وەک دەڵێن: “دیاری شوان ئاڵە کۆکە”. عەبدوڵڵا کەریمی

وەک دەڵێن: “دیاری شوان ئاڵەکۆکە”. عەبدوڵلا کەریمی

ماڵپەری گیارەنگ دەربیجە و دەلاقەیەک بۆ پەیوەندی لە نێوان پیشمەرگە و خەڵکی کوردستان و پردێک لە نێوان شار و شاخ.

پیرۆزبایی ساڵڕۆژی تەمەنی ٢٠ ساڵەی گیارەنگ لە بەرێوەبەرانی ئەو ماڵپەرە، کاک حەمەرەسووڵ کەریمی و شلێر خانمی حەسەنپوور، ھاوسەری کاک حەمەرەسووڵ کەریمی دەکەم.

بینیم زۆر لە بەرێزان لە ساڵۆگەری ٢٠ ساڵەی ئەم ماڵپەرەدا، زۆر بە وردی و بە باشی باسیان لە گرنگی و سوود و بەھرەکان و پرینسیپەکانی ئەو ماڵپەرە جوانە کردوە، بەڵام من دەمهەوێت ئەگەر بە کورتیش بێت باسێک لە خەبات و ماندووبونی ئەو دوو تێکۆشەرە ماندوویینەناسەی گەل بکەم، کە بەرێوەبەری ئەو ماڵپەرە جوانە بوون و هەن.

کاک حەمەرەسووڵ کەریمی کە لە تەمەنێکی زۆر لاوەتیەوە ھاتۆتە رێزی شۆرش و پێشمەرگایەتی و یەکێک بووە لە پێشمەرگە ھەرە ئازا و نموونەکانی حیزبی دێمۆکرات، پاشان پلەکانی بەرپرسایەتی جۆراوجۆری نیزامی و سیاسی یەک بە دوای یەک دا بڕیوە، دوای چەند جار بریندار بونێکی زۆر سەخت و قورس، کە جاری ئاخر چەند بەش لە جەستەی لە دەست دەدات، ئەوکات ناچار دەبێت بۆ چارەسەری برینەکانی بەرەو ھەندەران بە بێ ویستی خۆی لە زێدو نیشتمانەکەی دوور کەوێتەوە، بەڵام لەوێش ھەدای نەداوەو، بەردەوام لە کارو تێکۆشانی حیزبیدا بۆ ساتێکیش رانەوەستاوە، ھەر بە ھۆیی خەمخۆری و رانەوەستان لە کارو تێکۆشانی حیزبی، کاک حەمەرەسووڵ ھەمیشە خۆشەویستی ھاوڕێیان و ھاوکاران و ئەندامانی حیزب بووە، کاک حەمەرەسووڵ توانیویەتی وەک کەسێکی ھاندەر و ئیلھام بەخش بۆ ھاوڕێیان و ھاوخەباتیانی لە تێکۆشان لە پێناو ئامانجە رەواکانی گەلەکەماندا دەورو ڕۆڵی ھەبێت، حەمەرەسووڵ ھیچ کات وەک کەم ئەندامێک لە نێو ڕێزی تێکۆشەراندا بەرچاو نەکەوتوە، من کە بە ھۆی ھاوکاری تەشکیلاتیەوە، لە کۆمیتەی شارەکەم دا کارم کردوەو، کاک حەمەرەسووڵ وەک بەر پرسی تەشکیلاتی گشتی حیزب لە وەڵاتی سوئێد بەردەوام سەروکاری لە گەڵ ئێمە ھەبووە، زۆربەی کاتەکاتەکان لە کۆبوونەوە تەشکیلاتیەکاندا بەشدار بووم و لە نزیکەوە ئاگاداری تێکۆشانەکانی بووم، ھیچکات کاک حەمەرەسووڵم وەک کەمئەندامێک نەبینی بوو، جارێک لە میوانی بوین لە ماڵی کاک مەحموود ساڵحی، کە قەت ھەستم نەکردبوو کاک حەمەرەسووڵ پێوەی دیاربێت لاقیکی دەستکردی ھەبێت، بینیم لاقێکی دەستکرد لە تەنیشتەوە داندرابوو، بە حەبەسانەوە گوتم ئەو لاقە دەستکردە ھی کێیە؟ کاک حەمەرەسووڵ گووتی ئەوە ئی بەندەیە، سەرم سوڕمابوو، باشە زیاتر لە ماوەی پێنچ شەش ساڵ بگرە زیاتریش ھاوکاری تەشکیلاتی یەکتر بووین، بەڵام ھەستم پێ نەکردبوە کاک حەمەرەسووڵ قاچێکی نەبێت، ئەوە بێجگە لەوەی زانیبوم کە دەستێکی تەنیا سێ پەنچەی ماون، کاک حەمەرەسووڵ ھەر بە ھوی لێھاتوی و ماندوویینەناسی خۆی لە دەروەی وەڵات, پلەی تەشکیلاتی تا ئاستی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دێموکرات بڕیوە، کە ئێستا یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەری حیزبی دێموکراتە.

شلێر خانمی حەسەنپوور کە ھاوسەری کاک حەمەرەسووڵە، یەکێک لە بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگە، لەو کاتەوە من لە وەڵاتی سوئیدم کە زیاتر لە ٢٦ شەش ساڵە لێرە دەژیم و دەیناسم، ھەمیشە شلێر خانم وەک چالاکترین ژنانی حیزبم لەو وڵاتی سوئید دیتوە، نەک ھەر لە بوارێک دا، بەڵکو لە ھەموو بوارەکانی تەشکیلاتی و ژنان و لاوان و بەرپرسایەتی حیزبی دێموکراتیش دا.

وەک بەرپرس و ئەندامی کومیتەی بەریوەبەری، بەرپرسی تەشکیلات، بەرپرسی ماڵی کۆمیتە و بەرپرسی یەکیەتریی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ھەروەھا لە ھەموو بوارە جوراوجۆرەکانی‌تری تەشکیلاتی دا لەو وەڵاتە دیار و بەرچاوە بووە و تێکۆشانەکانی بۆ گشت لایەک دیار و ئاشکران.

دیسان جارێکی دیکەش دەست خۆشی و ماندوونەبوونی لەو دوو تێکۆشەرە ماندوویینەناسە دەکەم و پیروزباوی ٢٠ ساڵ تەمەنی سایتی گیارەنگیان لێدەکەم و دەڵێم نمونەتان زۆر بێت.

عەبدوڵا کەریمی