سەبارەت بە مەنشووری مەهسا، ناوەرۆک و واژۆکەرانی. نووسینی: تاهیر قاسمی

دوای تێپەڕبوونی نیزیک بە شەش مانگ بەسەر شۆڕشی ژینادا، سەرەنجام گروپێک لە کەسانی ئێرانیی دیار لەسەر مێدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە دوای یەکەم کۆبوونەوەی بە ئاشکرایان لە هۆڵێکی زانستگای جۆرج تاونی ئەمریکا، بە “گروپی جۆرج تاون” ناسران، بەرنامەیەکیان بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە. گروپەکە ناوی “مەنشووری هاوپەیمانی و ڕێکخستن بۆ ئازادی”‌یان لەسەر بەرنامەکەیان داناوە و وشەکانی پێکهاتەی ئەو ناوەشیان بە زمانی فارسی وا هەڵبژاردووە کە پیتی یەکەمی هەر کام لەو وشانە بەیەکەوە ناوی “مهسا” پێکبێنن. بەو پێیەش مەنشوورەکەیان ناو ناوە مەنشووری مەهسا.
گروپەکە پێش کۆبوونەوەی جۆرج تاون شەش کەس بریتی لە؛ ڕەزا پەهلەوی، حامیدی ئیسماعیلیون، مەسیح عەلینەژاد، نازەنین بونیادی، عەلی کەریمی و گوڵشیفتە فەراهانی بوون. یەکەم کاری نیوەهاوبەشیشیان بڵاوکردنەوەی دەقێکی هاوبەش بۆ پیرۆزبایی سەری ساڵی زایینیی ٢٠٢٣ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر و لە سەر ئەکاونتەکانی خۆیان بوو. لەڕاستیدا تویتێر و ڕادەی فالۆوێرەکانی ئەو کەسانە هۆکاری هەرە سەرەکیی سەپاندن یان خۆسەپاندنی ئەو شەش کەسە بە ناوی “ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی وڵات” بوو.
نووسینی: تاهیر قاسمی