داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین لە بەرانبەر کردەوە و جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن

ناوەندی هاوکاری: داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین لە بەرانبەر کردەوە و جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن
خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!
کۆڕ و وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەبەرانبەر ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک و ڕابوونی ژینادا بەچۆک داهاتووە، بە شەپۆلێکی نوێی ئێعدام و سەرکوتی خەڵک لەلایەک و، بە لەشکەرکێشی و هەڕەشەی هێرش بە مووشەک و دڕۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتەمای قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژکردنی ژنان و منداڵان و پەنابەرانی کوردی ئێرانییە کە ساڵانێکە لە عێڕاق نیشتەجێن.
هەموو دەزانین کە کوردستان ئاخێزگەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو. ئێمە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بەردەوامی پێداگریمان لەسەر بزووتنەوەی مەدەنی و ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵک لەسەر شەقامەکان کردووە و بەتایبەت لە سنوورەکانی کوردستانی عێڕاقەوە هیچ چەشنە جووڵەیەکی سەربازیمان نەبووە و نیشمانە. کەچی ڕێژیم بەو بیانووە بەردەوام ئێمە و بنکە مەدەنییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی بە مووشەک و دڕۆن بۆمباران کردووە و لەو سۆنگەیەوە گیان و ماڵ و خەڵکی کوردستانی عێڕاقیش لەو هێرش و دەستدرێژییانەدا پارێزراو نەبوون.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە هەموو وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی جیهان و بڕیاربەدەستی ناوچە، کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکەین لەهەمبەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە حیزبە سیاسییەکان و پەنابەرانی کوردستانی ئێران بێدەنگ نەبن و هەنگاوی بەکردوەیان بۆ پێشگرتن بەو کارەساتانە هەبێت. هاوکات داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەین کە بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی سەرشەقام وەڵامیان بۆ دەستدرێژییەکانی سپای پاسداران هەبێت.
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی
بمێنێ و بەهێزتر بێت یەکیەتیی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیم
ژن، ژیان، ئازادی

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی
١ی ژۆئەنی ٢٠٢٣ی زایینی