کاریگەریی دوكتور قاسملوو لە گەشەسەندنی حیزبی دێموكراتدا. ئا: کاوە بەهرامی

کاریگەریی دوكتور قاسملوو لە گەشەسەندنی حیزبی دێموكراتدا. ئا: کاوە بەهرامی

لە سی‌وچوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدكرانی دوكتور قاسملووی بلیمەت، سەركردە، زانا و بەتوانای حیزب و گەل، بە ده‌ستی دیپلۆماتە تێرۆریستەكانی كۆماری ئێسلامی لە پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، ڤیەن، وێڕای نوێكردنەوەی پەیمانی وەفا و درێژەدانی خەبات، چەند تایبەتمەندییەكی ئەو ڕێبەرە مەزنە وەك وەبیرهێناوە هێمای بۆ دەكەم.

١ـــ سەرەتای گەشەسەندنی حیزبی دێموكرات دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێكی سكرتێریی دوکتور قاسملوو و ئامادەكردن و نووسینی به‌رنامه‌ و پێڕه‌وێکی مۆدێڕنی سەردەمیانە بۆ ئەم حیزبە.

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە لەیەک خەت دا دەڵی دوکتور قاسملوو ڕینێسانسێکی لە حیزبی دیموکرات کە لە ساڵی ١٩٧٠ لە دەرەوەی وەڵات گەڕایەوە، وەڕێخست.

٢ـــ ڕێكخستنەوە و بووژانەوەی حیزب لەو هەل و مەرجەدا لە بواری تەشكیلاتی لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران دژبە ڕێژیمی پاشایەتی و هەروەها پاش سەركەوتنی ئەو شۆڕشە بە گۆڕانكاریی تایبەتیی سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕش.

٣ـــ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاردانی حیزب وەك یەكێك لە گرینگترین خاڵەکانی ڕێبەریی حیزب پێوەندیدار بە بوارەكانی سیاسیی و دیپلۆماسی.

بۆخۆی دەڵێ: ئێمە حیزبێکی سەربەخۆین و سەربەخۆی خۆمان لە هەمووشتێکی دیکە خۆشتر دوەێ. ئەوەی بۆ خۆمان بەقازانجی بزانین جێبەجێی دەکەین، هیچ کەس نەزەری خۆی بەسەرمانا نەسەپاندووە.

٤ـــ ڕێكخستنی تەشکیلاتیی تایبەت لە شار و گوندەكان لەپاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران.

٥ـــ ئۆرگانیزەکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەپاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هەوڵدان بۆ پوشتەو پەرداخ كردنی ئەو هێزە.

٦ـــ هەوڵدان بۆ چارەسەری ئاشتییانه‌ی دۆزی ڕەوای كورد و پێوەندیی گرتن لەگەڵ ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت بەرلە هاتنەسەر دەسەڵاتییان. لەگەڵ خومەینی لە پاریس و دواتر لە تاران دانیشتبوو.

٧ــ باوەڕێکی قووڵی بە دێمۆکراسی هەبوو، ئەو دەیگوت؛ ئێمە دێمۆکراسیمان هەر بەو جۆرەی کە هەیە دەوێ، یانێ دێمۆکراسی ڕاستەقینە. دێمۆکراسی شتێک نییە پەیوەست بە یەک لا بێت بەڵکوو ئی هەمووانە. هەر لەو بارەیەوە دەکرێ بڵێین دوکتور قاسملوو پایەدانەری دێمۆکراسی بوو. دوکتور دەڵێ؛ هەرگیز خەبات بۆ دێمۆکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یا خەباتی چینایەتی چوونکە ئەو هۆی بنەڕەتی پێکهاتنی حیزبی دێمۆکراتە و تا حیزبی دێمۆکرات ماوە، دێمۆکراسی مەبەست و ئامانجە.

٨-ئەخلاق بۆ دوکتور قاسملوو لە سیاسەت دا گرینگیی تایبەت بەخۆی هەبوو، بۆیە دەڵێ: ئێمە بێ ئۆسوولی و جنێوفرۆشی لە سیاسەت دا ڕەت دەکەینەوە، بۆ جێگیرکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا دەبێ تێبکۆشین، ئێمە یەکەم ڕێکخراو بووین ئەخلاقمان واردی سیاسەت کرد.

٩-دوکتور قاسملوو بایەخی تایبەتی بۆ ڕێزگرتن لە ژن وەک مرۆڤێک و هەروەها هاوبەشی پیاوان دادەنا. پێی وابوو کە پێویستە هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوایەتی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان، شان بە شانی ئەو خەباتە، هەرەپێویستبوونە.

هەر پێوەندیدار بە هەڵسووکەوتی ڕێژیم لەگەڵ ژن دەڵێ: بە بڕوای حیزبی ئێمە، ژنان هەرچی زیاتر لە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوتووتر و هەرچی لە بزووتنەوەی سیاسی ـــ نەتەوایتیدا ژن تێکۆشەرتر بن، بزووتنەوەکە پێشکەوتووتر و شانسی سەرکەوتنی زیاترە.

١٠ـــ سەرەڕای بوونی جەنگ لە کوردستان بەڵام کاک دوکتور بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی تەنانەت پێش لە هاتنەئارای ئەو پیلانانەش تێکۆشانی هەبوو.

١١-کاک دکتور قاسملوو نوسەرێکی بەتوانا بوو و وەک ئەندام لە ئەنجومەنی جیهانی “قەڵەم” وەرگیرا دوکتور شەرەفکەندی دەڵێ؛ دوکتور قاسملوو زانا بوو، زانا لە بواری سیاسی، زانا لە بواری ئابووریی، زانا لە بواری کۆمەڵناسی، زانا لە بواری مەسائێلی عیلمی، زانا لە بواری ئەدەبیات و هۆنەر و …

١٢ـــ پێوەندیگرتن لەتەک وڵاتانیی بیانی بۆ پاڵپشتی و پێشتگیری لە كێشە و ململانێی ناو ئێران و كوردستان.

١٣ــ گەلی كورد ساڵانێكی دوور و درێژبوو کە خەباتی بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی دەكرد بەڵام بۆ ناساندنی ئەو خەباتە هەوڵێكی ئەوتۆ نەدابوو. دوكتور قاسملوو وەك كەسایەتییەکی حیزبی و سیاسیی و ئاكادیمی، شوێندانەریی تایبەتی هەبوو لە ناساندنی خەباتی گەلی كورد لەسەر بیروڕای گشتیی جیهانی.

١٤- نووسینی کتێبەکانی “كوردستان و كورد” و “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی” وەكوو دوو سەرچاوەی گرینگ و جێگەی باوەڕی خەڵكی كوردستان. بەرهەمی یەکەم کوردستان و کورد بە چەند زمانی زیندووی جیهانیی وەرگێڕانی بۆ کراوە.

١٥- بەشداریی لە بابەتگەلی گۆڤار و ڕۆژنامە بیانییەكان وەك نووسەرێكی كورد بۆ سەرەنج‌ڕاكێشانی ئەوانە بۆلای نەتەوەی کورد.

١٦ـــ بەشداری لە كۆڕ و کۆنگرەکانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست كە سەردەمانێک بۆ ناساندنی گەلی كورد، ئۆرگانێكی جیهانیی بەهێز بوو.

١٧- دامەزرانی پێوەندیی لەتەک كەسایەتییە بیانییەكان و ناساندنی دوژمنانی كورد بەوان لە بارودۆخە جۆراوجۆرەكاندا.

١٨- كەڵكوەرگرتن لە زانستیی سیاسیی و دیپلۆماسی بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی حیزب.

١٩- بوونی لە مەیدانی كردەوە لەگەڵ كادر و پێشمەرگە وهەروەها هاوڕەنگی و هاوجلوبەرگی و هاوخەباتی لە كوردستان لەكاتی بەربەرەكانێ دژبە ڕێژیم.

٢٠- هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس

٢١ـــ مودیرییەتی درووست و بێ‌وێنە بۆ هەماهەنگی ڕێبەریی حیزب و رێکخستنی ئۆرگانەکانی رێبەری حیزب

٢٢ـــ پێڕاگەیشتن بەسەر بەرەکانی شەڕدا چ لە كاتی هێرشی ڕێژیم و چ لە كاتی شەڕی جبهەیی.

٢٣ـــ چاودێری ڕاستەوخۆ و حزووری لە نیزیکترین بەرەكانی شەڕدا.

٢٤ـــ ئامادەكردنی چەك و كەرەستەی پێویست و هەروەها ئامرازیی پێوەندیگرتنی نێوان هێزەکان كە خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر چەکدارانی کۆماری ئیسلامیدا.

٢٥ـــ وردبوونەوە لە سێ قۆناغی شەڕی دژبە كۆماری ئێسلامی و ڕێكخستنی ئەو قوناغانەی شەڕ، واتە شەڕی جبهەیی، شەڕی جبهەیی و پارتیزانی و شەڕی پارتیزانی کە ئەو شەڕە هەتاکوو ئێستەش بەردەوامە.

٢٦ـــ دامەرزاندن و ڕێكخستنی فێرگەی سیاسیی ــــ نیزامی بۆ ڕاهێنان و بارهێنان و فێرکردنی لاوان و بەشداری پێکردنیان لە شۆڕشدا.

٢٧ـــ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ڕادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران كە باشترین بیرۆكەکانی دوكتور قاسملوو بوون و ئەو وەسیلەیە توانی كاریگەریی باش بە سەر ورە و وزەی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان و تەنانەت لاوازکردنی هێزی دوژمن دابێت.

٢٨ـــ دامەزراندنی دەزگاكانی چاپەمەنی و كۆمەڵایەتیی بە تایبەت نەخۆشخانە كە لە ڕێگەی خۆیەوە پزیشکانی بێ سنوور و بیانی لە سازمانی A.M.Iبەردەوام بە پێشمەرگەی نەخۆش و بریندار، ڕادەگەیشتن.

٢٩ـــ هەوڵدان، داهێنان و نوێگەریی بۆ هێنانی خوێنی تازە بۆ ڕێبەریی و ڕیزەكانی حیزب كە كاریگەریی ئەرێنی زۆرباشی بۆ پەروەردەی کادر و بارهێنانی گەنجان بۆ ڕێبەریی و ڕیزەکانی حیزب هەبوو.

٣٠ـــ جەختکردن لەسەر پیادەكردنی نەزم و دیسیپلینی ئاگایانە بۆ باشتر پێوەندیی گرتن و ڕێكخستنی ڕیزەكانی حیزب.

٣١ـــ بەهێز كردنی بنەمای ماڵیی حیزب و هەوڵدانی بۆ ژیانێکی سادەی پێشمەرگانە و بنەماڵەكانیان.

٣٢ـــ لە كۆتاییدا، لەهەر هەل‌ومەرجێکدا بە پێی توانامان درێژەدەری بەكردەوەی ڕێگەی دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی دەبین و هیچ گێژەڵووكەیەك نامان جمینێتەوە.

بۆ پێشەوە تا سەركەوتن بەسەر نەزانی و تاریكی دا.

بۆ زانیاری لەسەر ڕوانگە و تێڕوانینی دوكتور قاسملوو لە كتێبەكانی “تاڤگەی حەقیقەت” كەڵك وەرگرن كە كۆكەرەوەی ئەو بەرهەمانە، نووسەری ئەم دێڕانەیە.