کیمیاباران کردنی شاری سه‌رده‌شت، تاوانێکی گه‌وره‌یه به ته‌وێڵی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه. مەریوان نستانی
به درێژایی مێژووی ململانێ‌ی هێزه‌کانی ناوچه‌یی و جیهانی که له‌سه‌ر خاکی کوردستاندا بوون، گه‌لی کوردستان سه‌ره‌ڕای ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری به‌زۆر و به ناچاری کراونه سووته‌مه‌نی ئه‌و ململانێ ناڕه‌وایانه و زۆرترین زیانیان وێکه‌وتووه، شاری سه‌رده‌شت و کیمابارانکردنی ئه‌و شاره‌ش له لایه‌ن ڕێژیمی له‌نێوچووی به‌عسی عێراقه‌وه ده‌کرێ به‌یه‌کێک له ئاکامه‌کانی ئه‌و ململانێ‌یانه دا‌بنرێ، ده‌کرێ ڕوونتریش ئاماژه‌ی پێبکه‌ین یه‌کێک له ئاکامه تاڵه‌کانی شه‌ڕی ناڕه‌وای نێوان عێراق و ئێران، که نزیک به دوو میلیۆن مرۆڤی هه‌ڵلووشی.
ڕه‌نگه زۆر پاساو بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌بن، مه‌به‌ستم بۆمبارانی کیمیاوی شاری سه‌رده‌شته، له‌وانه کاتێک دوو ده‌وڵه‌ت له‌شه‌ڕدان ماڵوێرانی بۆ هه‌ردوولا لێده‌که‌ویته‌وه، به‌ڵام من له‌و بڕوایه‌دام هیچ پاساوێک نی‌یه بۆ له‌نێوبردنی دڕندانه‌ی خه‌ڵکی بێ‌تاوان و بێ‌چه‌ک ئه‌ویش به به‌کارهێنانی چه‌کێکی قه‌ده‌غه‌کراوی نێوده‌وڵه‌تی، که هیچ عورف و یاسایه‌ک پشتیوانی له‌به‌کارهێنانی ئه‌و چه‌که ناکا، له‌به‌ره‌کانی شه‌ڕیشدا هه‌تا بگا به‌وه‌ی که به‌دژی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌کاربهێنرێ.
ڕه‌نگه دووباره گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌که پێویست نه‌بێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه ئێستا زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانیش له‌م تاوانه گه‌وره‌یه وه‌کو پێویست ئاگادارنین به پێویستی ده‌زانم هه‌رچه‌ند به‌کورتیش بێ، ئاماژه‌یه‌ک به ڕووداوه‌که بکه‌م، ساڵی 1987 ئێواره‌ی ڕۆژی 28ی مانگی شه‌ش (7ی پووشپه‌ڕی 1366) فڕۆکه جه‌نگی‌یه‌کانی ڕێژێمی به‌عسی له‌نێوچوو هێرشیان کرده سه‌ر شاری سه‌رده‌شت و چه‌ند گوندێکی ده‌وروبه‌ری و به گازی خه‌رده‌ل و بۆمبی کیمیاوی بۆردومانیان کردن، چه‌کێکی کاریگه‌ر و به‌کۆمه‌ڵ کوژ به‌و شێوه فراوانه بۆیه‌که‌م جاربوو به‌کار ده‌هات، به‌تایبه‌ت دژی خه‌ڵکی بێ‌چه‌ک و سیڤیل، دیاره که‌متر له ساڵێک دوای ئه‌و تاوانه هه‌مان چه‌کی کیمیاوی قه‌ده‌غه‌کراوی نێوده‌وڵه‌تی له 16-03-1988 له شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌کارهێنرا و ئه‌م جاره‌یان هه‌زاران که‌سی کرده قوربانی.
له ئاکامی ئه‌و تاوانه‌ی ڕێژێمی به‌عس دژی مر‌ۆڤایه‌تیی و دژی خه‌ڵکی کوردستان و شاری سه‌رده‌شت، وێڕای وێرانی و خاپورکردنی چه‌ند بینایه‌ک به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی که تۆمارکراون زیاتر له 200 که‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و ده هه‌زار (10.000) که‌س برینداربوون، بێگومان ئێستاش ژماره‌یه‌ک له برینداره‌کانی ئه‌و تاوانه چاک نه‌بوونه‌وه و له‌و ژماره زۆره‌ی برینداره‌کان ژماره‌یه‌کی زۆریان له ئاکامی سه‌ختی برینه‌کانیان و نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پێویست بۆیان و که‌مترخه‌می بۆ پێڕاگه‌یشتنیان تا ئێستا گیانیان له‌ده‌ست داوه و که‌م ئه‌ندام بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری به‌کار هێنانی ئه‌و چه‌که ئێستاش دوای هه‌ژده‌ساڵ به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م شاره و سروشتی جوانی ئه‌و شاره‌وه دیاره، به جۆرێک بۆته هۆی وێرانی هه‌تا کانی و ئاو و ڕوه‌که‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌شی ژاراوی کرد.
دزێوی و سامناکی ئه‌و کاره‌ساته له‌وه‌دایه که که‌سانێک بوونه قوربانی هیچ تاوانێکیان به‌رامبه‌ر لایه‌نی هێرش به‌ر نه‌بووه، هه‌ر له‌وکاته‌دا له لایه‌ن ڕێژیمی حاکم له وڵاتی خۆشیان دا مافه‌کانیان پشێل کراوه و زوڵمیان لێکراوه، ئه‌وان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد بوون بۆیه مه‌حکوم بوون به مردن.
چ له ئاستی نێوخۆیی و چ له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا به‌داخه‌وه تا ئێستا کارێکی به‌رچاو و شایان بۆ زیندوو هێشتینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زه‌ره ر و زیانه‌کانیان نه‌کراوه، به بڕوای من ئه‌رکی هه‌موو مرۆڤێکی ئازییخواز و مرۆڤدۆسته کار بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بکا.
به دۆکیومێنت کردنی ئه‌و تاوانه:
پێویسته که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ چ له‌بواری یاسایی و چ له بواری ئامار و پزیشیکی و …هتد، ژماره‌ی دروستی قوربانیان، برینداران و چه‌ندێتی و جۆری گازه به‌کار هێنراوه‌کان، زه‌ره‌ر و زیانی ئه‌و گازانه بۆسه‌ر ئاژه‌ڵ، کانی و ئاو، ڕوه‌ک و سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه و وه‌زعیه‌تی ئێستای برینداره‌کان و هه‌روه‌ها ئاسه‌واره درێژخایه‌نه‌کانی ئه‌و گازانه و جۆری نه‌خۆشی‌یه‌کانی که به‌هۆی ئه‌م گازانه‌وه تا ئێستاش به‌رده‌وامن و گیان له برینداره‌کان ده‌ستێنن، پێویسته به‌وردی لێ‌یان بکۆڵرێته‌وه و وه‌کو په‌روه‌نده‌یه‌ک ئاماده‌بکرێ، چونکه ئه‌وه‌ندی من ئاگام لێبێ قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته له‌هیچ لایه‌که‌وه قه‌ره‌بوو نه‌کراونه‌وه.
ناساندنی ئه‌و تاوانه و ئاگادرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی جیهان:
دیاره له بازنه‌یه‌کی به‌رته‌نگ دا هێندێک لایه‌نی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاگاداری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ن، به‌ڵام زیاتر ئه‌و ئاگاداریه‌ش له ڕووی پێڕاگه‌یشتنی پزیشکی و ده‌رمانی‌یه‌وه بووه، به‌شی گه‌وره‌ی خه‌ڵکی جیهان یان ئاگاداری ئه‌و تاوانه نین یان وه‌کو یه‌کێک له ده‌ره‌نجامه‌کانی شه‌ڕی نێوان دوو وڵات سه‌یری ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی که له‌و نێوه‌دا باسی ناکرێ و که‌س ئاگای لێ‌ی نی‌یه قوربانیانی ئه‌و تاوانه و کوردبوونی ئه‌وانه.
بۆیه پێویسته ئه‌و مه‌سه‌له‌یه گرینگی تایبه‌تی خۆی بدرێتێ و خه‌ڵکی زمان‌زان و شاره‌زا له وڵاتانی دنیادا پێویسته کۆڕ و سیمیناری تایبه‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه له دانیشگاکان، پارله‌مانه‌کان و شوێنه شیاوه‌کانی ئه‌م باسانه به‌ڕێوه‌به‌رن و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کاندا بابه‌ت و لێکۆڵینه‌وه‌ی پیوه‌ندیدار به‌م تاوانه بنووسن و بڵاو بکه‌نه‌وه.
یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساته:
به‌داخه‌وه ئێستا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانیش زانیاری ته‌واویان له چۆنیه‌تی ئه‌و کاره‌ساته و سامناکی‌یه‌که‌ی نی‌یه، به مه‌به‌ستی ئاگادارکردنه‌وه‌ی هه‌مووان و له لایه‌کی دیکه‌وه بۆ له‌بیر نه‌چوونه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و تاوانه به پێویستی ده‌زانم ساڵانه یادی کیمیا بارانکردنی شاری سه‌رده‌شت و ناوچه‌کانی ده‌روبه‌ری له سه‌ر ئاستی کوردستاندا و فراوانتر له ئاسته نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کاندا بکرێته‌وه هه‌ر وه‌ک چۆن یادی کیمیا بارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه و دۆڵی بالیسان و ..هتد ده‌که‌ینه‌وه، له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا ئه‌رکی حیزبه سیاسی‌یه‌کان و ڕێکخراوه مه‌ده‌نی و پیشه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیی‌یه‌کانه ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که به‌خۆشیه‌وه ئێستا هه‌ردوو ئیداره‌کانی یه‌کیان گرتۆته‌وه و که‌ش و هه‌وایه‌کی تازه بۆ خزمه‌تی هاولاتیان له سایه‌ی بارودۆخی ئێستای ناوچه‌که‌دا هاتۆته ئاراوه، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان فێستیڤاڵی ساڵانه بۆ یاد کردنه‌وه‌ی قوربانیانی شاری سه‌رده‌شت به‌رێوه‌به‌رێ، هیوادارم چیدی له‌و باره‌یه‌وه که‌مترخه‌می نه‌کرێ.
28-06-2006