گیارەنگ سەنگەری خۆڕاگری و مقاومەتی کوردانەیە “بەرخودان ژیانە” . حەسەن شیوەسەڵی

گیارەنگ سەنگەری خۆڕاگری و مقاومەتی کوردانەیە “بەرخودان ژیانە” . حەسەن شیوەسەڵی

بەداخەوە درەنگم پێزانی، ئێستا کە ماڵپەری گیاڕەنگ بە چەندین فازی جۆراوجۆر دا، تێپەر بووە و واریدی فازێکی تازەی خەبات و تێکۆشان بووە و تەمەنی بیست ساڵەی خۆی وەپشت سەرناوە، جێگای خۆشحاڵی و شادمانیە، کە لە قۆناخی ئێستا دا بە تایبەتی لە ڕاپەرینە بەرینەکەی ژینا دا، کە هەموو ڕۆژهەڵات و ئێران و سەرتاسەری دونیاشی ڕووناک کردەوە، شان بە شانی هەموو سایت و دەنگ و ڕەنگەکان جینایەتی یاساوڵە ڕەنگاورەنگەکانی کۆماری قەبەر و قەنارەی لە قاو دا و ڕووداوەکانی وەکوو حەقی خۆیەتی بە گوێی بینەران و بیسەرانی خۆی گەیاندن.

نێودێر کردنی ئەو سایتەی بە نێوی پیرۆزی گیاڕەنگ، هەڵگری پەیامی جۆراوجۆر و ناوەرۆکی کتێىی شۆڕشگێرانەیە، گیارەنگ لە زۆر قۆناخاندا، سەنگەری خۆڕاگری و مقاومەتی کوردانەیە، بۆ نموونە ئەو کاتەی کە لەشکری داگیرکەری شای لە ئازەربایجانەوە، بە سەر پێتەختی کۆماری کوردستان شاری مەهاباد را لەشکرکێشی کردووە و هاوکات هێزی خۆجێیی کوردەکانیش ، بە پشتیوانی لە حکوومەتی مەرکەزی بە ئەم بەراوبەری نەڵێن و مەنگوران و ئەم لاو ئەولای ڕووباری کەڵوێ دوو لێواری نەڵینی فەقێ عیسیان دا، بەرەو سەردەشت ملیان پێوەناوە و دەستیان بە سەر گوڵنەوزی زنجیرەکانی، قەبرە جوو، بەرزایی کێوی جەنگی و سەرئەنجام بە لەشکرێکی گەورە و زەبلاحەوە، دەستیان بە سەر بەرزایەکانی لانک و تەنانەت دەستیان بە سەر دێی دیواڵانیش داگرتووە، سوپای میللی کوردستان، بە فەرماندەیی بەشێک لە ئەفسەرەکانی کۆمار، زیندەیادان کاک فەتاحی غولامی و کاک سەید ئەحمەدی حوسێنی و باقی پلەدارەکان خۆیان گەیاندۆتە بەرزایەکانی کێۆی گیاڕەنگ و لە سەر قەڵاتی کەنیشکێ و لە چاکی گوڵەزەردانەوە، تەپەکانی دەورەبەری دەشتی مەلایان و نوختەی حەساسی داری بووکێیان کردۆتە سەنگەری بەرەنگاری و مقاومەت و وەکوو بە گوێی خۆم لە پێشمەرگەکانی زەمانی کۆمار شەهیدان مام حوسێنی عەبداڵی و  ئاغای کوێخا حەسەنی و خوالێخۆشبووان ڕەحمانی مەلا سوورەی شیوەسەڵێ و سامخانی مڵکاری بیستوومە، کە بۆ خۆیان بەشداری بەگژداچوونەوەکە بوون و پاش چەند ڕۆژ بە تووندی لە بەرامبەر یەک راوەستان و بەڕاوی تووندوتیژ گۆرینەوە، سەرئەنجام لەشکری بەکرێگیراوی خۆجێیی نەیتوانیوە قەرەی خۆی لە قەرەی پێشمەرگەکانی سوپای میللی کوردستان بدات و بە تێکشکاوی لە جەبهەی لانک و دیواڵان و باقی بەرزاییەکانی دیکە کشاونەوە.

وەک خۆشم بیرەوەری زۆرم لە چیای گیارەنگ هەیە. چەند مانگێکان بەندە و پێشمەرگەکان، بنکەی سەرەکی خۆمان بۆ چاکی گوڵەزەردان و دواتر درووست بۆ لاجانگی چیای گیارەنگ گوێزتەوە. چەند مانگان لە باوەشی چیای گیارەنگ دابووین، زۆر شەوانیش باوەشمان لە بەرزایی بەرزترین لووتکەی گیارەنگ داو، پێکەوە چووینە خەوێکی ئاشقانەوە، ئەو کاتەی بوو کە سکرتێری شەهید دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی رادیۆ دەنگی کوردستان، کاک ئەحمەدی شێربەگی و دادە خەجێ و هێندێک لە هەڤالانی دیکەیان، کە بۆ سەردانێکی تایبەتی ناوچەی مەهابادێ دەرۆیشتن، پێکەوە بوونە میوانی ئێمە و لە گەرانەوەش دا دیسان سەردانی ئێمەیان کردەوە، ئێمەش بۆ ئەوەی لە خەتی میلیتاریزەی سەردەشت، کەپران و بێوران دەربازیان بکەین، لە خزمەتیان ڕا چووین و کەوتینە کەمینی جاش و پاسدارەکان، بەڵام بە خۆشیەوە بێ زیان تێپەر بووین، ئەگەرچی ئەمن بیرەوەرییەکی تاڵم لە شکستێکی دەوربەری چیای گیارەنگ هەیە و لە بیرەوەرییەکانیشم دا تۆزێک بە درێژی تۆمارم کردووە ، بەڵام نێوی چیای گیاڕەنگ لە هەر دەنگ و ڕەنگێک ، لە هەر ماڵپەرێک و یا لە هەر ڕاگەیاندنێک ببیەم و ببیسم، دەیان بیرەوەری هەرە شیرین لە نێو حافیزە و زێهن  و هۆشم دا زیندوو دەکەنەوە.

ئێستا کە بە خۆشیەوە سایتی گیارەنگ بە دەورانی بلوغی خۆی گەیشتووە و بەرەو کامڵتر بوون و ڕەوتی بەرەو ژوورچوونی خۆی لە هەڵفرینی بەردەوام دایە،  مۆمی تەمەنی بیست ساڵەی خۆی کوژاندۆتەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی خۆم بە کارێگێرانی ئەو سایتە ماندوویینەناسە ڕادەگەیێنم و ساخی و سەلامەتی و سەربەرزی زیاتری یەک‌یەکیان بە تاسەوە ئاواتەخوازم.

مەلا حەسەن شیوەسەڵی