مەلا ئاوارە شۆڕشگێری شاعیر و نیشتمانپەروەر. کورد شۆپ

مەلا ئاوارە شۆڕشگێری شاعیر و نیشتمانپەروەر. کورد شۆپ

شیعری مەلا ئاوارە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی مرۆڤ ی کوردە بە د ەست زۆردارانەوە . شیعری ئەو بەو واتایەی خوێندنەوە “رۆژهەڵا تناسییەکان” باسی دەکەن، شیعری چینی بندەستی کۆمەڵگایە بە دژی سەردەستێک کە هەموو مافێکی لە ژێر چنگی خۆی دا شاردۆتەوە. گرینگترین و ناسراترین شیعری لەو بوارەدا شیعری “هاواری توتنەوانێکی ناوچەی سەردەشت”ە.

“ئەحمەد شەڵماشی” ناسراو بە “مەلا ئاوارە” یەکێک لە ناوە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ڕێژیمی گەندەڵی “حەمەرەزا شا”ی پەهلەوی ڕۆڵی کاریگەری بووە.

ئەو زاتە جودا لەوەی شۆڕشگێڕێکی شێلگیر بووە، زەوقی ئەدەبی و هونەرییشی هەبووە و لە کاتی پشوودانەکانی لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا، هەندێ دەقی خوڵقاندوون کە شیاوی ئاوڕ لێدانەوە و سەرنجن.

بەڵام سەرەتا با بزانین مەلا ئاوارە کێ بووە و پاشان لە سەر دەقەکانیشی بە نموونە و بە کورتی دەدوێین.

 

مەلا ئاوارە ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی واتە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئاواییی “شەڵماش”ی ناوچەی “سەردەشت” لە بنەماڵەیەکی ئایینی و چەوساوە لە دایک بووە. باوکی مەلا ئاوارەش هەر مامۆستای ئایینی و کوردپەروەر بووە، بە ناوی “مەلا موحەممەد ئەمینی هەمەوەندی شەڵماشی” و بە بۆنەی ڕۆحی کوردانەی خۆیەوە مەلا ئاوارە بە نێوی “فەقێ ئەحمەدی دارشمانە” و “ئەحمەدی خانی”یەوە دەکا.

مەلا ئاوارە سەردەمی منداڵی هەر لە حوزوور باوکیدا وانە ئایینییەکانی خوێند و پاشان لە ئاوایی “بێژوێ” لای “مەلا سا ڵحی بێژوێ” درێژەی بە خوێندن دا. بەڵام بەر لە تەواو کردنی خوێندنی ئایینی بە هۆی خوێندنەوە و ئاگاداری لە دۆخی نالەباری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەستی بە بەرپرسێارێتی کرد و وەک دیندارێکی ناسیۆنالیست، پەیوەندیی بە ئەندامانی ئەوکاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە کرد و بوو بە ئەندامیان. لە پاش ئەو ڕووداوە ناوی ئاوارەی بۆخۆی هەڵبژارد و بوو بە مەلا ئاوارە. مەلا ئاوارە بە هۆی توانایی لە شیکردنەوەی بابەتەکاندا و لێهاتوویی لە قسەکردن و شرۆڤەی دۆخی گەلانی بن دە ست، وەک کادرێکی سیاسی دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی سیاسیی خەڵکی کورد لە گوند و لادێکانی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر ئاواییەکانی ناوچەی سەردەشت و مهاباد و پیرانشار و بانە ببوونە مەودای جەولەکانی. ماوەیەک دواتر و بۆ تەواو کردنی خولی فێرکاری پارتیزانی چووە ناو شۆڕشی کوردانی باشووری کوردستانەوە و شان بە شانی ئەوان خەباتی کرد. ساڵی 1964ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ 1343ی هەتاوی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی درێژە بە کاری سیاسی و حیزبی بدا.

ئەوجار زیاتر لە چەوساوە و نەدار و وەرزێرانی کوردستان نزیک بووەوە و باشتر دەرد و مەینەتییەکانی هەست پێکردن، لەلایەکی دیکەشەوە بە هۆی ئاشنا بوونی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و فارسی و دەستڕاگەیشتنی بە ڕۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی عەڕەبی و فارسی ئاسۆی بیری فراوانتر ببووەوە، هەر بۆیە ئەرکێکی دیکەی خستە سەرشانی خۆی و ئەوجار جودا لەوەی وەک کادرێکی سیاسی خەریکی ڕاپەراندنی ئەرکی سیاسی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بوو، وەک ڕ ۆشنبیرێکیش هەستی بە بەرپرسێارێتی کرد و بەو هۆیە لە هەر کوێیەک دەرفەتی هەبایە، هەرچەند ژیانی شۆڕشگیڕانە کەمتر ئەو هەلە دەڕەخسێنێ، بەڵام هەر دەرفەتێکی دەقۆستەوە تا بتوانێ ئەوەی وەک چارەسەر بۆ چەوەساوەکان و بزووتنەوەی کوردی دەیزانێ، لە چوارچێوەی شیعر و پەخشاندا بینووسێ. هەر چەند بەداخەوە کەمترین بەرهەمی مەلا ئاوارە لەبەردەستدایە، بەڵام هەر ئەو بەرهەمە کەمانەش نیشان دەدەن کە ئەو کەسێکی هەستیار و خاوەن مێتۆدی بیرکردنەوە بووە و زانیویەتی بۆچی خەبات دەکا و ئەوەشی زانیوە کە چۆن دەبێ گەرای ئەوخەباتە لە نیو دڵی خەڵکی کوردستان دابندرێ و پەرەی پێ بدرێ .

شیعری مەلا ئاوارە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی مرۆڤ ی کوردە بە د ەست زۆردارانەوە . شیعری ئەو بەو واتایەی خوێندنەوە “رۆژهەڵا تناسییەکان” باسی دەکەن، شیعری چینی بندەستی کۆمەڵگایە بە دژی سەردەستێک کە هەموو مافێکی لە ژێر چنگی خۆی دا شاردۆتەوە. گرینگترین و ناسراترین شیعری لەو بوارەدا شیعری “هاواری توتنەوانێکی ناوچەی سەردەشت”ە. مەلا ئاوارە لەو شیعرەدا بە باشی وەک چۆن “مامۆستا هێمن” لە شیعری “ئارەق و تین” دا دوو چین لێک جودا دەکاتەوە و لە زمان کارگەرەوە دەدوێ و ئازارەکان بەیان دەکا. مەلا ئاوارە لە زمان توتنەوانێکەوە؛ کە نموونەیەک لە مرۆڤی چەوەساوەی کوردە دەدوێ. توتنەوان ئازارەکانی مرۆڤی کوردی ژێردەست و برسی دەردەبڕێ. پاش ئەوەی گرفت و کێشەکانی کورد و چەوەسانەوەی کورد لە شیعرەکەیدا بە وردی باس دەکا، لە بەشی کۆتایی شیعرەکەیدا، ڕێگاچارە بە خوێنەران و ڕەنجدەران و چەوساوەکان نیشان دەدا و بە گشتی شیعرێکە ڕەخنەگر و ڕێ نیشاندەرە.

چەند بەیتێکی شیعری توتنەوانێکی هەژار

تووتنەوانیکی هەژارم

بێ خانوو بێ زەوی و زارم

منداڵم ڕووت و برسییە

ژیانم پڕ مەترسییە

رووم نییە بچمە نیو خەڵک

بێ بەرگ و پێڵاو بێ کەڵک

بەڵام چ بکەم چارە ڕەشم

خەرمانم زۆرە و بێ بەشم

و…

دوژمن تاکەی بدەم باجت

دەک وەرگەڕی تەخت و تاجت

ئەی وەرزێران ئەی جووتێران

ئەی تووتنەوانی ماڵ وێران

با بە یەک دڵ و یەک زوبان

با بەخەباتی شێلگیرمان

تا دواپشوو هەوڵ بدەین

شەق لەو دوژمنەی هەڵبدەین

یەک گر تن هۆی سەرکەوتنە

خەبات ڕێگەی دەست کەوتنە

ئەگەر یەک بین و یەک بگرین

لەگەڵ یەکدا بژین، بمرین

زاڵ دەبین و سەردەکەوین

بەرز دەبین و نانەوین

هەوڵ و تەقەللای بێ وچان

بێ ماندوویی بێ پشوودان

تاقە ڕێگای ئازادییە

هێنەری ڕۆژی شادییە.

مەلا ئاوارە هەرچەند تەمەنی لاو بووە بەڵام هەستێکی زۆر پتەوی هەبووە. جودا لە شیعر، پەخشان نووسی باشیش بووە و ئەوەش لەو پارچە پەخشانەوە دەردەکەوێ کە لە دامێنی شیعری توتنەوان نووسیویەتی.

جودا لەوە شیعری “رەش بگیری” و چەند شیعری دیکەشی لە دەستدان کە بەگشتی سیمای مرۆڤێکی خەمخۆری ئازادی و چەوساوەکان لە زەینمان دا دەنەخشێنێ. بەداخەوە ئەو نووسەر و شۆڕشگێرە گەورەیە بە هۆی خەیانەتی بەکرێگیراوێکەوە دەگیرێ و پاشان لە ٩ی گە لاوێژی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی دا، لە شاری سەردەشت تیرباران دەکرێ .