چت بۆ بنووسم کە شایانت بێ کاکە قاسم ‌سوڵتانی برام. حەمەرەسووڵ کەریمی

چت بۆ بنووسم کە شایانت بێ کاکە قاسم ‌سوڵتانی برام. حەمەرەسووڵ کەریمی

پاییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە دۆڵی گەورەدێ (دەفتەری سیاسی حدکا) لە گەڕی شایی و زەماوەند دابووم، گەنجێکی شایی بەخۆ و بزۆز و هەڵسوور و کورتەباڵا، بە قژێکی لوول و فڕەوە کە دەستی کچێکی بە دەستەوە بوو، لەگەڵ خۆی ڕاکێشی گەڕی شایی و دیلانی دەکرد، هات و شانی وەشانی من دا و دەستی چەپی منی گرت، وەک مزراق بە جووڵە بوو، منی وەپێش خۆی دابوو، ئارەقی لە سەر و دەم و چاوی دەچۆڕا، چەند خولەکێک لە دەستی یەکتر دابووین و دواتر لە دەرەوەی شایی لە لای زیندەیاد کاک فەتاح کاویان و سەرهەنگ قادری ڕاوەستا و دواتر هەر نێوە نێوە خۆی بە گەڕی شایی دا دەکردەوە.

لەو ڕۆژەوە لەگەڵ کاک قاسم بووینە برا و هاوڕێی کەژ و کێو و نێو قەڵای دێموکرات بوو بە جێگەی ژیان و پێک گەیشتنمان.. کاک قاسم کادر و پێشمەرگەیەکی بەوەج و خەمخۆر و فیداکار و خۆشەویست بوو، ژیانی تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان و حیزبەکەی کردبوو، مرۆڤێکی ورد و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو، لە نێو ڕێزەکانی شۆڕشدا بە هەزاران کەسی دەناسی و لە باری کۆمەڵایەتییەوە کەسێکی تێکەڵ و گونجاو بوو، ساڵانێکی زۆر بوو لەگەڵ ڕێبەرانی شەهید و زیندووی ئەم حیزبە هەستان و دانیشتنی هەبوو، زۆر بە ڕەوشت و خۆش مەشرەف بوو، کەسێکی بێ ئیدیعا، خاکەڕا و بەدەستەوە بوو.

هەر کارێک گرێ کوێرەی تێکەوتبا، بە دەستی کاک قاسم بە ئاسانی دەکرایەوە، خەمی هەموو کەسی لەبەر بوو، لەگەڵ منداڵ و گەنج و لاوان و بە ساڵاچووان هەستان و دانیشتنی هەبوو، سەردانی نەخۆش و بریندار و بنەماڵەی گشت لایەک و بە تایبەت بنەماڵە شەهیدەکانی لە دوور و نزیک دەکرد و لە هیچ شوێنێکیش گیر نەدەبوو، بۆ حەسانەوە و بۆ خەوتن دەگەڕاوە نێو قەڵا و لە تەنیشت گەورەپیاوی نێو شۆڕش و کوردایەتی کاک فەتاح کاویان ئۆقرەی دەگرت.

کاک قاسم ئاوەدانی نێو بنکە و بارەگاکانی حیزب و نێو قەڵای دێموکرات بوو، ژوورەکەی پڕاوپڕ لە پەرتووک و کتێب و ڕۆژنامە و نووسراوەی جۆراوجۆر بوو، ئارشیوێکی گەورەی حیزب و گەنجینەیەکی پڕ و لێوڕێژ لە مێژووی خوێناوی گەلەکەی و حیزبەکەی بوو، بە دوای هەر نووسینێک دا گەڕابای و دەستت نەکەوت بایە، ئەوە لە لای کاک قاسم و ئارشیوە بەنرخەکەی دەست دەکەوت و بە چەند خولەک لەبەر دەستی دادەنای و دواتر بە دەستی پڕ بەڕێی دەکردی و نائومێدی نەدەکردی.

کاک قاسم لە بوارەکانی موتالاکردن و خوێندنەوە زۆر ورد و دەقیق بوو، لە کاری فەننی و دەرکردنی بڵاڤۆک و ڕۆژنامە و نامیلکەکانی حیزبی و غەیرە حیزبی دا زۆر وەستاکار و کارجوان بوو، هەرچی لەبەر دەستی ئەو بایە گورج چەند دانەیەکی لێ ئارشیو دەکردن، ئارشیوی حیزب و ئارشیوی شەخسی خۆی لە خزمەت گشت لایەک دابوون و هەر بۆیە لە وتووێژەکانی دا پێداگری لە سەر ئەوە دەکردەوە کە دوای نەمانی خۆی ئەم گەنجینەیە پارێزگاری لێ بکرێ، خەمی لە بوون و نەبوونی ماڵی دونیا و شتەکانی نەدەخوارد، بەڵام خەمی پاراستنی ئەو ئارشیوە ببوو بە فکر و خەیاڵی کاک قاسم و بە حەقیش تەنیا ئەو دەیزانی کە نرخی ئەو گەنجینەیە، لە ئەژمار نایە و پێویستە کە پارێزگاری بە مانای وشە و بە گیانەوە لێبکرێ.

کاک قاسم بە قسەخۆشەکانی، بە هەڵس و کەوتی مەند و لەسەرەخۆیانەی کۆڕوکۆبوونەوە و دانیشتنەکانی نوقمی خۆشی و شادی دەکرد، سەردانی بنکەی پێشمەرگەکان، ئۆرگانەکان، نەخۆشخانە و شوێنەکانی لاوان و ژنان و منداڵپارێزی و کەمپەکانی دەکرد، لەگەڵ منداڵەکانی نێو قەڵا دەم بە خەندە و ڕاوێژ خۆش بوو، گیرفانی هەمیشە نوقڵ و بنێشت و شیرینی تێدا بوو، دونیایەکی جوانی بۆ منداڵەکانی کادر و پێشمەرگەکان لە نێو قەڵای دێموکرات دا درووست کردبوو.

زۆربەی کاتەکان لە سەفەر و مەئموریەتەکانم بۆ کوردستان لە نێو قەڵای دێموکرات دا لەگەڵ کاک قاسم و چەند هاورێیکی دیکە بە یەکەوە دەبووین، زۆرجار دەردە دڵەکانی لەلا هەڵدەڕشتم، کەم و کوڕییەکانی لەگەڵ باس دەکردم، بەڵام هیچ کات لە قسەکردن دا نائومێد و بێ هیوام نەهاتە پێش چاوان، بە ژیانی پڕ چەرمەسەری ڕاهاتبوو، گلەیی لە ژیانی خۆی نەبوو، کە باسی کەم و کوڕی دەکرد، دەیهەویست دونیایەکی باشتر بۆ هاوڕێ و هاوکار و بنکەکانی حیزب درووست بکا، چاوی لە ماڵی دونیا نەبوو، هەموو ئەوانەی دەیناسین و خزمەتی دەکردن، لەگەڵیان برایانە دەجووڵایەوە و کەسێکی بەعیزەت و بە نەفس بوو.

ئاواتەکانی سوڵتانی سوڵتانەکان زۆر بوون، بەڵام گەڕانەوەی بە سەربەرزی و بە ئازادی لە ئاواتە بەنرخ و جوانەکانی کاک قاسم بوو، ، ئازادی لە لای ئەو بەنرخترین دەسکەوت و ئاوات بوو، لە ماوەی نیوسەدە تێکۆشاندا حەسانەوەی بەخۆیەوە نەدی، لەژێر ڕێژنەی گوللەباران و بۆمباران و مووشەکبارانەکانیش دا نائومێد نەبوو، گەرما و سەرما تەزاندی بەڵام نەبەزی، هیچ کات ئامادە نەبوو کە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی بەجێ بێڵێ و وەک قەڵا خۆڕاگر بوو، قەڵای دێموکڕات قەڵایەکی دیکەی بە نێو قاسم تێدا دەژیا و گوڕ و تین و وزە و ورەی پێشمەرگانەی بە هەموو لایەک دەبەخشی، نەترس و بوێر و خۆڕاگر بوو، ئەو ماوەیە کە لە عەنکاوا بوو بە تەلەفوونی بە یەکەوە قسەمان دەکرد، دیسان نائومێد نەبوو، بەڵام گووتی بە بێ قەڵا و ئەویندارانی نێو قەڵا و دێموکرات وەک پووشی بابڕدەڵە وام و ئیشاڵڵا بە زووترین کات لەم دۆخە نالەبارە ڕزگارمان دەبێ و خۆی بۆ گەڕانەوە ئامادەکرد بوو، بەداخەوە ئەم ئاواتەشی وەک هەموو ئاواتەکانی دیکەی نەهاتە دی و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بەم کۆچە ناوەختە دڵی هەموومانی خەفەتبار کرد.

چەند ڕۆژە بیر و هزر و خەیاڵم هەر لە لای ئەم کۆچ و کۆچبارەی کاک قاسم بوو، باوەڕ بەوە ناکەم کە چیتر گوێم لە خەندە و لە قسەکانی نابێتەوە، چوونکە زایەڵەی دەنگی هەتا بژیم، لە نێو گوێچکە و لە ناخی دڵم دا دەلەرێتەوە و قاسم لە دڵی مندا هەمیشە وەک حەکیمی حەکیمەکان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ڕووحت شاد و یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

سەرخۆشی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان و شاری مەهاباد و گشت خزم و ئەندامانی بنەماڵە بەرێزەکەی دەکەم و خۆم بە شەریکی ئەو خەمە گەورەیە هەموو لایەک دەزانم و هیوادارم کە ئاواتەکانی سوڵتانی نەمر بێنە دی و لە ئازادی کوردستان دا ڕووفاتی کاک قاسم و گشت شەهیدەکان بۆ شوێن و زێدی لە دایکبوونیان بگوازینەوە و پەیکەری جوانی و وەفا و ئەمەگ و شۆڕشگێریان بۆ درووست بکەین.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٩ ـ ٠٧ ـ ٢٠٢٣ ی زائینی