی لە دەست دەدات. بەو شێوە لە ماوەی نیزیک بە مانگێکدا، سێ کچی ئەم بنەماڵە کۆچی دوایی دەکەن. بە نەخۆشیکەم بنەماڵە کۆچی دوایی دەکەن. بە نەخۆشیک کە هەتا ئێستاش بۆ ئێمە نەناسراوە.

داستانی هەژارانی ئەممەڵبەندە، داستانی رەنج و ماندوویەتیە. داستانی ژەمێک تێر و دە ژەم برسیبوونە. داستانی بەگژداچوونەوەی  مەرگ و سەخڵەتی و هەرەشەیە بۆ زیندوو مانەوە. ژیان لەو دەڤەرە غەمنامەیە، ئەشکەنجەیە، حەسرەتە، خۆزگەیە. ژیان لەم وڵاتە، خۆشی و سوکنایی و حەسانەوەی لێ توراوە و دەستی باوکەکان و جەرگی دایکەکان، بەئازار و برین شەقار شەقار بوە.

لە وەڵانی مە ژیان مانایەکیتری هەیە کە لە هەموو قامووسێکدا نەهاتوە.……