پەیامی مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە بە بیانووی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی «بلە» بە مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان
پەیامی مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە بە بیانووی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی «بلە» بە مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان
حەوتووی ڕابردوو لە سلێمانی پێتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان خەڵاتی ساڵانەی «بلە» (ابراهیم احمد) درایە ژمارەیەک لە داهێنەرانی کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکان و لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا کە یەکێک لەوان فەرهەنگنووس و چیڕۆکنووس و ڕۆماننووسی بلیمەتی کوردی کرماشانی ئاکۆ جەلیلیان بوو. لەگەڵ دەستخۆشی لە بەخشەری خەڵاتی «بلە» و پیرۆزبایی لە هەموو ئەو داهێنەرە بەڕێزانەی لەم خولەدا ئاوڕیان لێدراوەتەوە و ڕێزیان لێگیراوە، حەز دەکەم لەسەر یەک لەو ئازیزانە هەستی ئەمەگ و قەدرزانیم دەرببڕم، بێئەوەی خوا نەکردە لە قەدری هیچکام لەوانی دیکە کەم بکەمەوە.
چەند ساڵێکە لەگەڵ ناوی عەبباس، ئاکۆ جەلیلیان ئاشنام. زۆر بەداخەوە تا ئێستا ئەو بەختەوەرییەم نەبووە لە نیزیکەوە بیبینم، چاوی و لاچاوی و ئەگەر ڕێگەم بدا قەڵەم و دەستی قەڵەمی ماچ بکەم، ئافەرینی پێ بڵێم و شانازیم بە بوونیەوە دەرببڕم. بۆیە دەمەوێ بەم هۆیەوە تا ئەو کاتەی عومری ئەمانەتی دەرفەتی دیتنی ڕاستەوخۆم بۆ دەڕەخسێنێ چەند دێڕێکی بە باڵا ببڕم کە دەزانم چەندیش خۆ هەڵدەن ناتوانن بە بەژنی بەرزی تواناکانی هەڵزنێن.
شێعرێکی حافزی شیرازی دەڵێ «طی مکان ببین و زمان در سلوک شعر کاین طفل، یکشبە رە صد سالە میرود» لەتی دووەمی بەیتەکە دەڵێ ئەم منداڵە بە شەوێک ڕێگای سەد ساڵ دەبڕێ. زۆرمان نەگوتوە و خاترمان نەگرتوە ئەگەر بڵێین ئاکۆی جەلیلیان نموونەی زیندووی ئەم جۆرە منداڵانەیە. ئەو ڕێگا پڕکەندولەند و هەوراز و نشێوەی خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەگەر گەورە نووسەرانی ڕابردوومان بە چل ساڵ و پەنجا ساڵ و زیاتر بڕیویانە ئاکۆی جەلیلیان و -بەخۆشیەوە تەنیاش نیە- سەلاحی پایانیانی بە بیست ساڵ بڕیویانە و تەنانەت تێشیان پەڕاندوە.
ئەگەر سەلاحی پایانیانی قسە لە فەرهەنگی زارەکیی موکوریان دەکا و بەکردەوە خزمەتی بە هەموو بنزاراوەکانی کرمانجیی خواروو کردوە و شاکاریشی خوڵقاندوە، ئاکۆی جەلیلیان بێئەوەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان گەڕابێ ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی هەموو شێوەزار و بنزاراوەکانی زمانی کوردیدا تاو داوە و بە چیڕۆک و ڕۆمان و فەرهەنگ و ئەنسیکلۆپیدیا بەرهەمگەلێکی خوڵقاندوە کە بۆ زمانی کوردی چەپی لەبەر فەرهەنگی دێهخودای فارسیدا نیە و دەکرێ بڵێین شان لە شانی لاڕووسی فەڕانسەییش دەدا. لەوانە گرنگتر، ئاکۆ زاراوە و بنزاراوە بێناز و لەبیرکراوەکانی باشووری کوردستانی خۆرهەڵاتی بۆ زیندوو کردووینەوە کە ئەگەر کەسانی وەک ئەو بە فریایان نەگەیشتبان مەترسیی ئەوە هەبوو لەنێو تابڵەمەی زمانی فارسیدا بتوێنەوە و تەنانەت لە مەودای دووردا ئاخێوەرانیشیان لە ڕەگوڕیشەی نەتەوەیی خۆیان داببڕێن.
شایانی باسە کە ئاکۆ جەلیلیانیش هەر وەک زارا موحەمەدی و زۆری دیکە لە دڵسۆزانی کورد هەر بە «تاوان»ی خزمەت بە زمان و فەرهەنگ و مێژووی کوردی کەوتۆتە بەر «مەرحەمەت»ی کاربەدەستانی دەوڵەت و ماوەی نیزیک لە ساڵنیوێک تامی تاڵی چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی چاشتوە. لە هەمووی شەرماویتر، سەفەر بۆ هەرێمی کوردستان-عێڕاق و بەشداریی کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەو بەشەی کوردستانی بە «جاسووسی و خزمەت بە بێگانە» لەسەر نووسراوە.
ماوەتەوە ئەوە کە بڵێم بەداخەوە وا دیارە ئاکۆش وەک زۆر نووسەر بەهرەوەری دیکەی کورد دەگەڵ گیروگرفتی ماڵی بۆ چاپی بەرهەمەکانی بەرەوڕوویە و بەشێکی زۆری کارەکانی چاوەڕێی دەرفەتی گونجاو بۆ چاپ و بڵاو بوونەوەن. ئارەزوو دەکەم هەم دەوڵەمەند و خواپێداوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەو بارەیەوە کۆمەگ بکەن و هەم دامودەزگا فەرهەنگییەکانی هەرێمی کوردستان -کە لە ڕابردووشدا کۆمەگیان بەم بوارانە کردوە- ئاوڕ لەوکارە بەنرخەی ئەو لاوە بلیمەتە بدەنەوە.
سڵاو و ڕێز و سوپاسم بۆ کاک ئاکۆ. تەمەنی درێژ و خەرمانی بەرهەمی پڕپیت و بەرەکەت بێ.
عبداللە حسنزادە
٠٢\٠٣\١٤٠٢ (٢٣\٠٥\٢٠٢٣)