بیست ساڵ  بەردەوامی، نیشانەی ئەرکناسی و ماندوویی نەناسی‌یە. مەریوان نستانی

بیست ساڵ  بەردەوامی، نیشانەی ئەرکناسی و ماندوویی نەناسی‌یە. مەریوان نستانی

لەسەردەمی پڕ کێشە و دەردەسەری ئێستا دا بەردەوامبوون و لەهەمان کاتدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەیەکی ئەلیکتڕۆنی کە هیچ ڕێکخراو و ئۆرگانێکی لەپشت نی‌یە، کارێکی ئاسان نی‌یە و زۆر کەم وێنەیە. بۆیە بەڕێوەبەرانی ئەم ماڵپەڕە کاک حەمەڕەسوڵ و شلێر خانم شایانی دەستخۆشی و سوپاسن. نامەوێ بابەتێکی درێژ بنووسم و لەهەموو بوارەکانەوە گیاڕەنگ هەڵسەنگێنم. بەڵام بەکورتی چەند سەرنجێک باس دەکەم، کە من گیاڕەنگیان پێدەناسمەوە، یان ڕوونتر بڵێم دەتوانین وەک پێناسەی گیاڕەنگ بیانبینین.

ڕاستگۆیی

لە دنیای ئێستای ڕاگەیاندن‌دا و بەتایبەت لە ڕۆژنامەنووسیی ئێلێکتڕۆنی دا زۆر بەزەحمەت سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەست دەکەون، بەڵام گیاڕەنگ هەر لەسەرەتاوە ویستوویەتی ڕاستگۆ و جێ‌ی متمانەی خوێنەرانی بێ. بێگومان ئەم تایبەت مەندی‌یە بۆتە هۆی ئەوەی کە خوێنەرانی بەڕێزەوە لە ماندووبوون و زەحمەتەکانی بەڕێوەبەرانی بڕوانن. گیاڕەنگ نەیویستووە هەواڵ و بابەتی ناراست و سەرنج ڕاکیش بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەی خوێنەری زۆربن، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووکات خوێنەری خۆی هەیە.

هەمەڕەنگی

لایەنێکی دیکەی گرینگی ماڵپەڕی گیاڕەنگ، بریتی‌یە لە هەمووڕەنگی و هەمووجۆری لەبابەت و نووسراوەکانیدا، ئەگەر سەرنج بدەین لەهەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا بابەت و نووسراو بەرچاو دەکەون، ئەمەش وایکردووە بۆ هەموو کەس کە سەردانی ماڵپەڕەکە دەکا شتێک هەبێ.

ئارشیڤێکی دەوڵەمەند

گیاڕەنگ لە بواری دیزاین ڕوکارەوە چەند جارێک گۆرانی بەسەرداهاتووە و جار بەجار جوانتربووە، لایەنێکی باشی ماڵپەڕەکە ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار کراوەتە ئامانج و لەلایەن هاککەرانەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام توانیویەتی زۆربەی ئارشیڤەکەی بپارێزێ و نەهێڵێ لەناوبچێ، دوای هەموو هیرشێکیش بەبەرگێکی تازەوە و جوانتر لە پێشوو هاتۆتەوە مەیدان.

بێجگە لە پاراستنی بابەت و نووسراوەی خوێنەرانی خۆی، ئارشیڤێکی باشی بڵاوکراوە و نووسراوەکانی حیزبی دێموکراتیشە، بێگومان ئەوەش بایەخی ئەم ماڵپەڕەی زیاتر کردووە.

نەبوونە سەکۆی بێڕێزی و شکاندنی یەکدی

سەرەڕای چالاکی و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرانی لە بواری سیاسی و کاری ڕێکخراوەییی دا هیچ کات نەبۆتە شوێنی شەڕەقسە، شکاندن و بێڕێزیکردن بەم و بەو. تاڕاددەیەکی زۆرباش توانیویەتیی بێلایەنی خۆی بپارێزێ. بەداخەوە زۆر ماڵپەڕی دیکە نەیانتوانیوە ئەم سنوورە بپارێزن. دیارە کە بۆ بەراوەرد لەگەڵ گیاڕەنگ‌دا زۆر کەمدێنن.

بەردەوامی و پڕبەرهەمی بۆ گیارەنگ. سەرکەوتن و شادی و بەختەوەری بۆ دادە شلێر و کاک حەمەڕەسوڵ، بە ئاوات دەخوازم.

مەریوان نستانی