ماڵپەری گیاڕەنگ وەک کێو و چیای گیارەنگ سەر بڵیندە. مەتین کۆخانی

ماڵپەری گیاڕەنگ وەک کێو و چیای گیارەنگ سەر بڵیندە. مەتین کۆخانی

منیش بە ئەرکی خۆم زانی پێنووسی کڵۆڵم لە وەسف و ئەرک و پێزانیندا لە حاست دوو تێکۆشەری ماندوونەناس، دوو مرۆڤی جوان و شۆڕشگێڕ هاوکات دڵێک و دوو جەستەی تێکەلاو، دوو ئەوینداری دەمبەخەندە، بۆ ساڵوەگەڕی گۆڤاری گیاڕەنگ، چەند دێڕێک بنووسم، سەرەتا ئاوڕێکی کورت لە ناسینی ناوی چیای گیاڕەنگ و پاشان گۆڤارەکە !

گیاڕەنگ زیاتر بناسین

گیاڕەنگ ناوی چیایەکی سەربڵندە هەڵکەوتوو لە نزیک شاری سەردەشت و داوێنی پڕ لە جوانی و ڕازاوە بە لێڕەواڕێک پڕ لە دارستان، هەر وەها ئەو چیایەدا چەند گوندێکی خۆشی لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە،وەک دیواڵان، بووبانە هیتد

لەساڵی شەستەکان لەلایەن حیزبەوە ناوی هێزەکان بە چیابەناوبانگەکانی شارەکان نێوزەد کران،  هێزی گیاڕەنگ ئیتر بەرگێکی دیکەی شۆڕشگێڕی کردە بەر و زیاتر ناوبانگی دەرکرد و ئازایەتی پێشمەرگە لەو دەڤەرە زیاتر پەرەی سەند، لە نێۆ ئۆرگانەکانیشدا ڕۆژنامەی دیواری دامەزراو و هەر هێزەی ناوی چیایەکی بۆ گۆڤارەکە دانا، گیاڕەنگ بەم شێوە هەنگاوی نا کە تاکە گۆڤارە لەگەڵ دیجیتاڵ تێکەڵ بووە.

بەر لە هەموو شتێک با پیرۆزبایێکی چەند دێڕی بۆ تەمەنی بیست ساڵەی گۆڤاری گیاڕەنگی سەربەرز بنووسم ، پاشان بەناو دارستانی وشەکاندا لە نیگای جوانی گیاڕەنگ تێر بم و هیچ گومان و دڕدۆنگییەک لە ناخی خۆزگەکاندا نەهێنمە بەرچاوم، ئەم ناودارستان و سەری چیایە پڕیەتی لە سەوزایی و جوانی و شنەبای گەوهەر وشەی بەنرخ.

بۆیە زۆر بەتامەزرۆییەوە ناخی وشەکانم خوێندەوە لە ڕوحێکی پاک و بێگەرد کە دەیان جار هێرشی داگیرکاری و تاڵەواری ژیانی بێ ئازادی بینیوە، سەدان حەماسەی بەرگری،لە لایەن ڕۆڵە ئازاکانی ئەو مەڵبەندەوە لێدیتراوە خوێنێکی زۆر لەپاراستنی ڕژاوە جێی خۆیەتی لەناخی دڵمەوە سوپاسی ئەرک و زەحمەت و تێکۆشانیان دەکەم، هەر وەها بەڕێوە بەرانی ئەم گۆڤارە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا گیاڕەنگتان لە جاران زیاتر پاراستووە و بەرزتان راگرتووە، ئێوەی هێژا ئەو گوڤارەتان زیاتر بەرین و بەربڵاو کردەوە دەتوانرێت لەجیهانی سوسیال میدیادا گیاڕەنگ جوانتر و ڕازاوەتر بێتە بەر دیدەی خوێنەرانی.

سەردەمانێک ئەم گۆڤارە وەک زۆربەی گۆڤاری  هێزەکانی دیکە لە بوورەوە بەرەو کێڵگەیەکی پڕ پیت و بەرەکەت بەرەو پێشەوە بردووە، بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆرەوە نەتانهێشت لە وەستان بکەوێ، ئەوە هەوڵی بێوچانی ئێوەی تێکۆشەر بوو، گەیانتانە ئەمڕۆژە و لە جیهانی سوسیال میدیادا چیای سەربەرزی گیاڕەنگ لە دیوارەوە بکەنە دیجیتاڵی، هەر بژین و بمێنن بەسەربەرزی.

وەک خۆم پڕبەدڵ هەم دەستتخۆشی ، پیرۆزبایتان پێدەڵێم

ئاواتەخوازم هەردەم تەمەندرێژ و سەرکەوتوو و ئەویندارانە بژین.