لە یادی ٢٠ ساڵەی ماڵپەڕی گیاڕەنگدا. عەزیزی شێخانی

لە یادی ٢٠ ساڵەی ماڵپەڕی گیاڕەنگدا. عەزیزی شێخانی

 ماڵپەڕی گیاڕەنگ پاشخانێکی تایبەتی هەیە، کە وەکوو ناسینەی ئەم ماڵپەڕە پێناسە دەکرێ. بە واتایەکی دیکە، ماڵپەڕی گیاڕەنگ گرێدراوی پرسی کورد و هاوڵاتیانی کوردە. لاپەڕە ویرچواڵەکانی ئەم رۆژنامەیە بەشێک لە رووداوە گرینگەکانی کورد و بیروڕای نووسەرانی بڵاوکردۆتەوە. ئەم ماڵپەڕە لە دامەزرانەوە و هەتا ئەمڕۆ لە حیزبی دیموکڕات نیزیک بووە. لە سەردەمی جیابوونەوەی حدکادا ئەم ماڵپەڕە کەوتە ژێر شوێنەواری رووداوەکان و بە لای حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا کەوت.

 کار و تێکۆشان مرۆڤەکان دەخارێنێ و بەرهەمەکانیان لە بواری چۆنایەتیی و چەندایەتی باشتر دەکات. ئەم ماڵپەڕە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لە ژێر کارتێکەری تێکنۆلۆژیی و هەروەها رووداوە ناوچەیی و جیهانییەکاندا لە رووکار و نێوەرۆکدا گۆڕاوە.

 ماڵپەڕی گیاڕەنگ بۆ مانەوە لە گۆڕەپانی مێدیا و بڵاوکردنەوەدا پێویستی بە پێداچوونەوە و خۆبەڕۆژکردنەوەیە. دەرکەوتنی زیاتر و جێکەوتنی باشتر لە نێو خوێنەر و بینەراندا، کاری زۆرتر و رۆژانەتر دەخوازێ. گیاڕەنگ بۆ مانەوە و گەشەکردن دەبێ لە چوارچێوەی مێدیای حیزبی دەرچێ و زیاتر وەکوو ماڵپەڕێکی ئازاد و نەبەستراوە ئەرکەکانی درێژە بدات. کۆمەڵگەی کوردستان رەنگاوڕەنگە و ناکرێ بە چاویلکەی حیزب لە رووداوەکان بڕوانین. بێجگە لەوانە، بڵاوکردنەوەی هەواڵی رۆژانە و بە شێوازی دەنگ و وتووێژی کارناس و شارەزایان لە سەر بابەت و رووداوەکان رێژەی خوێنەر و بینەرانی گیاڕەنگ دەباتە سەرێ.

لە کۆتاییدا تەمەنێکی درێژ و لەشێکی ساغ بۆ بەڕێز حەمە رەسووڵ کەریمی و خاتوو شلێر حەسەنپوور بە ئاوات دەخوازم. لە بەڕێوەبردنی ماڵپەڕی گیاڕەنگدا سەرکەوتوو بن و گیاڕەنگیش لە جاران رەنگینتر و پڕ نێوەرۆکتر بێ.

عەزیز شێخانی