یەكگرتوویی كورد لە سەردەمی ١٣٥٨دا و پەرتەوازەبوونی ئێستای ڕێكخراوە سیاسییەکان. عەزیز ماملێ

سەبارەت بە مەنشووری كوردستان؛
یەكگرتوویی كورد لە سەردەمی ١٣٥٨دا و پەرتەوازەبوونی ئێستای ڕێكخراوە سیاسییەکان
عەزیز ماملێ
بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان لە پاش ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و دەسپێکردنی ململانێ و کێشەکانی لەگەڵ دامەزرانی دامودەزگاكانی كۆماری ئیسلامییەوە، دەرئەنجامی كۆمەڵیك تایبەتمەندیی بەرچاوی مێژوویی بوو كە نەك هەر ئەوڕۆ بگرە لە داهاتووشدا بۆ خەڵك و پێشمەرگە و بەشداران و چالاكوانانی ئەو سەروبەندە وەک هێمای شانازی دەمێنێتەوە. بنچینەی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئەو تایبەتمەندییانە لە بەستێنی یەكڕیزیی هێزەكان و پشتگریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا پێناسە دەكرێت.
لەو ڕۆژانەی دواییدا بانگەوازێك لە لایەن هەندێك لە هەڵسووڕاوان، چالاكوانانی سیاسی و ڕووناكبیرانی كوردی دەرەوەی وڵاتەوە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە. لەو بانگەوازەدا، لەسەر پێویستبوونی داڕشتنەوەی گەڵاڵەیەك کە بتوانێت وەک مانیفێست یان مەنشوورێكی هەمەلایەنە شێوازی داڕشتنی دەسەڵات لە داهاتووی ئێراندا دیاری بکات، جەخت کراوە.
ئاوا دەسپێشخەرییەك گەلێك دڵسۆزانە و بەرپرسیارانەیە. نووسراوەیەكی لەو شێوەیە ئاڵنگارییەكی بەقەدرە بۆ سەرجەم دڵسۆزانی كورد و بە تایبەت بۆ هێزە سیاسییەكانی كوردستان.
لە پێناو قووڵتركردنەوەی تێڕوانینەکان و شیکردنەوەی وردتری باس و بابەتەكاندا، هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای كوردستان و بەراوردكردنی لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٥٨دا گەلێك پیویستە، بە تایبەت بۆ لاوانی كورد و لە هەموان زیاتریش بۆ ژنانی پێگەیشتوو كە سەرقافڵەی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»ن.
لە سەروبەندی شەڕی سێ مانگەی ساڵی ١٣٥٨دا دۆخێكی تایبەت بەسەر هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا زال ببوو. هێرشەكانی پاسداران و ئەرتەش بۆ سەر نەتەوەی كورد بێ‌ئاكام مابۆوە، پێشمەرگەی كوردستان وەك هێزی بەرگری و پاراستنی گەل و داخوازییەكانی كورد، نەخشە گڵاوە سەربازییەكەی حكومەت و دەسەلاتی سیاسی و ئایینیی پووچەڵ كردبۆوە. خومەینی داوای وتووێژی لەگەڵ كورد كردبوو. كورد کەوتبووە بەر دووڕێیانێک: هێزە سیاسییەكان هەریەکە بەتەنها و بۆ خۆیان بەشداری لە وتووێژدا بكەن یان بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی؟
ئەو پرسیارە هەستیارە سەرنجی كۆمەڵانی خەڵكی بۆ لای خۆی ڕاكێشابوو، زەخت و گوشارێكی بەربڵاو و بەرچاو لە ئارادا بوو بۆ یەكگرتوویی و خۆپاراستن لە پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان كە داخوازیی جۆراو جۆر و مەرجە جیاوازەكانیان ببوونە ڕێگرێک لە بەرانبەر یەكڕیزیدا.
هێزە سیاسییەكان فرە لە یەك دوور بوون، مەرجەكانیان ببووە كۆسپی سەرەكی لە بەردەم نزیكبوونەوە و لێك‌تێگەیشتندا. بەڵام كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان تەوژمێكی ئەرێنیی بەرفراوانیان دەست پێ كردبوو و بەبێ پشوودان داوای دیالۆگ و دانوستانی جیدیی ناوخۆییان لە حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان دەكرد. پاش جموجۆڵ و تێكۆشانێکی زۆر و ڕۆیشتنی هەیئەتە نێردراوەكانی خەڵک بۆ بنكە و بارەگای هێزە سیاسییەكان لە سەر چیاكانی كوردستان و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەکاندا، ئەو هێزانە دواجار ناچار بوون مل بە داخوازییەکانی خەڵک بدەن و خۆ ڕادەستی ڕاستییەكان و جۆرە پراگماتیزمێكی سیاسی بکەن. هەستی پاك و وریایی بەرزی خەڵك بوو بە هۆكارێكی گرنگ بۆ دامەزراندنی «هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی كورد» كە وەك ئەستێرەیەك لە ئاسمانی سیاسەت و یەكڕیزیی کوردستان و لە مێژووی كورددا دەدرەوشێتەوە.
ئەمڕۆ مێژوو بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکە دووپات دەبێتەوە، بەڵام نەك لە ناوخۆ بەڵكوو لە دەرەوی ئێران و كوردستاندا. دەسەڵاتی ئەوڕوی ئێران هەروەك ڕژێمی پێشوو كەوتۆتە بەردەم شۆڕش و ئاوەژووبوونەوە و گڵۆڵەی سەقامگرتوویی ڕژێمی ئیران كەوتۆتە لێژایی، ئەمەش لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا. لە دەرەوەش، هەر وەك ساڵی ٥٧، لایەنێكی كۆنەپارێز خەریكە بە ناحەق دەست بەسەر شۆڕشەكەدا بگرێت. چ لە كوردستان و چ لە دیاسپۆڕا، كورد دەورێکی گرنگی هەیە. لە ناوخۆی ئێراندا بیست كۆڕ و كۆمەڵ و دامەزراوەی پیشەیی و مەدەنی و فەرهەنگی داخوازییەكانی خۆیان خستۆتە بەرچاو و پشتگریی بەرەی چەپ و كۆماریخواز و دیموكراتیان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاوە.
بانگەوازی ڕووناكبیران و چالاكوانانی كورد لە ئەورووپا بۆ ئامادەكردنی مەنشوورێكی لانیكەمی لە داخوازییەكانی كورد لە هەلێكی لەبار و گونجاودا بڵاو بووەتەوە؛ نزیك بە چوارسەد كەس لە دڵسۆزانی تێگەیشتووی كوردستان ئاواتەخوازن كە كوردیش مەنشووری خۆی بە دەستەوە بگرێ و داخوازییە سیاسی-كۆمەڵایەتییەكانی گەڵاڵە و پێشكەشی ڕای گشتیی کوردستان و ئێرانی بكات. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: چ كەس و لایەنگەلێك دەبێ ئەو ئەركە بگرنە ئەستۆ و بە چ شێوەیەك؟
ئاوڕدانەوەیەك لە ساڵی ١٣٥٨ و قووڵبوونەوە لە دۆخی ئەو كاتەی كوردستان پێمان دەسەلمێنێ كە:
1. ڕەمزی سەركەوتنی كورد لە بەڕیوەبردنی باشی وتووێژەکان لەگەڵ دەوڵەتی كاتیی ئێراندا، دەگەڕایەوە بۆ بەشداربوون لە پێكهاتەیەكی دیاریكراودا كە بەتایبەت و دوای زەحمەت و هەوڵێکی زۆر بۆ وتووێژ دامەزرابوو؛
2. لە هەلومەرجی سیاسی و ڕێكخراوەیی كوردستان و خۆبەزلزانیی هێزەكان لەو سەروبەندەدا، بەبێ هەوڵە نەپساوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیی ئەو سەردەمەی كوردستان دیار نەبوو كە حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان چۆن دەیانتوانی خۆ لە شپرزەیی و شڵەژاوی ڕزگار بكەن، گەلۆ دۆخی ئێستا لەگەڵ ئەو سەردەمەدا جیاوازیی هەیە، ئاخۆ گۆڕانكاری بەسەر حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی ئەوڕۆی كورددا هاتووە؟؛
3. هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی كورد بە لێهاتوویی بەرەنگاری دۆخە سیاسییەكان بۆوە و بە یەكگرتوویی و بە یەك زمان و یەك پێكهاتە لەگەڵ هەیئەتی دەوڵەتی ئێراندا كەوتە دانوستاندن؛
4. کۆی گەڵاڵەی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی كورد بۆ خودموختاریی كوردستان بە كۆدەنگیی گشت لایەنەكان پێشكەشی میدیاكان و ڕای گشتیی ئێران كرا.
كۆمەڵگای مەدەنیی ئەوڕۆی كوردستان گەلێك بەهێز و بەپێزە. فرە دڵسۆز و دڵفراوانە و بە وریایی چاوی بڕیوەتە سەر هەڵسوكەوت و هەڵوێستی ڕێكخراوە سیاسییە چالاكەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان. چاوەڕوانیی ڕێکخراوە مەدەنییەكان و كەسایەتیەكان و كۆڕ و كۆمەڵانی خەڵك لە حیزبە سیاسییەكان ئەوەیە كە چەمكی یەکڕیزی لە بیر نەبەنەوە و بایەخی پێ بدەن.
ئەگەر گەڵاڵە مێژووییە ٢٦ خاڵییەکە لە لایەن سەرجەم ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستانەوە پەسند كرا و جێگیر بوو، لەبەر ئەوە بوو كە پێشتر لەژێر ناوی «هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی كورد»دا یەكگرتوویی و یەکڕیزی لە نێوان هێزە كوردییەكاندا پێک هاتبوو. دۆخی ئەوڕۆی كوردستان جارێكی دیكە ئەو داواكارییە دەخاتە بەردەم حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان، ئەمە کۆی هێزەکان دەگرێتەوە، وا نییە کە هەندێك بگرێتەوە و ئەوانی تر نەگرێتەوە، یاخود هەندێکیان هەبن و ئەوانی تریان نەبن.
ڕوون و ئاشكرا و پێویستە كە هەتا قبووڵکردنی یەکتر لە ئارادا نەبێت و لە دووتوێی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا چەشنە یەكیەتییەك لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا پەروەردە نەكرێت و نەیەتە دی، لە بەرژەوندیی گشتیی كوردستاندا ناگونجێ كە یەك یان چەند لایەن گەڵاڵەی داخوازییەكانی كورد لە ژێر سەردێڕی «مەنشووری كوردستان»دا بنووسن و بڵاوی بكەنەوە، چونكە هەر لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە… ئاوا پێشهاتێك دەبێتە هۆی ئاڕاستەكردنی چەند «مەنشوور» کە ئەمەش ناتەبایی و نایەکڕیزیی بزووتنەوەی كوردستانی لێ دەکەوێتەوە.
بێگومان زۆر پێویستەكە هەوڵەكان چڕوپڕ بكرێتەوە بۆ دەسپێكردنی ئەو ئەركە گرنگە، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ چاوەڕوانیکردن بۆ دانیشتن و دیالۆگی نێوان سەرجەم هێزەكانی كوردستان لەگەڵ یەكدا بە ئامانجی نزیكبوونەوە، لێك‌تێگەیشتن و دامەزراندنی نوێنەرایەتییەك لانیكەم بۆ داڕشتن و گەڵاڵەكردنی ئەو مەنشوور و مانیفێستە نیشتمانییە.
سەردەمی ئێستا لە دۆخی ٥٨ دژوارتر نییە. ڕاستە كە بە داخەوە سێ كەسایەتیی پایەبەرزی ئەودەمی بزووتنەوەی كورد، واتە سارمخانی سادق وەزیری، مامۆستا شێخ عیزەددینی حوسێنی و دوكتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، لە مەیدانی سیاسیی ئەوڕۆدا نین، بەڵام كۆمەڵگای مەدەنیی كوردستان گەلێك بەتوانا و لێهاتووە و دەتوانێت لە بەرانبەر دیاردەی پڕ لە زیان و خەساری پاوانخوازیدا بوەستێت کە بێگومان دەشێت زەبرێکی گورچکبڕ لە كۆمەڵگەی ڕێكخراوەیی ئەوڕۆی كوردستان بدات كە لە هەموو وەخت زیاتر پێویستی بە یەكیەتی و یەكگرتووییە.
تایبەتمەندییە بەنرخەكانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی كورد ئەوڕۆكەش دەبێ لە بەرچاو بگیرێت و دەرسیان لێ وەربگرین؛ زەنگی ترسناك نابێ لێ بدرێت، كۆڵانەكانی بەرژەوەندیی كورد نابێ دابخرێن، ڕێكاری تاكلایەنە وەڵامدەر نیە، پانتاییەكان و بەستێنەکانی خەبات دەبێ فراوانتر بکرێنەوە و هەوڵەكان دەبێ بە ئاڕاستەی ڕێزگرتن لە پلۆرالیزمی سیاسی و ڕێكخراوەیی كوردستاندا بن. ئەگەر لە جیات یەكگرتوویی و یەکڕیزی، هەست و هەوڵی سڕینەوەی یەكتر لە ئارادا بێ، نەك هەر ئیمكان و ئەگەری نووسینەوەی «مەنشوور» پێك نایەت، بەڵكوو لە داهاتووی پاش كۆماری ئیسلامییشدا كێشەی قووڵ و مەترسیدار بەرۆکمان پێ دەگرێت.
با هەموو بە یەكەوە بەرەو یەكڕیزی و یەك زمانی هەنگاو هەڵگرین، با بۆ ئامادەكردنی یەکگرتووانەی «مەنشووری كوردستان» و ڕاگەیاندنی بە گەلانی ئێران هەموو هەوڵ و توانامان لەسەر یەک کۆ بکەینەوە.
عەزیز ماملێ
فەرانسە،
١ی مانگی مارسی ٢٠٢٣