بیست ساڵ خۆنەویستی لە بەرامبەر بە بەرپرسایەتیەکی پیرۆز. نەسرین یوسف‌زادە

بیست ساڵ خۆنەویستی لە بەرامبەر بە بەرپرسایەتیەکی پیرۆز. نەسرین یوسف‌زادە

یەکەم ئەوەی کە بزانین بەرپرسایەتی چییە و ئەوە چۆن دەبێتە ئەرک بۆ تاكی کۆمەڵگە؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە و باشتر تێگەیشتنی دەبێ باس لە هێندێک هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگە بکرێ و لە بواری جواروجۆردا هەڵسەنگێندرێ. ئەگەر بمهەوێ دەقیق باس بکەم. یەکەم ئەوەی کە بەرپرس بوون لە بەرامبەر کۆمەڵگەکەت و نەتەوەکەت بابەتێکی گرینگە کە وڵامە درووستەکەی تەنیا کەسانێک دەیزانن کە لەبەرامبەر ئازادی و سەربەستی نەتەوە و کۆمەڵگاکەیان خۆیان بە ئەرکدار دەزانن.

یەکێک لەو کەسانەی کە خۆیان لە بەرامبەر نەتەوەکەیان بە بەرپرس زانیوە و خۆیان بە ئەرکدار زانیوە “کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی و خاتوو شلێر حەسەنپوور”ن.

کاک حەمەڕسووڵ کە لە چیاکانی سەردەشتەوە کوردایەتی و حیزبایەتی دەست پێکرد و هەر لەوێ لەگەڵ خاتوو شلێر حەسەنپوور هاوڕێ و هاوژینی ئاشنا بوو. هەتا چەندین ساڵ خۆنەویستانە لە سەنگەرەکانی سەربەرزی پێشمەرگەئاسا ڕووبەڕووی دوژمن بۆتەوە و تەنانەت لەو ڕێگایەدا کەم ئەندامیش بوو. دوای ماوەیەک ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و لەوێ ماڵپەڕی گیاڕەنگی دانا.

 دواتر ماڵپەری “گیاڕەنگ” بە هیممەتی پێشمەرگانەی ئەو دوو خۆشەویستە دەستی بەکار کرد و کەوتە ڕیزی یەکەم ماڵپەڕ و بڵاوکراوە ئینتێرنێتییەکانی ڕاگەیاندنی کوردی‌.

لە ماوەی بیست ساڵ کار و تێکۆشانی ئەو هاوڕێیانەدا لە ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەیان وتار و وتووێژ و شرۆڤەی سیاسیی و بابەتی کۆمەڵایەتی بڵاو کراووەتەوە و خستراوەتە بەردیدی خوێنەرانی خۆی کە لە نێویاندا بابەتگەلی گرینگی کۆمەڵایەتی تایبەت بە لاوان و ژنان و چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دێنە بەرچاو و بەشی تایبەت بەخۆیان  هەبووە و لەم بارەیەوە یەک لە ماڵپەڕەکان بووە کە لە ڕۆژە تایبەتەکانی کە پێوەندی بە ژنان و لاوان هەبووە بابەت، وتار یان وتووێژی هەبووە.

کاتێک پێشمەرگە بە خۆنەویستی و ئازایەتی سینگی دەکاتە قەڵغان بۆ نەتەوەکەی ئەوە ماڵپەڕی گیاڕەنگ و ڕاگەیاندنەکانی هاوشێوە و هاوڕێبازی ئەوە کە ئەو ئازایەتییانە بۆ هەتاهەتایە تۆمار دەکەن و دەبنە بەشێک لە خەباتی شوناسخوازی نەتەوەکەیان و جێگەوپێگەی تایبەت بە خۆیانی دەدەنێ.

“گیاڕەنگ”ی پڕاو پڕ لە ڕەنگ و جوانی و جوانمێری پێشمەرگانە بە هیممەتی دوو پێشمەرگەی خۆشەویست لە هەندەران دەستی بە کار کرد و خۆی بە بەرپرس لەبەرابەر کۆمەڵگەی کوردەواری زانی و بوو بە زمان و هێزی ژنان و پیاوانی کورد و ئازادیخوازی کوردستان و پێشمەرگەئاسا بیست ساڵ بە جوانترین بابەت و وتارەکانی بوو بە چقڵ بۆ چاوی نەیارەکانی کورد.

هیوای سەربەرزی و سەرکەوتنم بۆ ماڵپەڕی گیارەنگ هەیە و هیوادارم ڕۆژگارێک “گیاڕەنگ” لە سەردەشتی بەهەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ئاشکرا دەنگ و ڕەنگی دلێری بڵاو ببێتەوە.

نەسرین یوسف‌زادە