وردە بیرەوەری بەشی ١١ و ١٢

ئەحمەد حوسێنی

جەولە بە تیم !
ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی تیمێکی تەشکیلاتی حەوت کەسی لە حاڵی جەولە دابووین ڕێمان کەوتە ئاوایی تەمووتە لە ناوچەی سەقز،تەمووتە لە میرەدێ نزیک بوو کە هەم پاسگای ژاندار مری لێبوو هەم گوردانی چاش و پاسدار،چاشەکان خەلکی ئەو ناوچە بوون هەموویان لە میردێ کۆببونەوە وڕایەلەیەکی پتەوی جاسوسیان بۆ خۆیان دروست کردبوو،هەڵکەوتوویی میردێ بە شێوەیەکە هەموو دێهاتەکانی ئەو ناوچە ڕێگەی ‌هاتووچویان بەوێدا بۆ سەقز دەرباز دەبێ،جگە لەوەش سەقز خۆی لە پێنچ بەخش*ناوەندی بچووک* پێک هاتوە میرەدێ یەکیک لەو ناوەندانەیە ،

خەلکی ئاواییەکانی دەوروبەر بۆ زۆرێک لەپێداویستەکانیان دەچوونە ئەوێ، بە بۆنەی ئازوقە ونەوت و زۆر شتی لەو بابەتە بەکرێگیراوەکان خەلکانێکیان بە تەماع وەبەرنان وبەشێکیش بە هەڕەشە و تەهدید دە کردە جاسوس، تەموتەش مەودایەکی کەمی لە گەڵ میرەدێ هەیە،دەبوو بە هەستیاریەوە بچی و وریا بوونی زۆری دەویست،بڕیارمان دا لەوێ کۆبوونەوە بۆ خەڵک بگرین ،ڕادەمان کەم بوو جۆریک ئیحساسی مەترسیمان دەکرد، دەبوو قسە بۆ خەڵک بکەین ولە گەڵ شەهید ئیقباڵ بەیگی کادری ئازا و بە دەست و برد پێکەوە بچینە ناو مزگەوت و باقیەکەشمان لە گۆشە و کەناری ئاوایی نگابان بن ، خەلکمان ئاگادار کردوە بێن بۆ مزگەوت ،خەلکێکی زۆر ڕوویان لە مزگەوت کرد ، مزگەوت جمەی دەهات،دیارە خەڵکەکەمان دەناسی ئەوانیش کادرەکانیان دەناسی، لە مێژ بوو پێشمەرگەیان نەدیبوو،تامەزرۆی دیتنیان بوون، بە ئیقباڵ م .وت من کەوشەکانم لە پێم داناکەنم ،،دوو کیسەی نایلۆنیم پەیدا کرد و بە سەر کەوشەکانم دا هەڵکێشا و بەدوو بەن هەردوو کیانم توند گرێێ دا ن بۆ ئەوەی لە کەوشەکانم دانەکەنرین وڕاخەرەکانی مزگەوت و میعراب پیس نەبن،

ئیقباڵ لەکەوشکەنی مزگەوتەکە راوەستا ،خۆشم بە کەوشی ناێلۆن تێهالاو خۆم کرد بە مێعرابی مزگەوت دا،بە سەر و گوێلاکی کۆماری ئیسلامیدا هاتمە خوار ،دە خولەکێک قسەم کرد و ئەونەم زانی زرمەی ئارپیجی لە نزیک مزگەوت و پەنا مالەکاندا بەرز بوەوە،خەلک هەمووی پەشۆکان، لەو شڵەژان و خۆ بەم لاو لا دانەدا ،پشتیان لە کلیدی گڵۆپی بەرقەکان کەوت برقی مزگەوت کوژایەوە تاریکەسەلاتێک بوو ،مەپرسە ، لە دەرەوەی مزگەوتیش تەقە گەرمە،بەشیک لەخەڵکەکە ی لە نزیک دەرکەی مزگەت بوون هەڵاتن ،ئەوانی دیش هەر قرمە و دەنگە دەنگیان بوو خۆیان مەلاس دابوو نەکا گولە ئارپیجیەک خۆ بە مزگەوتا بکات، بکوژرێن ،لە لایەکیش لە بەر تەقەی زۆر نەیاندەوێا لە مزگەوت بچنە دەر، زۆر دەترسان، ئیقباڵ وتی وەرە دەرەوە،تەکانم لە خۆمدا بڕۆمەدەر ،کەچی لە خەڵکی ئاواییە کە نەفەریک پەشۆکابوو یان بەنقسەت نازانم ! بە توندی فانوسقەی رەختەکەی گرتبووم هەر چی تەکانم دا بێ فایدە بوو،بەری نەئەدام، لە بەر تاریکیش نەمدەزانی کێیە و بۆ وادەکات، ،

دوو هەستم لا دروست بوو یا پەشۆکاوە، یان هاورکای ڕژیم،ڕووی لولەی چەکم وەر سوڕاند هەڕەشەم لێکرد کە بەرمدە بەری نەدابام، زانیبام بە ئەنقەست و مەبەست دار بەرم نادا ،مەجبور دەبووم بێ هەڵویست نەبم،چونکە لە خەتەر دابوین و لە دەری مزگەوت شەڕ بوو،،تێی خوریم وتم بەرم نەدەی دەت کوژم،لە نیو خەلکەکەش نەفەریک پێوت کاکە بۆ بەری نادەی،هەر چۆنیک بوو بەریدام، مام رەحمان شەڕی چاکی کرد و ئەوانی تریش تەقەیان کرد ،هیوا گەڵمحەمەدی خەڵکی ناوچەی کامیاران،پێشمەرگەیەکی چوست و چالاک ،وەک ددانی مار تیژ و وریا قەناسەی پێبوو هاتە دەست و دایگرتن بە قەناسە دیارە مام رەحمان لە پێشەوە بوو کڵاشینکۆفی پێبوو لە هەموان زوتر بە دوژمنی زانیبوو،زوتر هاتبوە دەست و تەقەی زۆرتریشی کردبو، من و ئیقباڵیش گەیشتینە لایان، درێژە کێشانی شەڕ زۆر لە قازانجی ئێمە نەدەشکایەوە،خۆمان کۆکردەوە و بە شەڕە تەقە ئاواییمان بەجێ هێشت،نە ئیمە هیچمان لێهات و نە ئەوان. هەر دوو لا بێم زەڕەت دەرچوین،دەنگی تەقە لەو دێهاتانەی دەورو بەر بیسترابوو ، جاش و پاسدار تا درەنگانێکی شەو خومپارەیان بە تاریکیەوە دەنا،خەلک باسیان دەکرد،

چەند ڕۆژ دواتر چوینە ماڵیک بۆ نان خواردن لە ئاوایی قەرەچەر ، لە گەڵ هیوا و مام رەحمان لەو ماڵە پێکەوە بوین،هیوا لە خاوەن ماڵی پرسی ؟ خاڵە دەنگ و باس چیە؟ وتی دەنگ و باس لای خۆتانە،بەقوربانی ئەو قەناسەی دەستت بم خەبەرمان هەیە چ حەشرێکت کردوە بەو قەناسە بۆرەی شانت، خەریک بوو فەرماندەکەیان بکوژی،مام ڕەحمان لەو لاوە وتی کابرای *کامیارانی بۆی هەڵات و بوش بە قارەمان،* ئێستەش هیوا دەمبینێ هەر بەو قسەی مام رەحمان پێدەکەنێ،ئێمە هەموومان ڕێزی تایبەتیمان لە مام ڕەحمان دەگرت ،ڕێنوین و ڕێپیشاندەرمان بوو،جار و باریش شتێکی بەدڵ نەبوایە قسەی خۆی دەکرد،پێشمەرگەیەکمان لە گەڵ بوو بە ناوی (سولەیمان .جۆخۆر) حەیرانی زۆر دەوت ،ئەچوینە هەر شوێنێک بۆ حەسانەوە ملی پێوە دەنا بە حەیران وتن، مام ڕەحمان حەساسیەتی بەو هەموە حەیرانە ناوەختە پەیدا کردبوو،ڕۆژێک زۆر ماندوو بوین گەیشتینە جێ دەستی کرد بە حەیرانان،مام ڕەحمان وتی ئەم قوڕم ساخە وەک نێرەکەر وایە بە زەڕەی خۆی نەبێ سوکنایی نایە،

وردە بیرەوەری ١٢
——————
کۆنفرانسی کۆنگرە ی ٦

کۆنفرانسی کۆمیتەی شارستانی سەقز و هێزی شەهیدعەزیزی یوسفی بۆهەڵبژاردنی نوێنەر بۆ کۆنگرەی شەش و هەر وەها هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی شارستان لە ساڵی ١٣٦٢بە بەشداری نزیک بە سەد کەس لە کادرو نوێنەرانی پێشمەرگە لە مزگەوتی ئاوایی سیانزار لەناوچەی سەرشیوی سەقز بەڕێوە چوو.ئەو کات ڕادەی کادرو پێشمەرگە زۆر بوون زۆربەی گوندەکان لە دەستی پێشمەرگە دا بوون. بنکەی سابیت هەبوو ، جادە ئەسڵیەەکان بە تاریک داهاتنی هەوا لە بەرترسی ڕژیم لە هێزی پێشمەرگە لە هاتوچوو کردن خۆێان دەپاراست. شاری سەقز زیاتر لە ٣٥٠ ئاوایی هەیە کە لە تەقسیماتی حیزبی دا بە سەر پێنج ناوچەی جیاوازدا دابەشکرابوون،کە بریتین لە لەناوچەکانی، فەیزوڵابەیگی، خوڕخوڕە، تیلەکۆ، سەرشیو،،گەورک،

کادرەکانی هەر ناوچەیەک کە لە پێکهاتەی ناوچەی خۆیان بوون ،کۆمیتەی ئەو ناوچەیان پێک دێنا وبۆ هەر ناوچەش ئەندامێکی کۆمیتەی شارستان لە نەزەر گیرابو کە سەرجەم پێنج ئەندامی کۆمیتەی شارستان دەبوو سەر بەو پێنج ناوچە بونایە، پاشان دوو کەسی دیکە وە ک ئەندامی کۆمیتەی شارستان هەڵدەبژێردران بۆ بەشەکانی ماڵی و تەشکیلات،ئەگە ر ئەوانە لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتەو فەرماندەری هێز کۆبکەینەوە دەبینین بە تێکرا نۆ کەس دەبوونە بڕیارد دەر و بەڕیوەبەری هەموو کار و باری حیزب لە ناوچەی سەقز ،دیارە هێزی شەهید عەزیزی یۆسفی یەکیک لە هێزە کاریگەر و شەرکەرەکانی حیزبی دیموکرات بوو ،کە لە سێ لک واتە لکەکانی یەک و دوو وسێ ،هەر وەها ئەرکانی هێز و گروهی زەربەت پکێهاتبوو،

بەڕیوە بەرانی کۆنفرانس تەوەرەکانی کاری کۆنفرانسیان بۆ بەشداربووان خوێندەوە،کۆمیتەی شارستان خەرج و مەخاریجی
بەشدارانی لە ماوەی بەڕێوە چوونی کارەکانی کۆنفرانس دا لە عۆدە بوو، کە لە ناوچە جیاجیاکانی سەقزەوە نوێنەریان ناردبووە کۆنفڕانس ،بەشی زۆری هێزی پێشمەرگە لەوێ بوون ،کۆمیتەی شارستان مەڕی بۆ کڕی بوین مزگەوتەکە هاڵێکی گەورەی هەبوو کە لەوێوە خەڵک دەچوە ژوور و لە بەر فراوانی و هەراوی ئەو داڵانە هەر لەوێش ئاشپەزیەکە دەکرا وئاشپەزی تایبەتی کۆمیتەی شارستان و تیمەکەی سەر قاڵی ساز کردنی کوچکاور بوون شەش بەردییان هێنا بوو سێ سێ بە وشێوەی چەپ و چیڕدایان دە نان، سێ کوچکەیان لێ ساز دەکردن و مەنجەڵیان دەخستە سەرو دەسەچیلە لە ژێر وکۆلکە دار لە تەنیشت،،

دانی بەیانی کارەکانی کۆنفرانس سەعات نۆ وتا دوازدە دیاری کرا بوو ،پاشان نانی نێوەڕۆ هەموو پێکەوە دەبوو لە مزگەوت دا نۆشی گیان بکەین، کۆنفرانس جمەی دەهات و بەرنامەکان یەک بەدوای یەک دا دەچوونە پێش ،ئەو کۆنفرانسانە هەڵبژاردنیان تێدایە کەش و هەوای تایبەتیشیان هەیە،تەوەری پێش نان خواردنی نیوەڕۆ دانرابوو بۆ بەشی ڕەخنە وپێشنیار،هەموو قەلەم و دەفتەر بەدست ئەوەی دەیان وت
نەیاندە وتەوە ،پێشنیاری فەقیر لە بەر رەخنەی ڕوخێنەر خۆی پێنەدە گیرا و جێگەی دیار نەبوو،جاری وابو وا ون دەبوو نەدەدۆزرایەوە ، رەخنە ی وا باس دەکرا هەر مەپرسە ،یەک دەیوت بەشی قەزایی لە قەزاوەت نازانی ،یەک لەر سەر ژن بەژنەی خەلک توشی کێشە ببوو،جارو وبار جەوی ئیحساس بەرز و مەنتیق نزم مامۆستایەکی شۆڕشی لێ بوو بەناوی ئاکۆ خەشابێکیان دا بە سەریدا خوێن فیچقەی کرد،

یەک دەیوت دوکتور قاسملووم نەدیوە رئیم بدەنێ بۆ کۆنگرە با بیبینم، ئا لەو کاتانەدا بوو بە هێواشی لە درز و کەلێنی درگاو پەنجەرەی مزگەوتەوە بۆنی پڵاو و خۆرشتی ئاشپەز دەگەیشتە لووتی خەلکە کە، تماشای یەکمان دەکرد و چاوە کان زیتە یان دەهات خۆشحاڵ بوون بە و بۆن و بەرامە، ! لە نەکاو یەک هەستا و رەخنەی لە ئاشپەزی کۆمیتەی شارستان گرت و وتی بۆ لێێ قەبوڵ دەکەن هەر خەریکی موعامەلەی ئەسپ و بارگینە،هەر لەو شوینەی بۆن و بەرامەی برنج و خۆرشت گەیشتە لوتمان بە هەمان ڕێچکەدا سەوتی دەنگی ڕەخنەش گەیشتەوە ئاشپەز، وردە وردە کات ژمێر خۆی لە دوازدەی نیوەڕۆ قایم کرد وبەڕیوەبەری کۆنفرانس کۆتایی جەلەسەی پێش نیوەرۆی ڕاگەیاند وتی ! پاش سەبیل تێکردن و سیگار کێشانێک وەرەنەوە ئێرە، هەر لە مزگەوت پێکەوە نانی نیوە رۆ دەخۆین،هەر کە درگامان کردەوە بینیمان دومەنجەڵی گەورە برینج و خۆرشت قڵپ دراونەتەوە و سەرو بن بوون، رەنگی برینج لە نێو خاک و خۆڵی بەر مزگەوەت خۆڵەمێشی بوە و گۆشت و لوبیا لە سەر زوەی و ناو خۆڵە پۆتە مریشک چینەی تیا دەکا. ،مەنجەڵی خاڵی سڵاو بۆ حازریان تماشا چیەکان دەنێرێ. چاوە زیتەکان داتەپین،پرس و جۆ دەستی پێکرد؟ چی بوە ؟ چی قەوماوە ؟وتیان عەلی شێرالی ئاشپەز وتویەتی چۆن من نۆکەریان بکەم و چێشتیان بۆ وساز کەم و ئەوانیش ڕەخنەم لێ بگرن و بڵێن موعامەلەی ئەسپ و بارگین دەکا؟ دەبا بیخۆن، رەقی هەستاوە شەقی لە منجەڵەکان هەڵداوەسەرو بنی کردوون و بۆی ڕۆشتوە،بەو شێوە برنج و گۆشتمان لێ بوو بە قوزەڵقۆرت، ئاو بێنە و دەستان بشٶ!

دریژەی هەیە،.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت