هەڵکشانی تەمەن و هەگبەی پڕ لە وشە. قادر نەبی‌زادە

هەڵکشانی تەمەن و هەگبەی پڕ لە وشە. قادر نەبی‌زادە

 تەمەنی گیاڕەنگ بەو ئەزموونانەی وەسەریەکی خستوون بەرەو کامڵ‌تربوون دەڕوات و ساڵێکی دیکەی ژیانی پڕ لە ئاواتەکانی دەست پێدەکات. لەوسەردەمەی دا گیاڕەنگ دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی کرد بۆ بەشێک لە ئێمەمانان کە تازە لە غەریبایەتی گیرسابووینەوە بوو بە پشتیوانەیەکی باش بۆ ئەوەی بتوانین ئاگاداری بابەتگەلێک بین کە لە شوێنی دیکە چاومان پێی نەدەکەوت.

بەڕۆژکردنەوەی بەرنامەکانی گیاڕەنگ وایکرد کە زۆر بن ئەوانەی دەیانهەویست له سەر ڕووداوەکان، شتی تازەیان دەست‌بکەوێ. بابەتەکانی گیاڕەنگ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو دابوون و وەک خۆم بابەتێکی وام نەدیتوە کە خوێنەر لە خۆی دوور بخاتەوە. ئەو خاڵەش کە گەلێک گرینگە، نیشاندەری وردبینی و وریایی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو سایتە خۆشەویستەیە. بێ‌شک هەر ئەوەش لەو بەڕێزانە چاوەڕواندەکرێ لەبەر ئەوەی هەم کاک حەمەڕەسووڵ و هەمیش باجە شلێر پەروەردەکراوی نێو مەکتەبی شۆڕشگێڕین. ئەوکاتانەی بابەتێکی دڵخۆشکەر سیمای گیاڕەنگی گەشتر دەنوێنێ، زەردەخەنە دەکەوێتە سەر لێوی خوێنەران و لەگەڵ بابەتە خەمهێنەرەکان، خوێنەرانیش ئاخ هەڵدەکێشن و فرمێسک دەڕێژن.

لەوماوەیە دا گەلێک جار ناحەزان ویستوویانە پێش بە کارەکانی گیاڕەنگ بگرن و هاکیان کردوە بەڵام بە حەولی خۆشەویستانی سایتەکە، وایان کردوە کە ماوەی دابڕانی لەگەڵ خوێنەرانی کوورت بێت. ئەو دانەبڕانە وەک خاڵێکی بەهێزی گیاڕەنگ و سەربەزی گیاڕەنگ دەبێ سەیر بکرێ.

بەو بۆنەوە چەپکێک گووڵی ڕێز پێشکەش بە کاک حەمەڕەسووڵ و باجە شلێر و هیوام ماندوونەبوونیان و بەردەوامیانە لە پێڕاگەیشتن بە گیاڕەنگ‌ی هەموان.

قادر نەبی‌زادە