بە بۆنەی داگیرسانی مۆمی تەمەنی ٢٠ساڵەی ماڵپەڕی “گیارەنگ”ی ڕەنگین! ئاکۆ ئەلیاسی

بە بۆنەی داگیرسانی مۆمی تەمەنی ٢٠ساڵەی ماڵپەڕی “گیارەنگ”ی ڕەنگین! ئاکۆ ئەلیاسی

بۆ ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن هەتا سەد ساڵ لەمەوپێش، دەستەواژەی” Press ” ، بەکار دەبران، کە لەو باردۆخەدا، جۆری ئەو ئامڕازانە، پتر خۆیانیان لە چوارچێوەی شتی چاپکراودا، دەبینییەوە. وشەی “پرێس”یش، ئاماژەیەک بوو بۆ ئامڕاز و کەرستەی پرێسکردنی چاپ و چاپەمەنی. دواتر لە ئاکامی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی تێکنۆلۆژی ، بە تایبەت لە بواری “ڕاگەیاندن”دا، ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و بە بایەخ، بە تەیار بوون بە کەرەستە و ئامڕازەکانی چاپەمەنیی پێشکەوتووی سەردەم، لە بواری ڕاگەیاندن و چاپەمەنییدا، هاتە ئاراوە.

کورد، سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە بەردەوامانەی کە بە درێژایی مێژوو لێیکراوە و دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە، ئەویش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەربەست، لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کاروانی زانست، ئازادانە و بە ویستی دڵی خۆی، بەرەو ئاسۆی دواڕۆژ هەنگاو هەڵێنێتەوە، بەڵام دڵسۆزان و خەباتگێڕانی نەسرەوتوو و خەمخۆرانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی، لە وەها دۆخێکدا، نەک تەنیا بێهوا و دۆشدانەماو نەبوون، بەڵکوو بە هەمووو شێوەیەک و زۆر جارانیش بە قەبووڵکردنی هەڕەشە و گوڕەشەی مەترسیدار بۆ سەر ژیان و ماڵیان، بوێرانە و دلێرانە، قۆڵی هیمەتی خزمەتیان لێهەڵماڵیوە و بەشێکی زۆر لەو تێکۆشەرانە، زۆربەی تەمەنی خۆیانیان بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدانی ئەو بوارە تەرخان کردووە. یەکێک لەو بوارانە کە کورد، سەرەڕای گشت ئەو کەند و لەند و بەربەستانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان، وەک گیروگرفتی سەرەکیی بۆی هاتوونەتە پێش و دەرفەتی بە ئازادیی بیرکردنەوەی پێنەدراوە، کاری هزریی و چالاکی ڕۆشنبیری بووە، کە دیارە پرۆسەی ڕۆژنامەگەریی ـ ڕۆژنامەوانی ، یەکێک لەو خاڵانە بووە، کە باسی لێوەکرا. ئەگەر چاوێک بە مێژووی کاروانی ڕۆشنبیری و ڕۆژامەوانیی کوردی بە گشتیی بخشێنین، ڕاستیی و دروستیی ئەو بابەتەمان، پتر بۆ دەردەکەوێ.

دەسپێکی قۆناخی  بە “دیجاتالیزە بوون”ی بواری ڕۆژنامەگەریی وڕاگەیاندنی چاپەمەنیی خێرا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩١ی زایینی.  بۆ یەکەمجار  زانایەکی بواری فیزیک لە وڵاتی ئینگلیس، ماڵپەڕێکی “ئنتێرنت”یی داهێنا و ئیدی ئەم ڕەوتە وردە وردە ڕووی لە گەشەکردن و هەڵدان کرد و بە هەموو لایەکی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا، پەلوپۆی هاویشت.

ئەم تەکان و شەپۆلە بە هێزەی مۆدێڕنیزەکردنی بواری چاپەمەنیی و ڕاگەیاندن کە بە چەمکی “دیجیتالیزاسیۆن” ناسراوە، بواری ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی کوردیشی گرتەوە و بە دەیان و دواتریش بە سەدان، ماڵپەڕ و ماڵۆچکە و بلۆک و هتد، لە دنیای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیی کوردیدا، لە دایکبوون.

ماڵپەڕی “گیاڕەنگ”یش، دەسکەوت و بەرهەمی بە نرخی ئەو ڕەوتە نوێیەیە لە دنیای ڕۆژنامەوانیی “ئینتێرنێت”ییدا. هەرچەندە بیستنی ناوی “گیاڕەنگ”  وەبیرهێنەرەوەی شاخێکی کەڤناری بە ناوبانگی دەڤەرێکی ناسراو و مێژوویی کوردستان بە ناوی “سەردەشت”ە، لە هەمان کاتیشدا، وەبیرهێنەرەوەی قۆناخێکی پڕەشەنگداری خەباتی بە کردەوە و بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی ڕۆڵە قارەمان و چاونەترسەکانی ئەو ناوچەیەی کوردستانە. بۆ من سەرنجڕاکێشتر لەوە ئەوەیە، کە دامەزرێنەرانی ماڵپەڕی هێژای “گیاڕەنگ”، واتا کاک (حەمەڕەسووڵی کەریمی و خوشکە شلێر حەسەنپووڕ) لەو تێکۆشەرە نەسروتووانەی ڕێگای سەربەستیی نیشتمانن، کە بۆ خۆیان، لەو قۆناخە پڕەشەنگدارەی خەباتی بە کردەوە، بە شێوەیەکی کردەیی بەشدار بوون و لە پێناوی ئازادییدا، ڕەنجیان داوە.

ئازادیخوازانی بە باوەڕ، بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆەکانیان، لە هیچ تەنگوچڵەمە و بەربەستێک ناپرینگێنەوە و ئەوان بەردەوام، خەونی گەیشتن بە بەهاری سەوزی پڕ لە سەربەستیی نیشتمانەکەیان دەبینن و شوێن و زەمەن، ناتوانن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ڕەوتی تێکۆشانیان دابنێن. هەر بۆیە، کاک حەمەڕەسووڵ، کە ڕوو دە تاروگە دەکات، لەو خەونە پیرۆزە دانابڕێت و لەگەڵ هاوسەرە خەباتگێڕەکەی، خاتوو شلێر حەسەنپووڕ، سەرەڕای ئەوەی کە تازە دەگەن بە وڵاتی سوئێد و لە گەڵ دەیان گیروگرفتی جیاوزای کولتووریی و وێکنەچوونی سیستەمی کۆمەڵایەتی و زۆربواری دیکەش،  بەرەوڕوو دەبن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانەش دا، لە وڵاتی سوئێد قۆڵی هیممەتی لێهەڵدەکەن و یاد و ناوی “گیارەنگ”ی سەرسەوز، لە تاراوگەیەکی سارد و پڕ لە بەستەڵکە، هەر ئاوا سەوز ڕادەگرن و لە ساڵی ٢٠٠٣ی زاینییەوە، ماڵپەڕی ڕەنگاڵەیی ‘گیاڕەنگ”ی دڵنشین وەڕێدەخەن و ئەوجار ئەوانیش، تێکەڵ بە ڕەوتی کاروانی وشە و زمان و ئەدەبی کوردیی دەبن.

ئەگەر ئەرکی ڕاگەیاندن ، گەیاندنی ڕوانگەی تاک یا کۆمەڵێک کەس بە کۆمەڵێکی دیکە بێت و مەبەستی سەرەکیشی پێکهێنانی ڕایەڵکەی پێوەندیگرتن لەگەڵ کۆمەڵگادا بێت، ئەوە بێگومان ماڵپەڕی “گیاڕەنگ” تا ڕادەیەکی زۆر لەو پێوەندییەدا ئەرکەکانی خۆیی بە جێگەیاندووە و ئێستا ئیدی جیگە و پێگەیەکی ناسراوی لە نێو دنیای ڕاگەیاندنی کوردیدا هەیە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ، بە ئاوەڕدانەوە لە زۆربەی بەشەکان و بە لەخۆگرتنی بابەتە هەمەجۆر و ڕەنگاڵەییەکانی وەک: ڕامیاری، ئەدەبیات و شیعر، بوارەکانی ژنان، لاوان، بەشی هەواڵ و وتووێژ و ڕاڤە و شرۆڤەی پێشهاتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و هتد، بۆتە مێرگێکی زۆر ڕەنگین، کە لە سینگیدا، باخچەی دەیان چەپکە گوڵی ڕەنگاورەنگ و بۆنخۆش.

من بە نۆرەی خۆم، سەرەڕای دەستخۆشی و ماندوونەبوونی کردن لە تێکۆشەری نەسرەوتووی ڕێگای ئازادیی، کاک حەمەڕەسووڵ کەرەمی و هاوژینە دڵسۆزەکەی، خاتوو شلێر حەسەنپووڕ، بە بۆنەی داگیرسانی  مۆمی تەمەنی ٢٠ساڵەی ماڵپەڕی “گیاڕەنگ”ی ڕەنگین، پیرۆزبایی گەرمم لەوان و لە ڕێگای ئەوانیشەوە، هەموو ئەو کەسانەی ، چ لەڕابردوو، چ لە ئێستا و چە لە داهاتووش، بۆ بەردەوامیی و دەوڵەمەندبوونی گیاڕەنگ، تیکۆشاون و هەروەها ئێستاش شێلگرانە تێدەکۆشن پێشکەش دەکەم.

ئاکۆ ئەلیاسی