چیای گیاڕەنگ و سایتی گیارەنگ. ڕەحیم محەممەدزادە

چیای گیاڕەنگ و سایتی گیارەنگ. ڕەحیم محەممەدزادە

چیای سەربەرزی گیاڕەنگ لە ناوچەی تێکۆشەرپەروەری سەردەشت و ماڵپەڕی ئینترنیتی گیاڕەنگ، لە دەرەوەی وڵات، دوو ناوی ئاشنا و لە یەک دانەبڕاون.

گیاڕەنگ چیایەکی بەرز و بەشکۆیە کە لە زووەوە پشت وپەنا و حەشارگەی پێشمەرگە قارەمانەکانی گەلی کورد بووە و مێژووی سەدان نەبەرد و بەرخۆدانی بێ وێنەی خەباتکارانی ڕێگای ئازادیی کوردو کوردستانی دە سێنگی خۆی دا حەشار داوە.

چیایەک کە ڕیشەی شلێرە و گوڵە مێلاقەکانی بە خوێنی سووری شەهیدانی گەل ئاودێر کراون و لە خۆڕا نەبووە کە یەکێک لە گەورەترین و کارامەترین هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، بە ناوی ئەو چیایە ناودێر کراوە.

 هەربۆیەش کاتێک ماڵپەڕی “گیاڕەنگ”، بیست ساڵ لەمەوبەر، دەستی بەکار کرد، بە نیشانەی خۆشەویستیی ئەو چیایە ناوی “گیاڕەنگ”ی لە خۆی نا و ئەو ماڵپەڕە لەماوەیەکی کەم دا، بەبڵاوکردنەوەی وتار و بابەتی هەمەچەشنە ناسرا و جێگای خۆی لە نێو بڵاوکراوە کوردییەکانی نێو دنیای ئینتێرنێت دا کردەوە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ بیست ساڵە بە هەوڵ و هیممەتی هاوڕێیان شلێر خانمی حەسەنپوور و کاک حەمەڕەسوڵ کەریمی، ڕۆڵەکانی پەروەردەی داوێنی چیای گیاڕەنگ، بۆتە مەکۆیەک بۆ وەدەست خستنی زانیاریی هەمە ڕەنگ و ناوەندێک بۆ لە قاودانی جێنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی.

ماڵپەڕێک کە بۆتە سەرچاوەیەک بۆ گوێ بیستی  ئەو داد و هاوارانە کە بە دائێم  لە دەرودۆڵ و ئەشکەوتەکانی چیای گیاڕەنگدا زایەڵەیان دێ.

بەو بۆنەیەوە وێڕای ماندوونەبوونی، پیرۆزبایی لە شلێرخانم و کاک حەمەڕەسوڵ دەکەم و بەرەدوامی بۆ ماڵپەڕی گیاڕەنگ بە ئاوات دەخۆازم.

ڕەحیمی محەممەدزادە