دوکتور قاسملوو ڕچەشکێن و پێشەنگی هەموو ڕێگە هەڵەمووت و ئەستەمەکان. حەمەڕەسووڵ کەریمی

دوکتور قاسملوو ڕچەشکێن و پێشەنگی هەموو ڕێگە هەڵەمووت و ئەستەمەکان. حەمەڕەسووڵ کەریمی

نووسین لەسەر کەسایەتی شەهید دوکتور قاسملوو کارێکی ئاسان نییە و، سـەرەڕای ئەوەی دوای ٣٤ ساڵ لە شەهیدبوونی ئەو بلیمەت و مەزنەڕێبەرەدا گەلێک نووسین و بابەت و لێکۆلینەوە و تەنانەت تێزی خوێندکارانی زانکۆی لەسەر نووسراون؛ کەچی هێشتا هەم گوتن زۆرە و هەم دووان لە ئەو ئاستەم و دژوار. هاوکات ئاوڕدانەوە لە شارەزایی و لێزانی و پسپۆریی شەهید د قاسملوو لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، ئابووری، مەسەلەی یەکسانی لە کۆمەڵگا و کاریزمابوونی بۆ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە لەگەڵی ژیاون و هاوخەباتی بوون، ئەرکێکی گرینگ و مێژووییە. بۆ منیش وەک قوتابییەکی ئەم ڕێبازە لە دێموکراتدا، کە درێژەدانی ڕێگایەکەی لە هەموو قۆناخەکاندا بۆتە جێگەی شانازیم، وەک ئەرک پێویست بوو لە بوار و ڕەهەندی گرینگی بەئارشیڤکردنی خەباتی  ڕزگاریخوازی و حیزبی دێموکرات لەلایەن شەهید دوکتور قاسملووەوە چەند دێرێک کە بۆ خۆم لە نزیکەوە شاهیدی بووم و پێوەندیی بە باسێکی گرینگ و هەستیارەوە هەیە، لە توێی ئەو نووسینەدا تۆماری بکەم.

لەمێژ ساڵە قسەیەک دەگوترێ: « کوردەکان جیا لە چیاکانی کوردستان هیچ دۆست و پشتیوانێکیان نییە » . کاتێک ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی پەت و سێدارەی ئێرانەوە، تەواو پەراوێز خرابوو، و گەمارۆ درابوو؛ لەو کات و سەردەمە ناسکەدا شەهید دوکتور قاسملوو بە بایەخدان بە گرینگیی کاری دیپلۆماسی و نێونەتەوەیی و بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و پێشاندانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ناساندنی خەبات و بزووتنەوەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو دەرفەتێک کەڵکی وەر دەگرت و هەوڵی دەدا ڕووداو و ئاڵوگۆرەکانی ئەو سەردەم لە ڕێگای هەواڵنێر و فیلمهەڵگرەکانەوە و بە چرکاندنی وێنە بە دونیای دەرەوە بگەیەنێ و لە هەمان کاتدا بەئارشیڤ و بەدێکۆمێنتیان بکات.

بۆ ئەو مەبەستە بە دەیان هەواڵنێر ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات دەکرد و لە ڕێگەی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیەوە بە ئەمانەتەوە تەحویلی هێزی پێشمەرگە دەدران و دواتر لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، ستاڤی هەواڵنێر و فیلمهەڵگرەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەگوازرانەوە. چەند ساڵ دواتر بە خەمخۆری و لێزانیی شەهید قاسملوو تواندرا چەندین کامێرای وێنەگرتن و فیلمهەڵگرتن کە بۆ ئەوکات هەم سەردەمیانە بوون و هەمیش گرینگ، بگەیندرێنە سکرتاریای حیزب و دواتـر چەند دەورەی هەواڵنێری، وێنەگری و فیلمهەڵگرتن بۆ هێزی پێشمەرگە بکەنەوە.

لەو سەردەمدا کەم کەس هەبوو شارەزای کامێرای فیلمهەڵگرتنەوە بێت، هەر بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو بۆخۆی قۆڵی لێ هەڵماڵی و بە خوێندنەوە و بە وەرگێڕانی کاتالۆگی کامێراکان کە بە چەند زمانی جیهانی و یەک لەوان ئینگلیزی بوو، هەوڵی دەدا یەکێک لە هاوڕێیان کە شارەزای وێنەگرتن و کارکردن بە کامێرا بوو، فێری تیکنیک و تایبەتمەندییەکانی ئامێرەکە بکات.

لە ڕاستیدا بەر لە هەموو کەس بەڕێزیان مامۆستای یەکەمی ئەم بەشە بوو و هەر وەک چۆن لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ و پێشڕەو بوو، لەم بوارەشدا ئەرکی خستبووە سەر شانی خۆی بۆ فێرکردنی کەسێک کە دواتر وەک مامۆستای ئەم بەشە لە حیزبدا خزمەت بکات.

سەرەتای ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوی لە ڕێگەی نەمر عەبدوڵڵا ڕەسووڵپووڕ، ناسراو بە وەستا عەوڵای فیلمهەڵگر و چەند هەواڵنێری خاریجی و دواتر لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە ڕێگەی فیلمهەڵگرەکانی حیزبەوە گەلێک کۆڕوکۆبوونەوە، شەڕی هێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر حکوومەتی ئێراندا، ڕووداوگەلی جۆراوجۆر لەلایەن حیزبەوە وێنە و فیلمیان لێ هەڵگیرایەوە و بوونە بەشێک لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

گرینگیدان بە ئارشیڤکردنی خەباتی گەلەکەمان و حیزبی دێموکرات لەلایەن شەهید دوکتور قاسملوو، نیشانەی وردبینی و دووربینی بەڕێزیان بوو. ئەگەر ساڵانی پێشوو لە لایەن هەواڵنێرە خاریجییەکان بەشێک لە مێژوو وەک دێکۆمێنتاری بڵاو دەکرانەوە، ئەوە ئەمجارە حیزب بۆ خۆی ئەو ئەرکە گرینگەی خستە سەر شانی پۆلێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بۆ ئەو مەبەستە چەندین هاوڕێی حیزبی زۆر بوێرانە لە شەڕگەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و دوژمندا بەشدار دەبوون.

خاڵێکی گرینگی باسەکانی شەهید دوکتور قاسملوو دوای کۆتاییهاتنی دەورەی فیلمهەڵگرتنەوە، ئەوە بوو کە دەیگووت: ئەرکی پاراستنی گیانی فیلمهەڵگرەکە و ستاڤی فیلمهەڵگر لە ئەرکە هەرە لەپێشترەکانی ئەو کارەیە، بۆیە نابێ لە کاتی فیلمهەڵگرتنەوەدا کەمتەرخەم بین و گرینگی بە پاراستنی گیانی خۆمان نەدەین. بەو مانایەی نابێ گیانی خۆتان بۆ گرتنی فیلمێک بخەنە مەترسییەوە. دواتر کۆمەڵێک خاڵی گرینگ بۆ پێشاندانی مێژووی کورد و ڕووداوەکانی کوردستانی لە کاتی فیلمهەڵگرتنەوەدا بۆ باس کردین کە گرتن و پێشاندانی هەر فیلمێک پێویستە هەڵگری پەیامی تایبەت بە خۆی بێ و هەم دۆستەکانمان و هەمیش دونیای دەرەوە لە جینایەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کوردستاندا ئاگادار بکەینەوە.

پاراستنی ئەو فیلمانەی هەڵدەگیرانەوە ئەرکێکی دیکە بوو، چوونکە هەم ئەوکات و هەمیش دواتر دەبوو لە بڵاوکردنەوەی هەندێک گرتە ویدیۆ خۆ بپارێزین، نەدەبوو ئێمە لە سەر بەدیلگیرانی هێزەکانی ڕێژێم بە دەستی پێشمەرگە و یا کوژراوەکانی دوژمن لە کاتی شەڕدا زیادەڕەوی بکەین، پاراستنی ئوسوڵەکانی شەڕ و ئاشتیی زۆر بەباشی بۆ ڕوون کردبووینەوە؛ بەتایبەت لەو کاتانەدا کە دیلەکان چ ئەوانەی ساغ بوون و یا بە برینداری دەگیران دەبوو وەک دیلی شەڕ بە ئەخلاقی مرۆڤدۆستانە و شۆڕشگێری لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکرێت. هەموو گرتە ویدیۆکان دواتر لەلایەن سکرتاریاوە سەیریان دەکرا و خاڵە بەهێز و لاوازەکان دەستنیشان دەکران. چەندجار لەسەر فیلمهەڵگرتنەوەی نابەجێ، کەسی فیلمهەڵگر بانگ کراوە و ڕێنوێنی کراوە و لەولاشەوە ئەو فیلمهەڵگر و هەواڵنێرانەی ئەرکی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا چ لە نێو خەڵکی کوردستان و گوند و چیاکاندا و چ لە کاتی شەڕ و هێرشدا بەباشی بەڕێوە بردبوو، بەتایبەتی لەلایەن شەخسی سکرتێرەوە تەشویق دەکران. دیارە نەک تەنیا بۆ فیلمهەڵگرەکان، بەڵکوو بە گشتی بۆ هەموو بەشەکانی حیزب ئەو لێپرسینەوە و ڕێنوێنی و تەشویقیانە هەبوون.

بەخشین و پـێـدانـی سـوپـاسـنـامـەکـان بــۆ هــانــدانــی زیــاتــری ئـەرکـە پێسپێردراوەکان بوو. ئەو کەسەی سوپاسنامەکەی لە بەرێزیان وەردەگرت بە شانازییەوە وەک میداڵی ئیفتخار سەیری دەکــرد و بە خۆشییەوە نووسەری ئەم چەند دێرە شانازی ئەوەم هەبووە کە ئەو سوپاسنامە و دڵگەرمنامەیە وەک میداڵێک بە ئیمزای بەڕێزیان وەر بگرم و بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ وەک دیاریێکی بەنرخ لە نێودڵ و لە یەکێک ژوورەکانی ماڵەوە بە دیوارەوە هەڵاوەسم. دیارە گەورەیی ئەو ڕێبەرە لەو کورتە نووسینەدا بەجوانی دەر دەکەوێ کە لەگەڵ ئەوەدا سکرتێری گشتیی حیزب بوو، بەڵام بۆ گەورەیی حیزب بە ناوی کۆمیتەی ناوەندییەوە نامەکەی نووسیوە و دواتر ئیمزای خۆی لێداوە.

بە گشتی لە ماوەی شۆڕشی ژینادا بیر و هزری شەهید د. قاسملوو باڵی بەسەر شەقام و کۆڵان و زانکۆ و شوێنە گشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کێشابوو، و شوێندانەریی شەهید قاسملوو لەسەر گەنج و لاوانی کورد دوای ٣٤ ساڵ لە شەهیدبوونی نیشانەی ڕەوابوونی خەباتی فرە ڕەهەندی شەهید قاسملوو و حیزبی قاسملوویە. زایەڵەی دەنگی شەقام و هاواری بەرزی «قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە»، ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ دەردەخا کە ئەگەرچی بە جەستە شەهید قاسملوو لە نێوماندا نەماوە، بەڵام وانەکانی، گوتار، وتار، ئەخلاقی بەرز و کەسایەتیی شۆڕشگێرانە و زانایی و شارەزایی، بەرێزیان لە هەموو بوارەکاندا نە لەبەرچاوی خەڵک وون بووە و نە لەبیر خەڵکی کوردستان دەچێتەوە. هەر بۆیە هەنووکەش ڕوانگە و بۆچوون و ڕێبازی شەهید قاسملوو وەک چرای ڕووناکی ڕێگەی ئەم شۆڕشە ترووسکە و بڵێسەی هەیە و وێنەکانی و وتە بەنرخەکانی لە شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) لەرزە و چەقوچۆی خستۆتە دڵی تاریکی حکوومەتی پەت و سێداری ئیسلامی ئێران.

کەم نین ئەو گەنج و لاوانەی بۆ بەچۆکداهێنانی حکوومەتی ئاخوندی، لەژێر کاریگەری بەرحەقبوونی خەباتی شەهید قاسملوو دا دژوارترین ڕێگەی خەباتیان هەڵبژاردووە و ئەمرۆ بوونە زایەڵەی دەنگی بوێری حیزبەکەی شەهید قاسملوو.

بێگومان درەنگ یا زوو شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) بە لووتکەی سەرکەوتن دەگــا، خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان بە ئیلهام‌ وەرگرتنلە ڕابـــردووی پڕ لە شانازیی شەهید قاسملوو و حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد و هەروەها بە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆیان شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەنەوە شوێنی بە یەک گەیشتن، بۆ بەگژداچوونەوەی سوپای جەهل و نەزانی ئیسلامی ئێران.

لە کۆتاییدا دەنگ و ڕەنگ و قسە و وێنەکانی شۆڕشگێران و یەک لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئەم بزووتنەوەیە شەهید قاسملوو، کە وەک ئارشیوی ئەم مێژووە خوێناویەی گەلەکەمان، ئەمڕۆ دەستاوەدەست دەکەن بەرهەمی زەحمەتەکانی شەهید دوکتور قاسملوویە و وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە وردبینی و دووربینیی بەڕێزیان بوو کە ئەمڕۆ ئارشیوی ئەم شۆڕشە بۆتە چرای خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی کورد و بە دەرس و ئەزموون وەرگرتن لەم مێژووە، ڕەوڕەوەی ئەم شۆڕشە هەروا بەرەوپێش دەچێت.

ئەم وتارە بۆ کتێبی “لەژێر ساباتی قاسملوو”، نوێترین بەرهەمی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادە کراوە.
سوپاس بۆ زەحمەتەکانی کاک عەلی بداغی و گشت هاوکارانی لە چاپەمەنی حدکا.