ئازایەتیی فەرماندە فاتمی کورد، و چەند قسەیەک. حەسەن حاتەمی

ئازایەتیی فەرماندە فاتمی کورد، و چەند قسەیەک

کتێبی دەنگی “خوشکان و کچەکانی ئێمە” (خواهران و دختران ما) نووسراوەی “احمد کسروی”م گوێ لێدەگرت. ئەو کتێبە لە کۆمەلێک نووسراوەسەبارەت بە ژیان، هەڵسوکەوت لە کۆمەڵگەی ئێران و بەشێک لە رووداوەکانسەبارەت بە ژنان و کچان، لە ساڵی ١٣١٢(١٩٣٣) لە مانگنامەی “پیمان” دا، چاپ کراوە. ئەویش دوای لێکۆلینەوەیەکی ٣٠ ساڵ پێش لە نووسراوەکە، لە نێو هەناوی کۆمەڵگەی شار و لادێ لە ئێرانی ئەو کاتی دا.

یەکەم چاپی کتێبەکە لە ساڵی ١٣٢٣ (١٩٤٤) لە چاپخانەی پەیمان لە تاران کراوە و ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥) بۆ جاری دوویەم چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هەر ئەو ساڵەی کە “کۆمەڵی فیداییانی ئیسلام” بە ڕێبەری نەوابی سەفەوی، ئیلهام وەرگری خامنەیی وەلی فەقیهی موڵەقەی دوویەم، لە کۆشکی دادگوستەری تاران لەگەڵ مونشییەکەی حەدادپوور بە تاوانی جیابیری و ڕووناکی نووسی و بوێر بێژی کەسرەوی لەبەرانبەر”شیعەگەریی و خورافات” دا، تێڕۆر کران و گیانیان لێئەسێندرا.

کتێبەکە باسی فەرماندە فاتمە ڕەشی ئازا و بەجەرگی کورد لە خولەکی ٤٠ و ٥٥ چرکە، هەتا ٤٢ خولەک و ٢٥ چرکە، لە ٢ سەعات و ٤٤ خولەکییەکە دەکا، کە بە دەنگی خاتوو نەسیم و بەکاری فەننی ئاغای قاسمی قەرەداغی لە بڵاوکراوی دیجتاڵی “آوای بوف” کە کتێبە ‌هێڵە سوور بەزێن “تابوو شکێن”کان، بڵاو دەکاتەوە؛ بەو جۆرە کراوە کە:”ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنووسم کتێبی “توردوومن” لەبەر چاومە. وێنەیەکی تێدایە ژنێک سواری ئەسپێک بووە و چەند چەک بەدەستی لە پشتەوەی دەڕۆن. ئەو ژنە کە بەناوی “قرە فاطمە” (فاتمە ڕەش) دەناسرێ، و لە کتێبەکان دا، باسی دەکرێ؛ سەد (١٠٠) ساڵ لەوەپێش لە کوردستان دەژیا و سەرۆکی یەکێک لە هۆزەکانی کوردان بووە.

 ئەوکات شەڕگەلێک لەنێوان رووس [عورووس] و عوسمانی لە ئارا دابوون. لەیەكیک لە شەڕەکان دا، کە ڕۆژێک عرووسەکان ئەرزەڕۆمیان گەمارۆ دابوو،ئەو “شێرە ژنە” لەگەڵ سێ، چوار کەس لە هاوڕێیانی خۆی، هاتبو ئەوێ و یارمەتی عوسمانییەکانی دەکرد. لە شەڕی دا، ئازایەتیی زۆری دەنواند. شەویڕۆژێکیان پلانێک چێ دەبێ و چەند کورد و تورک دەکوژرێن و سەنگەرێک لە دەست کوردان و تورکان دەردەهێنرێ. ئەو پیلانە قەرە فاتم [فاتمە ڕەش] زۆر نارەحەت دەکا. بۆ سبەینەکەی دەچێتە شاری و ژمارەیەک لە ژنان و کچان لەگەڵ خۆی دەخا و هەمووشیان چەکیان پی نابێ. زۆریان، شمشیر، تەور یا ساتوور بەدستەوە دەگرن و فاتمە ڕەش وەپێشیان دەکەوێ و هێرش بۆ عرووسان دەبن. شەڕێکی زۆر خوێناوی کرا،و سەنگەرەکە گیرایەوە. *

لە ئاکامی ئەو ئازایەتیی و بوێرییەدا، ناوی فاتمە ڕەش دەبێتە “وێردی سەرزمان”. ناوبانگەکە جۆرێک بڵاودەبێتەوە کە سوڵتانی عوسمانی بانگی دەکاتە ستانبوڵ و زۆری ڕێز دەگرێ. [کەسرەوی لە درێژەی نووسراوەکەی دا، دەنووسێ]، ئێوە بیر بکەنەوە ئایا وەکوو ئەو قارەمانەتییە لە لایەن ژنان و کچانەی ڕووگر(سەرودەمووچاو داپۆشراو) دەتوانێ چێ بێ!؟ ئایا ژنێک بە چارشێوە و چاقچوور[جۆرێک دەرپێی ئەستوور هەتا خوار گوێزینگان] دەتوانێکاری ئاوا بکا؟

 لە ئێران دا مەشڕووتە چێ بوو، و لە زۆربەی ئێرانێ بزووتنەوە هەبوو. بەڵام بزووتنەوەیەکی ئەوتۆ لە لایەن ژنانەوە، نەهاتە ئاراوە. ژنانێک کە نەیاندەزانی مەشڕووتە چییە، وڵات چییە و نەیاندەویست شت بزانن!؟ چۆن دەیانتوانی لەو بزووتنەوە گەلە دا بەشدار بن. بێچارە ئازادیخوازەکان زۆرهیوادار دەبوون کە،ناوێکیش لە ژنەکان بوایە. یەک دوو شانۆ بە ڕوواڵەت و بەزۆری چێ کرا؛ بەڵام سوودیان نەبوو. ژنانی ڕووگر لە دەرەوەی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگە بوون…بەداخەوە بۆ حێسب لەسەرکردن نەدەبوون. و… “.

ئەو قسانەی ئێستا گوتراون ٩٧ ساڵ پێشتر نووسراون و ١٩٧ پێشووتر ڕوویداوە. لە حاڵیک دا، لە هەر قۆناغیک دا، کە بەجۆرێک ڕەخسا بێ، ژنان و کچان ئێمە کەم و زۆر لە مەیدان دابوون. قەدەم خێرخاتوونی لوڕستانی لە زەمان ڕەزا شا دا، دوای کوژرانی براکانی لەشەڕ و بەربەرەکانی، فەرماندەرێکی چاونەترس و بوێربوو، کە گیانی فیدای هۆویەت و بیروباوڕی دژی سەرەڕۆیی کرد، ئەویش شیرە ژنی دوویەمی نەتەوەکەمانە.

لە ٥٢ ڕۆژ دوای ڕایگەیاندنی کۆماری کوردستان، حیزبی دێمۆکراتی ژنانی کوردستان دامەزرا. مینا خانمی قازی یاد بەڕێز بە یارمەتی پێشەوا قازی محەممەد شەهیدی نەمر و هاوبیرەکانیان خەباتێکی مەدنیی نوێیان بۆ خوێندەوارکردنی ژنان و کچان، بەشداری لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی کۆمار و کاریگەری هەنگاو بەهەنگاویان لە بەشێکی ڕەخساو لە کۆمەڵگەیڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی توانا ئەنجام دا. داستانی “شێرە ژن” ی سێیەملە سەقز “یای زێڕەوشان”، کە سێ کوڕی لە دار دران لە لای دوژمن، شینگێڕی نەکرد و شانازی بە کوڕەکانی و سەرجەم ١١ سەردارەکانی بەدار داکراو و گێان لێئەستێندراو کرد.

٣٢ ساڵ دواتر لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران دا “ڕێکخراوی ژنان” لە مەهاباد، کۆڕی ڕێکخراوی ئافرتان” لە سەقز و “یەکیەتیی ژنانی مەریوان”، دامەزران و خەباتیی مەدەنیان دەست پێکرد. لە شەڕی سێ مانگە و دروستبوونی پێشمەرگەی بەرگریکاری ژنان و کچان و هاوسەنگەر لەگەڵ پیاوان و کوڕانی پێشمەرگە، لە بزووتنەی ماف خوازانەی نەتەوەی دا، بەشداریان کرد و گیانیان لە سەنگەرەکان و زیندانەکان دا، لە درێژەی خەبات لێئەستێندرا. لە شاخ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەند رێكخراوی دیکەی ژنان بە پشتیوانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ئارایی لە خەبات دا، پێکهاتن و نزیک ٤ دەیەیە لە نیشتیمان و تاراوگە دا، بەشێکی گرینگن لە مێژووی دروشاوەی خەباتی مەدەنیی نەتەوەکەمان دا.

ئێستا  کە ئەو دێڕانە دەنووسرێن ٢٩٢ ڕۆژ لە ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا/ مەهسا، “شێرە کچ” ی چوارەمی گەلەکەمان تێدەپەڕێ کە، ژنان و کچان لە کوردستان بەو پاشخانەی باسیان کرا، بوون بە پێشەنگی لابرانی ڕووپۆش و سەرپۆش و “بانگی ئازادی و گرووی یەکسانی” یان لە ئێرانی فرەگەلی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، چڕی و لەگەڵ پیاوان و کوڕانی فیداکار بۆ مافی پێشێلکراوی نەتەوەیی لە سەرانسەری ئێران و جیهان بە دژی “توتالیتاریسمی ئیسلامی” خەباتێکی بەربەرین و ڕۆنێسانێکی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی دەستی پێکردوە، کە بە یەکگرتوویی و کۆ دەنگی و قبووڵی “رنگین کمان”ی نەتەوەیی و فرە بیری بە ئەنجامی ئەرێنی (موسبەت) دەگا.

سەرچاوەکان

* یوتییوب” کتاب صوتی خواهران و دختران ما، در دقایق ٤٠:٥٥ تا ٤٣:٢٥ ،تولید و پخش آوای بوف، گویش، نسیم، امور فنی، قاسم قرەداغی، ١٤٠٢.”

* ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٢٥، سالی یکەم، یەك شەممو، ٢٦ ی رەشەمە ١٣٢٤، ١٧ ی مارسی ١٩٤٦، ل. ٢٥

* – ئەحمەد ئەسکەندەری، بیرەوەری و یادداشت ١٩٤٨- ١٩٨٠، ل. ٢٣٨-.

حەسەنی حاتەمی، ٤/٧/٢٠٢٣، بەرانبەر بە ١٣ ی پووشپەڕی ١٤٠٢