زیندانیانی سیاسی تەنیا لە وڵاتانی نادێموکرات و دیکتاتۆر بوونیان هەیە و لە هەموو مافێکی یاسایی بێ‌بەشن

زیندانیانی سیاسی تەنیا لە وڵاتانی نادێموکرات و دیکتاتۆر بوونیان هەیە و لە هەموو مافێکی یاسایی بێ‌بەشن
ساڵی ١٤٠١ و لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان ناودێر کرا.

ساڵی ١٣٦٢ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕۆژەدا، لە تاوانکارییەک ٥٩ لاوی کوردیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شاری تەورێز گوللەباران کرد. ئەو ٥٩ بەندییە سیاسییە کە بەشی هەرەزۆریان مناڵ و قوتابی(ژێر ١٨ ساڵ) بوون بەبێ هیچ مافێکی وەک هەبوونی پارێزەر، دیتینی بنەماڵەکانیان، نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەری تاوان لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەی قەزایی بەشێوەی بەکۆمەڵ تیرباران کران و تەرمەکانیشان هەتا ئێستاش گۆڕبزر کراون. بەم پێیە دەکرێ بە پشت بەستن بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت بە ماددەی ٧ی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی (ICC) وەک “جینایەتی بە دژی مرۆڤایەتی” پێناسە بکرێ.

لە دوای فتوای جیهاد بە دژی خەڵکی کورد لەلایەن ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامییەوە ئەوە یەکەم تاوان و دوامین تاوانکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە، کە بکرێ بە پێوانەی بڕگەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی هەڵسەنگێندرێ و لە ماددەکانی تاوان بە دژی مرۆڤایەتی یان تاوانی شەڕ ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێنەکرابێ. بەڵام تیرباران کردنی ئەو پۆلە مناڵ و لاوە دەسبەسەرکراوە، بە شێوەی بەکۆمەڵ وەک هێمایەک بۆ ناساندنی ڕۆژی “زیندانیانی سیاسی” لە وڵاتێکی نادێموکراتیک و دیکتاتۆر کە ئەو شەبەنگە بوێرەی کۆمەڵگا لەهەر چەشنە مافێکی ڕەوای یاسایی بێ بەش کراون، گرنگی و بایەخی چالاکیی سیاسی خۆیا دەکات.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”چاونیوز” لە دووهەم ساڵی ناودێر کردنی ئەو ڕۆژە تایبەتە پێی‌وایە؛ هەر لە سەرەتای ڕەوگیرکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدەست کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا بەتایبەت دوای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” هەزاران هاونیشتمانی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پێوەندییان بە حیزبە کوردییەکانەوە دەسبەسەر کراون و وێڕای ئەشکەنجە، بێ‌ڕێزی و زیندان حوکمی سێدارەشیان بەسەردا سەپاوە کە ئەمە هەر لە ڕێژیمێکی تێئۆکراسی و دیکتاتۆر دەوەشێتەوە، بەڵام دەبێ بە هاوکاری و پشتیوانی سەرجەم کۆمەڵگای مەدەنی، حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافەکانی مرۆڤ تێچووی ئەو هەمووە چەختیگەرییە لەسەر ئەو سیستەمە زیاتر بکەین و بەهەر شێوازێکی میدیایی، مەدەنی و سیاسی بۆ لەقاو دانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر کۆمەڵگا بەتایبەت زیندانییانی سیاسی کاروچالاکی شیلگێرانەتر بکرێ.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”چاونیوز”

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی