کۆچی دوایی کاک قاسم سوڵتانی، کادری دێرینی حیزب

کۆچی دوایی کاک قاسم سوڵتانی، کادری دێرینی حیزب

کاک قاسم سوڵتانی، کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ئاگاداریی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاک قاسم سوڵتانی، پێشمەرگەی دێرین و کادری بەوەج و بەڕابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
کاک قاسم سوڵتانی کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. ئەو لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەردا پێ گەیشت و لە هەڕەتی لاوەتیدا تێکەڵ بە کاری سیاسی و حیزبایەتی بوو. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەهۆی کاری سیاسی و لە سۆنگەی چالاکی لە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێمۆکراتدا لەلایەن “ساواک”، ناوەندی ئەمنییەتیی ڕێژیمی پاشایەتییەوە لەگەڵ ٣٥ تێکۆشەری دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد دەسبەسەر و لە دادگادا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. بەڵام پاش ڕووداوەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە زیندان ئازاد بوو، و دەست بە تێکۆشانی سیاسی و حیزبیی خۆی کردەوە.
کاک قاسم سوڵتانی کە دیپڵۆمی لە سەردەمی پاشایەتیدا وەرگرتبوو، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە کاتێکدا خوێندکاری زانکۆ لە بەشی بازرگانی بوو، بەڵام بەهۆی سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان و دواتر داخرانی زانکۆکان نەیتوانی درێژە بە خوێندنی بەرز بدات. سوڵتانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بەشداری یەکەم خولەکانی پەروەردەکردنی کادری سیاسی لە ئاوایی خڕەجۆ بوو، و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی هەتا کادری پلە ٢ی حیزب بڕی. نەمر سوڵتانی لە ماوەی ٤٥ ساڵ پێشمەرگایەتیدا کە جارێکیش بریندار ببوو، لە ئۆرگانەکانی پەروەردە، کۆمیتە شارستانی بۆکان، کۆمیتە شارستانی شنۆ، دەفتەری سیاسیی ژمارە ١، دەبیرخانە و ناوەندی سپی‌سەنگ ئەرک و تێکۆشانی حیزبیی بەڕێوە برد، بەڵام زۆرترین ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیی خۆی هەتا شەهیدبوونی، واتە نیزیک بە ٣٥ ساڵ لەو ماوەیەی لە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب و لە بەشی چاپەمەنیی حیزبدا ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری فەننی و ئەرشیڤی گرتەئەستۆ.
کاک قاسم سوڵتانی مرۆڤێکی مەند و بەبیروباوەر و، تێکۆشەرێکی خاکەڕا و خۆنەویست بوو. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لەدەستدانی کاک قاسم سوڵتانی کادرێکی بەوەج و خەڵکی کوردستان تێکۆشەرێکی بەئیمان، نەسرەوتوو، و ماندوویی‌نەناسی خۆی لەدەست دا.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک قاسم سوڵتانی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکا و ڕوحی ئەو تێکۆشەرە نەمرە دڵنیا دەکاتەوە خەبات و تێکۆشانی هاوقوتابی و هاوڕێبازەکانی هەتا وەدیهاتنی دوائامانج و خەونەکانی درێژەی دەبێت.


بە بۆنەی کۆچی دوایی و شەهیدبوونی کادری بەوەج و لێوەشاوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشمەرگەی هەموو قۆناخەکانی خەبات کاک قاسم سوڵتانی لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاورێ و هاوسەنگەرانی، ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان و گشت خەڵکی کوردستان دەکەم.

یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

ڕووحی شاد و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی پڕ ڕێبوار بێ.