بیست چەپکە گوڵ بۆ بیست ساڵەی سایتی گیارەنگ ! م. زێرە

بیست چەپکە گوڵ بۆ بیست ساڵەی سایتی گیارەنگ ! م. زێرە

لەلای ئێمە شەبەقی رووناکی هەتاو لە ڕۆژهەڵاتی تەرەغە ( بۆکان ) خۆ وەدەر دەخا  و لە ڕۆژاوای تەرەغە (سەردەشت) ماڵ ئاوایی دەکات و تاریکای باڵ بە سەر وڵات دا دەکێشێ . ئێوارەیە و ماندوو شەکەت لەسەرکارراگەڕاومەتەوە ، کە چاوانم لەسەریەک دانا و بەقوڵایی بیر وناخی دەروونمدا چومەخوار، ئاوری دڵ بەرەو بۆکان سواری ئەسپی خەیاڵی کردم .

لە ئاڵیکەندی شەهیدانەوە دەڕوانمە چیای تەرەغەی  و لەوێوە بەرەو هەتاو چاو هەڵنایە ، بەدستی چەپم سێبەرم بۆ چاوم دروست کردووە ، لە زۆر دوور دەڕوانم ، ئاڵای پیرۆز دەکەمە کراسی تەییری ئاشق و شەیدای نیشتمانی جوانم و تەییر بەرەو سەردەشتی سەرسەوز و سوێسنایەتی و دەشتی داوداوێ و مامکاوێی لە شەققەی شاباڵی دەدا و لە داوێنی هەیبەتی لانک لەنگەر دەگرم ، دەچمەوە نێو مەتەرێزی مەلا ئاوارەی دێمۆکراتم و پاڵ وە شاخ ( چیا) ی لانک دەدەم و روو بە چیایی سەربەرزی گیارەنگ شێعری توتنەوانی مەلا ئەحمەدی شەڵماشی ( مەلا ئاوارە) م دەخوێنمەوە :

کوردم و کوردستانم دەوێ!

هەدا نادەم ڕۆژ و شەوێ

خۆم بسرەوم دڵ ناسرەوێ

تاکوو هەلم دەس دەکەوێ

دنیا گشتی سەر یەک کەوێ

لێم ببڕن خۆراک و خەوێ

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

تاکوو قۆناخی سەربەستی

ئەسپی خەباتم ناوەستێ

تا دەرنەچم لە ژێر دەستی

نامەوێ سەرمایەی هەستی

مەرگ، نەک ژینی ژێر دەستی

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

بۆ ئازادی و خودموختاری

بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری

بە سەربەرزی و بەختیاری

بە گیان دەکەم فیداکاری

تا دەبڕم کلکی زۆرداری

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

کلکی زۆردار دەقرتێنم

قەڵای سەختی دەڕووخێنم

بەردی بناخەی دەردێنم

وەک دێڵەسەگ دەیتۆپێنم

کە نەشتۆپا دەیڕەتێنم

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

دەیڕەتێنم تا کێوی قاف

جیهانی پێ دەکەم تەواف

بەبێ گاڵتە و لاف و گەزاف

شەرتە نەکەم وەعدە خیلاف

یا بمرم یا بستێنم ماف

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

دەستێنمەوە مافی خوراو

بۆ نیشتمانی بەش کراو

هەزاران دایکی زگ سووتاو

هەزاران لاوی سەربڕاو

دەژیەنمەوە وەک گوڵ بە ئاو

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

من ناهێڵم نەسلی بەدکار

وەک هەڵۆ لێی دەکەومە کار

بچتە ئاسمان نایکەم قوتار

لە ژێر زەوی بۆی دەچمە خوار

لێی ناهێڵم یەک جووقەوار

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

جووقەواری لێ ناهێڵم

وڵاتی پێ بەجێ دێڵم

خاکی خۆم بۆ خۆم دەکێڵم

سوودی بزن و مەڕ و چێڵم

چیدی نایدەم بە فڕ و فێڵم

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

تا کەی خەزێنە و نەوتەکەم

بە بووکۆڵە و فیتفیتە دەم؟

خەڵک شاد و من دڵ بە خەم

لە سەر گەنجی وڵاتەکەم

خاکی خۆشم ئاوارەکەم

کوردم و کوردستانم دەوێ

هیوای بەرزم قەت نانەوێ

پاشان هێز دەدەمە بەرخۆم و هەڵدەستمە سەرپێ و گوڵە مێلاق و بەیبون و هەڵاڵە و نێرگس و شێست پەڕان دەچنم و بیست چەپکەگوڵان دروست دەکەم، دەیدەم بە دەستی خوشکم شلێری دەستەخوشکی سوهەیلا و نەسرینەکانی دێمۆکراتم وناهێڵم تەپە و هەناسەی دڵ لە لێدان بکەوێ و بێ دوو دڵی و دڵەڕاوکێ دادێمەوە کۆنەبرینی یادگاری  مەتەرێزی  کوردایەتی حەمەرەسووڵەکەم ماچ دەکەم، و پێیان دەڵێم لە تەرەغەی موکریانەوە بە هەگبە و کۆڵەپشتی پێشمەرگانەوە بۆلاتان هاتووم ، ئەمجارەیان هەگبەم هەڵگری کتێب و گەچ و قەڵەمی منداڵانی لادێ کانی دووردەست نیە بەڵکوو پڕە لەبابەت ونووسراوەکانی سایتی گیارەنگ بۆ خوێنەرانی وانە وێژە و خەمخۆری کوردان و پڕە لە هەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ ماندوبوونتان .

براتان :

کەریم حاجی رەسووڵی ( م- زێڕە)

سوئێد یوتبۆری