لەبیرکردنت کارێکی ئەستەمە. مەولوود سوارە

لەبیرکردنت کارێکی ئەستەمە. مەولوود سوارە

١٣ی جوڵای ٣٤ ساڵ بەسەر تێرۆری دکتۆر قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێمۆکرات و ناسراوترین رێبەری کوردەکانی رۆژ هەڵات تێدەپەرێ. قاسملوو پاش بەشداری لە کۆنگرەی ئەنترناسێوناڵ سۆسیالیست کە لە سوئید بەڕێوە چوو، بۆ وتووێژ و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتیی کوردەکانی ئێران و، درێژەی وتووێژەکان دەگەڵ بەڕواڵەت نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران چوو بۆ ڤییەن.

قاسملوو لەسەر ئەساسی ئەو فکرییەتە کە هەر لە بنەڕەت‌را کورد خوازیاری شەڕ و کوشت و کوشتار نییە و، لەلایەکی دیکەش ڕاست لەو کاتانەدا کە ئێران پاش هەشت ساڵ شەڕی وێرانکارانە دەکەڵ عێراق تازە کۆتاییان بە ئاگری شەر هێنابوو و، ئێران پێویستی بە برێک ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی وێرانی خۆی هەبوو، ئەو بە مەبەستی یارمەتی بە دۆخی خەراپی ئەوکاتی ئێران و بۆ نیشاندانی نیازپاکیی زیاتری کوردەکان هەوڵی سازان و کۆتایی شەری کوردستانیشی دەدا. هەر بەو مەبەستەش بێ لەبەرچاوگرتنی باری ئەمنییەتیی دانیشتنەکان دەگەڵ بەڕواڵەت دیپلۆماتەکانی ئێران چووە پشت مێزی وتووێژ. ئەو بە نییەتی باش و کۆتایی شەرەکانی دەرەکی و نێوخۆیی و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی کوردەکان و، هەوڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی وێرانی پاش شەری هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق کەوتە وتوێژەوە. لایەنی بەرانبەریش واتا دەسەڵاتدارانی ئێران لە جیاتی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە، وەک سیاسەت و ئیدە و رەوشتی نەگۆڕیان، کە کوشتن و تێرۆر و لەناوبردنە، پیانیان بۆ لەنێوبردنی قاسملوو و هاورێیاکانی دارشتبوو.

تێرۆری ڤییەن، نە یەکەم کوشتار و تێرۆری دەسەڵاتدارانی ئێران بوو و، نە بەم تێرۆرەش کۆتاییان بە سیاسەتی لەناوبردنی نەیاران و جیابیرانیان هێناوە. لە ماوەی هاتنە سەرکاری مەلاکان لە ئێران ،هەتا ئیستا زیاتر لە شەست هەزار کەس لە کوردەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە چالاکانی مافە ئینسانییەکانی کورد لە باشوری کوردستان، بێ لەبەرچاوی گرتنی سەروەریی وڵاتی جیران لە لەلایەن تیرۆریستەکانی ئیرانەوە لەبەین چوون. بە دەیان کەس ڕفێندراون و بێ سەروشوێن کراون. زۆربەی وڵاتانی ئوروپایی و ئاسیایی و تەنانەت ئاسیای دوریش، بۆتە مەیدانی تەڕاتێنی پیاوکوژانی دەسەڵاتدارانی ئێران. کوشتن و تێرۆر و لەنێوبردنی نەیاران و جیابیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ هیچ کەس و لایەنێک تازە و نەبیستراو نییە.

لەلایەکی دیکەش خەباتی کوردەکان کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراون و، ئەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەچێ کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی بێ‌پسانەوەیان هەیە، ئەگەر لە ڕابردوشدا هەوڵ دەدرا تەنانەت دەنگدانەوەی خەباتەکەشیان کپ کرێ، ئیستا بۆ هیچ لایەک شاراوە و نادیار نییە. بێگومان ئەوانەی د. قاسملوویان ناسیوە دەزانن کە بیر و ئەندیشەی ئەو پیاوە دەیتوانی بۆ بنەبڕکردنی زۆر لە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەکار بێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەی چۆن بوو کە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی وڵاتی ئوتریش بە بەرچاوی هەموو جیهان و بە ئاشکرا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دوو وڵات، کە بێگومان ئەوەندە گەورە نەبوون کە هەموو بایخە مرۆوایەتیەکانیان بۆ ژێر پێ بخرێ، ناردرانەوە تاران؟ ئایا نەدەبوو وڵاتانی ئوروپایی کە ناوەندی دەسەڵاتی دێمۆکراتیکی جیهانن، و بۆ خۆیان دەڵێن لەسەر مافی مرۆڤ بە جوابن، لە ئاست ئەم کردەوە نائینسانییەدا دەنگی نارەزایەتیتان هەبا؟ بڵێی کوردەکان بەم زوانە ئەم غەدرەی دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش فەرامۆش بکەن؟

هەموو لایەک باش دەزانن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆتە بنکە و ماکەی تێرور و کوشت و کوشتار نەتەنیا لە وڵاتەکەی خۆی، بەڵکوو چاوی تەماحی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بنیادنانی دەسەڵاتێکی ڕەشی مەزهەبی و ئیدئۆلژیک، هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە و گەمە سیاسیەکانی ئێران ئیستا لە ناوچەدا بەتەواوی ئازادانە بە بەرچاوی هەموو گەورە هێزەکانیشدا خۆ دەنوێنێ و چاوی لە پشک و هێژمۆنیی زیاترە. ئەوان لەهەر جێگایەک بن، کوشتن و ژێر پێنانی بایەخە ئینسانییەکان بەدیاری دێنن، و کوردیش ئیستا لەو چوار وڵاتەی جیراندا بە گشتی بوونەتە قەڵخان و لە بەرانبەر تێرۆر و تێرۆریزم و دەسەڵاتە دواکەوتۆکاندا لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و قوربانیدانن. بۆیە نارەوایە ئەگەر ئەم فیداکاریانە بێ وڵام بن و خەبات و قوربانیدانی ئێمە کە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکە و دانیشتوانی و پێکهێنانی شوێن و بازارێکی ئەمین بۆ هەموو لایەکە لەبەرچاوان ون بێ و نەبیندرێ.

هەموو لایەک باش شارەزان کە کورد ئیستا گەورەترین میللەتی بێ وڵاتی جیهانە و بە توندترین شیوەی مومکین سەرکوت دەکرێ. حەق وایە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەکیش‌دایە کە کورد بایەخی زیاتری پێ بدرێ و پشتی خەباتە ڕەواکەی بگیرێ. بۆ ئەوەش پێویستە پتر پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکرێت.

هەمووان دەبینین کە دوکتور قاسملوو و ڕێباز و سیاسەتەکانی حیزبەکەی وای کردوە لەنێو کۆمەڵانی خەلکی کوردستاندا هەر وا خۆشەویست و جێگای متمانە خەلکەکەی بێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەوەی بەتەواوی سەلماند و دەری خستەوە کە حیزبی دێموکرات هەروەك جاران پێشڕەو و هێزی شوێندانەری گۆڕەپانەکەیە و قوتابیانی ڕێبازی قاسملوو ئەو بەڵینیەیان بە شەهیدانیان داوە کە هەتا سەر وەفادار و شێلگیرانەتر لە جاران ئەم ڕێگایە ببرن.