ژاراویکردنی کچان لە خوێندنگەکان پیلانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە

ژاراویکردنی کچان لە خوێندنگەکان پیلانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ قوتابیی کچ لە خوێندنگەکانی چەند شارێکی وەک تاران، کرماشان، لوڕستان، چوارمەحاڵی بەبختیاری، قوم، ئەردەوێڵ، مازەندەران، ئیسفەهان، سمنان، خۆراسانی ڕەزەوی، شاهین‌شار و فەردیس… بەهۆی ژاراویبوونەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە یەک لەوان لە شاری قوم گیانی لەدەست داوە.
ناوەندە بەرپرسیارەکانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ڕەسمییان لەهەمبەر بەردەوامیی ئەو ڕووداوانە و زنجیرەی ژاراویکردنی قوتابییانی کچ کە ئێستا ئیدی بەئاشکرا بە تێرۆری بایۆلۆژیکی باس دەکرێ نەبووە. هەندێک ڕەوت و لایەن بەرپرسایەتیی ئەو هێرشانەیا خستۆتە ئەستۆی گرووپە توندڕەوە سەرەڕۆیەکانی نیزیک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و هیندێک بەرپرس و لایەنیش قامکی تاوانیان بۆ لای دەستی دەرەکی وەک ئۆپۆزیسیۆن و وڵاتانی دوژمن! ڕاداشتووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بە ماهییەتی ڕێژیم لە تاوانە ڕێکخراو و سیستماتیکەکانی وەک کوشتن لەسەر نامووس، قەتڵە زنجیرەیی و ئەسیدپڕژاندن و سیناریۆ ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕێژیم ڕادەگەنێت کە بەرپرسایەتیی ئەو جینایەتانە لەئەستۆی تەواوەتیی ڕێژیم و لە سەروو هەمووانەوە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمە. ئامانج لەوەش بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە و تۆڵەکردنەوە لە کچان بەهۆی پێشەنگایەتییان لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”یە.
ناوەند هەروەها بە سەرنجدان بە پێشینەکانی کۆماری ئیسلامی لە خوڵقاندنی جینایەت و کارەسات لەدژی خەڵکی مافویست و نارازیی ئێراندا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکا کاردانەوەی خێرا و توندیان لەهەمبەر کۆمەڵکوژی و ڕەفتاری دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٣ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی هەتاوی