شاره‌كه‌م سه‌رده‌شت. نووسینی: سه‌ید ئه‌حمه‌د حوسێنی

ئێستا ‌پاش ‌نیوه‌رۆیه‌كی ‌گه‌رمی‌ روژی ‌٧ ی ‌یه‌كم‌ مانگی ‌هاوینه, ‌سه‌رده‌شت ‌تازیه‌باری ‌رۆڵه‌كانی ‌شاخه‌ و ئازاری‌ جه‌رگ‌بڕی ‌پۆستاڵی ‌داگیر‌كه‌ر ‌ده‌چێژێ ‌و له ‌باوش گرده‌سوور دا خۆ ڕاده‌ژێنێ‌ و دوور ده‌ڕوانێته‌ هۆمل‌ و گێاڕه‌نگ‌ و ده‌شتی ‌ڕه‌به‌ت. نێزه‌رۆ به‌ سه‌ر ڕه‌زی ‌جۆڵای دا شۆڕ بۆته‌وه ‌و له ‌مه‌لا‌پیره‌ ئاڵاوه ‌ماره‌غا‌نی ‌داستانی‌ قووچی‌ بۆ نیسكاوێ‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و باسكه‌دوو ‌شێعری‌ حه‌ماسه‌ی پردی‌ بریسوێ و سێ‌ ڕێ‌یان‌ دا ده‌ڕێژێ. لاوانی ‌شار دوان‌دوان‌ و سێ‌سێ ‌دێن‌ و ده‌چن‌ و قاره‌مانه‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ره‌كانی نستان ‌‌‌و دارساوێن و گرژاڵ و بیوران ‌دا بۆ‌ یه‌كتر ‌ده‌گێڕنه‌وه، ‌جۆانه‌ كیژیكی‌ ڕه‌ش ‌پۆش فرمێسكی‌ دووری ‌ده‌زگیرانه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ی هه‌‌لده‌رێژێ و دایكێك‌ وێنه‌ی تاقانه ‌شه‌هیده‌كه‌ی‌ له‌ پیش‌ خۆ ‌داناوه‌ و پێی‌ هه‌ڵده‌ڵێ. مناڵانی‌ گه‌ره‌ك به‌ ده‌م‌ فرۆشتنی ‌نوقڵ ‌و شیرنیه‌وه باسی‌ گێانبازی ‌حوسین‌شه‌مامی ‌و میرزاعبد‌وڵای ‌نێشكۆڵان ‌و عه‌لی ‌شوانه ‌و ره‌سوڵ‌ خه‌بات‌ ده‌كه‌ن. ژنانی ‌لادێ ‌له ‌ده‌وری ‌سه‌رچاوێ ‌‌گێا و ‌گۆڵی ‌كوێستان‌ و ماست‌ و په‌نیرێ‌ خۆماڵیان فروشتوه‌ و سه‌رقاڵی‌ كرینی‌ پێداویستیه‌كانیانن‌، شۆرمه‌زه ‌و بامێه ‌و زولبیایی ‌شیله‌دار بازاریان‌ گه‌رمه‌، چاخانه‌ و كه‌با‌بخانه‌كان‌ جمه‌یان‌ دێت‌ و بۆن و به‌رامه‌ی ‌ئاڵه‌ت‌ و زه‌رده چێوه‌ و دارچینی‌ دوكانی ‌نه‌ریمانی‌ تۆمار تۆمار ده‌روات، محه‌ممه‌‌دی‌ هه‌باسی ‌‌به‌ڕه‌یه‌كی‌ به ‌سه‌ر شانی‌ دا داوه له‌و سه‌ری ‌شه‌قامه‌كان بۆ ‌ئه‌و سه‌ری ‌شه‌قامه‌كان‌ دێت‌ و ده‌چیت‌ و هه‌راجی‌ ده‌كات، مینه ‌بێتوشی‌ بڵێندگۆ ‌به‌ ده‌ست په‌یتا په‌یتا ئاگاداری بڵاو ده‌كاته‌وه‌‌، قاله ‌قه‌یسی ‌پر به ‌زار له‌ به‌ر ده‌رگای‌ گاراجه‌كه‌ی ‌شار‌ ها‌وار ده‌كات، ‌جگه‌ له ‌قه‌ڵافه‌تی‌ خۆ سه‌پێنی ‌پاسدار و جاش‌ و سه‌ربازه‌كان ‌هه‌موو شتێك ‌وه‌ك جاران ‌ئاسای‌یه ‌و شار دیمه‌نێكی ‌تازیه‌بار و هێمنی‌ هه‌یه،‌ چه‌ند فروكه‌ی ‌شه‌ركه‌ر بۆردومان، چوار ‌پینج‌ ته‌قینه‌وه، ‌‌دوكه‌ڵ‌ و ته‌پ‌ و تۆزێكی ‌سامناك ‌سه‌ر ئه‌نجام ‌بۆنی ‌سێو سه‌رانسه‌ری شار داده‌گرێ، هاوار و زیقه و هه‌ڵات‌ هه‌ڵات‌ و تێك‌ هاویشتن شین‌ و ڕۆڕۆ و بڵاو بوونه‌وه‌ی ‌هه‌واڵی ‌بۆمبارانی‌ شیمیایی‌. خانووی ‌ڕوخاو بڵێسه‌ی ‌ئاگر، ‌بۆمب، ‌په‌نجه‌ی به‌ هێزی‌ گازی شیمیایی، له‌شی ‌بێ ‌گێان، چاوانی ‌لێڵ‌ بوو، پێستی ‌سوتاو‌ و هه‌ناوی‌ گڕ گرتوو، قڕ بوونی‌ بنه‌ماڵه ‌و سه‌دان ‌شه‌هید و هه‌زاران بریندار ‌له‌ چركه ساتێكی‌ گه‌لێك‌ كورتدا ده‌بێته‌ چاره‌نووسی ‌ سه‌رده‌شت شاری ‌ئارام گرتووی ‌باوه‌شی ‌‌‌گرده‌سور

هۆ شاره‌كه‌م

کاتێك ‌ئه‌سپی‌ جوبره‌ئیل ‌له ‌شه‌قام ‌و كۆڵانه‌كانتدا‌ حیلاندی ‌‌و وحی‌ گیان‌ كێشانی ‌دا به‌ ئیزرائیل‌ لاشه‌ی ‌سه‌دان‌ كه‌س ‌له‌ سه‌ر پشتی ‌ماندوت ‌ریز كران، كاتێك‌ زه‌ویه‌كه‌ی پیش ‌حه‌مامی ‌ئازادی ‌سینگی‌ كرده‌ به‌رماڵی‌ نویژی ‌به‌ جه‌ما‌عه‌تی زامدارانت ئاسمان‌ كوژایه‌وه و ‌زه‌و‌ی ‌له ‌تاریكای ‌دا و ‌هه‌تاو له ‌شامی‌ غه‌ریباندا‌ خه‌ریكی‌ ته‌لیله‌ بوون‌‌، منیش‌ لێره‌وه هاوڕێ‌ له‌ گه‌ڵ زكری ‌با ‌‌‌و شاخ له‌ پاڵ‌ تاشه‌ به‌ردیكی چیای‌ هیوا دا ده‌ستم‌ به‌ قژی‌ گرده‌سور داهێنا تا داوێنی‌ فه‌له‌ك‌ بۆ بارینی‌ بارانیكی ڕه‌حمه‌ت بگرێ بۆ شوشتنه‌و‌ی‌ ژاری‌ فڕوكه‌كان و فرمێسكی كانیه‌مه‌ڕی بكاته ‌دوا ‌چۆڕه‌ ئاوی‌ سه‌ر ده‌می‌ زامدارانت ده‌سته‌ و داوێنی‌ په‌ری‌یه‌كان ‌بووم ‌‌‌تا كه‌زیه‌كانیان ‌بكه‌نه‌ باوه‌شینی‌ زامدارانت

سه‌ردشتی‌زامدارم

ڕۆڵه‌كانت‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ بچنه‌ جێ‌ژوانی‌ هه‌ناره‌كانی ‌ئالان ‌و بن ‌سێبه‌ری ‌داره‌ گوێزه‌كانی ‌ره‌زی‌ جۆڵا و ئامێزی‌ گه‌رمی ‌نێزه‌ڕۆ بوونه‌ چیروكی ‌مه‌رگ، ئێستاش‌ بولبول‌ و قومریه‌كانی ‌بێوران‌ و ماره‌غانی هاوڕێ‌ له‌ گه‌ل‌ شنه‌ی باوه: ‌داستانی ‌ئه‌و ڕوژه ‌ڕه‌شه‌ بۆ گوڵه‌ سووره‌كانی ‌باغی ‌به‌هه‌شتی‌ خوا ‌ده‌گێڕنه‌وه‌ و تاشه‌ به‌رده‌كانی‌ گرژاڵ‌ و بۆڵفه‌ت‌ و زردكه‌ و هه‌رزنێ ‌و كانیاوه‌كانی ‌‌نستان‌ و زمزیران‌ و مێرئاوی‌ گوێی ‌بۆ ڕاده‌گرن.‌

ئه‌و ڕۆژه‌‌ شمشێره‌ كۆنه‌كه‌ی‌ قابیل‌ كاژه‌لاكی ‌سه‌ری ‌ئه‌سحابه‌كه‌ی ‌قه‌راخ مزگه‌وتی‌ سه‌رچاوه‌ی ‌شه‌ق‌ كرد و‌ نوێژی‌ حاجی‌ و سوفی ‌شاری بڕی و ” پیلا تۆ سانه ‌” خۆی‌ له‌ خوێنی‌ ته‌لیله‌یه‌كدا بسمیل‌ كرد‌ و به ‌سه‌ر ‌هه‌ڵدانی ته‌كبیریك‌ بۆ باره‌گای ‌ئه‌ڕحمه‌الڕاحمین ‌ڕجۆع ‌بۆوه, ئه‌و ڕوژه‌ خوێنی هابیله‌کان‌یان‌ كرده‌ گوێزه‌بانه‌ی ‌له‌ دایك‌ بوونی كوڕی‌ ئه‌نفال و جیهاد و‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێكی‌ چڵكنی ‌‌ژاراویان نارده ‌سه‌ر ڕومه‌تی فاتیحا تا فرمێسكی ‌ژه‌هر ببارێنی, ‌ژاریان ‌ئاوێزانی ‌سینگ‌ و هه‌ناو‌ی خه‌ڵكی شار كرد تا به‌ر له‌وه‌ی ‌‌‌ده‌ستیان ‌بگاته ‌هێشوه ‌ترێ‌یه‌كانی ‌ڕه‌زی به‌ختیاری، خه‌زانی ‌خۆزگه‌كانیان ‌له‌ ‌به‌هاری ‌ژیاندا بوه‌رێنن‌ و خه‌رمانه‌ی‌ خه‌ونه‌كانیان ‌‌‌به‌ سایه‌قه‌ی ‌وێشكی ‌ژار سه‌ر‌ ببڕن, مانگی چاوه‌كانیان‌ خسته‌ خۆار, ‌كه‌زیه‌ی ‌تریفه‌ی ‌بزه‌یان ڕنی, ده‌رگای‌ هه‌ناسه‌كانیان ‌داخست ‌‌و تاوانیان‌ كرده داری‌ حه‌د بۆ وه‌ر گرتنی‌ میداڵیای سه‌ركه‌وتن‌ و په‌رێنه‌وه‌ له ‌پردی‌ سیرات

شاره‌دڵگره‌كه‌م

كه‌ تۆ ژار خۆر كرای, ‌زمانی ‌‌بێده‌نگی‌ كه‌نیسه‌ و مزگه‌وته‌كان ‌له ‌دایك‌ بوو ، ڵاڵ‌ بوون ‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی ‌دیكه‌ی ‌مایكڵ‌ جكسۆن بوو به ‌مانشیتی ڕۆژنامه‌كان,‌ چه‌ند سه‌روك ‌كۆمار و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وی‌‌ دونیا‌ ده‌ستی‌ حاكمانی‌ تاران‌ و به‌غدا و ئه‌نكارایان ‌به‌ گه‌رمی گوشی یه‌كیه‌تی ‌ئوروپا و ئینترناسیونالی‌ سوسیالیست ‌هه‌واڵی‌ هاتنه‌ خواری‌ ڕێژه‌ی‌ بێكارانی ئوروپایان‌ به‌ فه‌خره‌وه ‌ڕاگه‌یاند ‌‌‌كوڕانی ‌شاخت‌ كه ‌بیستیان ‌ده‌رمانداو‌ كراوی, ‌وه‌ك ‌ئه‌گه‌رێكی‌ نێوان‌ گۆمان‌ و حه‌قیقه‌ت ‌دیمه‌نی‌ تویان ‌له‌ به‌رده‌م‌ له‌شكری تاعوندا ‌هاته ‌به‌رچاو ‌كه ‌به‌ چاو و سینگی ‌زامداره‌وه‌ وه‌ك‌ دار چنار وه‌ستاوی‌ و به‌ چۆك ‌دانه‌هاتووی‌، پیشمه‌رگه‌كانت‌ چه‌كه‌كانیان‌ سوار كرد ‌و توڕه‌یی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌یان ‌به‌ قرمژنی‌ گولله‌ كرده ‌سمفونی‌ سروودی‌ كوردایه‌تی‌ بۆ كۆڵان‌ و شه‌قامه‌كانت, ‌ئه‌وان له‌ غه‌مزه‌ی‌ چاوانی بریندار و هاڕه‌ی‌ هه‌ناسه‌ی‌ سوار برینی ‌سه‌ر پیستی ‌ڕوله‌كانت ‌تابلویه‌كی‌ بێ‌ وێنه‌یان ‌له ‌سه‌ر روبه‌ری‌ دڵ‌ كیشایه‌وه ‌و له ‌سه‌نگه‌ره‌كانی ( ‌گه‌ڵو و بناوێ ) وه, ‌له‌ مه‌ته‌ریزه‌كانی ‌بێوران ‌و ئالانه‌وه ‌له‌ بنكه‌كانی ‌باژاڕ و مه‌زرایه‌وه ‌سه‌ر ئه‌نجام‌ له ‌سه‌ر چه‌په‌ره‌كه‌ی ‌ئه‌مه‌ر پاشا‌‌‌وه ‌سوجده‌یان ‌برد بۆ قاره‌مانه‌تیت.

ئێستاش‌ منی‌ دوره‌ وه‌ڵات هه‌موو ڕوژێك ‌ژه‌قنه‌مووتی‌ غوربه‌ت ‌به‌ شیله‌ی یادی‌ هه‌نجیره‌كانی ‌ئالانه‌وه‌ ده‌خۆم‌ ‌و له ‌تاریكی‌ شه‌وێكی ‌‌ساردی‌ وه‌ڵاتێكی ‌‌نامۆ دا هه‌نیسكی ژانی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ جاریكی‌تر ده‌كه‌مه، هه‌وێنی ‌شینی‌ به‌ كۆڵم ‌بۆ ته‌رمه‌كانی كوژراوی‌ ژار، لێره‌وه ‌سه‌فه‌رێك‌ به‌ره‌و تراژ‌دیای ‌‌بارانی ‌ژار ده‌كه‌م ‌و ده‌گه‌رێمه‌وه ‌ناو كۆلان ‌و شه‌قامه‌كانی‌‌.

 

خه‌ونه‌كانم ‌‌و چیروكی بێ‌ كۆتایی ‌‌‌‌ڕه‌شبه‌ڵه‌كی مه‌رگی ‌به‌ كۆی‌ شاره‌كه‌م‌ له‌ مه‌لبه‌ندی‌ حه‌سره‌ت ‌و غوربه‌ت دا ده‌نوسم, ‌لێره‌وه‌ منی‌ دووره ‌زێد‌ په‌یامی‌ هه‌ناسه‌ سواری ‌و ئازاری‌ چاو ‌و بلۆقی‌ سه‌ر پێستی زامداران ‌ده‌خوێنمه‌وه‌ و گوێ‌ بۆ شیوه‌نی‌ هه‌تاو و موناجاتی ‌مانگ ‌و دوا سرته‌ و چپه‌ی‌ دڵدارانی ‌ناو شار راده‌گرم‌ كه‌ بوونه ‌به‌رانی قوربانی‌ خۆدایانی‌ شه‌ر, منی ‌دوور كه‌وته‌ كوری ‌ڕژد و لیڕه‌وار دوا سه‌فه‌ری ‌په‌پوله‌كان ‌له ‌ئایاتی ‌ئه‌نفالدا‌ ده‌نوسمه‌وه ‌و پرسه‌ بۆ‌ ئه‌و كوترانه‌ی ‌ئه‌وین ‌ده‌گێرم كه ‌(با)ی ‌ژاراوی ئامبازیان ‌بوو و سنوری‌ پاریزگاری‌‌ ده‌ستی‌ مووباره‌كی ‌‌ئایشه‌ و فاتمان‌ و عه‌زه‌مه‌تی ‌ئایه‌ته‌الكڕسی به‌زاند و به‌ وتنی ‌بسم‌الله‌یه‌ك‌ گڕی ‌دان

سه‌رده‌شتی خوراگرم

هه‌ر وه‌ك‌ له‌ مێژوی‌ خۆتدا ‌به ‌ده‌یان‌ كاره‌ساتی‌ دڕندانه‌ی‌ دوژمنانت‌ به‌ چۆك ‌دا نه‌هاتووی دڵنیام ‌قه‌ت ‌نابه‌زی‌ و هه‌روا مه‌كۆی‌ ئازادی ‌‌و سه‌نگه‌ری كوردایه‌تی ‌و پاڵپشتی ‌شورشگێران‌ ده‌بی.‌

نووسینی: سه‌ید ئه‌حمه‌د حوسێنی