“گیاڕەنگ” بە بۆن و بەرامەی گوڵاڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی کوردستان. کەریم فەرخەپوور

“گیاڕەنگ” بە بۆن و بەرامەی گوڵاڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی کوردستان. کەریم فەرخەپوور
ماڵپەڕی گیاڕەنگ ٢٠ ساڵ لەمەوبەر هاتە نێو دنیای مێدیاوە و تێکۆشەرێکی بریندار و کەمئەندام بەڵام خاوەن هێز و وزە و بەهرە ماندوویی‌نەناسانە و بە هاوکاری هاوژینەکەی وێرای سەختییەکانی ژیان بە شەونخوونی لە سەنگەرێکی دیکەدا ئەم ماڵپەڕەیان کردە سەرچاوەی باس و بابەت و هەواڵ و ڕۆژانە بە بەردەوامیی ئەم ئەرکەیان بەڕێوە دەبرد و هەنووکەش بەردەوامن. لەو کاتەدا کە ماڵپەڕی کوردی کەم و سۆسیال مێدیا وەک ئەمڕۆ دیار و بەرچاو نەبوو ماڵپەڕی گیاڕەنگ بابەتی نووسەران و سیاسەتوانان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی بڵاو دەکردەوە. ماڵپەڕی گیاڕەنگ مەکۆی بیروڕا جیاوازەکان و سەرچاوەی هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان بووە و وێرای هەواڵ و بابەتی سیاسی لە بابەتی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیش غافڵ نەبووە.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ وێرای کاری سیاسی و فەرهەنگی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەهید بوون و مەرگی تێکۆشەران و دڵسۆزانی کوردیش غافڵ نەبووە و لەو ماڵپەڕەدا هەمیشە یادی ئەو نەمرانە کراوەتەوە و ڕۆڵ و نەخشیان لە پێناو ئازادیی نیشتماندا بەرز نرخێندراوە.
لە کاتێکدا کە بەشێکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی کورد لە وڵاتی تورکیە بەدەست کەمتەرخەمی و بێخەمی کۆمیساریای بەرزی پەنابەران و گوشاری حکوومەتی تورکیە گیریان خواردبوو و کەس دەنگی نەدەبیستن، ماڵپەڕی گیاڕەنگ هەمیشە بە خەمخۆرییەوە باس و بابەتە پێوەندیدارەکانی پەناخوازانی بڵاو دەکردەوە.
لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە بە ئەمەگناسییەوە بۆ جارێکیتر سپاسی خەمخۆری دڵسۆزی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەکەم و هیوام سەرکەوتن و سەرفرازییانە لە پێناو سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
هەر شاد و تەمەندرێژ و سەرفراز بن.
کەریم فەرخەپوور