ئورووپا پێویستیی بە ستراتێژییەکی نوێ لە هەمبەر ئێران هەیە

ئورووپا پێویستیی بە ستراتێژییەکی نوێ لە هەمبەر ئێران هەیە
و: کەماڵ حەسەن‌پوور

ساڵی نوێ لە ئێران وەک چۆن ئەوەی پێشوو کۆتایی هات، دەستی پێ کرد: بە ئێعدام. ٢٠٢٣ قەرارە لە ٢٠٢٢ دەرئەنجامانەتر بێ، کە هەر ئێستا بناغەی کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە هەژان. کاتی ئەوە هاتووە ئورووپا لە وەڵامدا ڕەوتی خۆی بگۆڕێ.

دوو پیاو کە لە دادگاییەکی ساختەدا بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج لە کاتی خۆپیشاندانەکانی کەرەج لە نزیک تاران -دوو مانگ پێشتر- تاوانبار کرابوون، لە ٧ی جانیوەری ٢٠٢٣ هەڵواسران. محەممەد مەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی، قارەمانێکی کاراتە و ڕاهێنەرێکی خۆبەخشی منداڵان، هەردوو، بوونە هاوچارەنووسی موحسین شکاری و مەجید ڕەزا رەهنەوەرد، کە لە دێسەمبەری ٢٠٢٢ بە تاوانی هاوشێوە هەڵواسرابوون.

ئامانجی کوشتنی تۆڵەئەستێنانەی ڕێگاپێدراو لەلایەن دەوڵەتەوە ڕوونە: چاوترسێن‌کردنی ناڕازییان بۆ ملکەچی و، ئەگەرچی خۆپیشاندانەکان بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی ڕێژیم کەمیان کردووە، ناکرێ کات بۆ دواوە بگەرێندرێتەوە. ئەوەی ناڕوونە ئەوەیە کە ئاخۆ وڵات ئاڵوگۆڕی ئەرێنی ئەزموون دەکات کە خەڵک هاواریان دەکرد و گیانیان بۆ دەبەخشی، یان تەنانەت ناڕەزایەتی زۆرتر ڕوو دەدەن؟

سێ هەواڵی چەند ڕۆژی ڕابردوو پێشان دەدەن چ شتێک هەر ئێستا لە ئێران گۆڕاوە و بۆچی ئەوە پەیوەندیی بە ئورووپا و باقی دنیاوە هەیە.

یەکەم، لە ڕێبەری گەورە عەلی خامنەییان گێڕاوەتەوە کە گوتوویەتی ژنان نابێ لەبەر دانەپۆشینی قژ، بەو شێوەیە کە بڕیارەکانی ئایینی و یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەخوازن، پەراوێز بخرێن. ئەوە تەنیا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێبەرانی ئێران چەندە لە خەڵکی خۆیان دابڕاون: پاش چوار مانگ سەرهەڵدان کە هۆیەکەی کوشتنی مەهسا _ژینا_ ئەمینی لەبەر ئەوەی ئێستا خامنەیی بە “حیجابی لاواز” ناوی دەبا، ئەو ددانپێدانانە دڵخوازە. بەڵام خۆپیشاندەران دەمێکە لە پرسی کۆدی جلوبەرگ و هەڵاواردنی لێبڕاوانەی ژنان تێپەڕ بوون و داوای ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکەن. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەوانە بەو چاکسازییانە دەستەبەر نابن کە دەمێکە لە کۆماری ئیسلامیدا حاشایان لێ دەکرێ، بەڵکوو تەنیا بە گۆڕینی سیستەم. دەڵێی خامنەیی ویستوویەتی ئەو ڕاسییە پشتڕاست بکاتەوە، بۆیە بناژۆخوازێکی دیکەی وەک فەرماندەی هێزی پۆلیسی وڵات دەستنیشان کردووە.

دووهەم، هەواڵی ئێعدامێکی دیکە بڵاو بۆتەوە، ئەمجارەیان هی جێگری پێشووی وەزیری بەرگری کە بە سیخوڕی بۆ دامودەزگای هەواڵگریی بریتانیا (MI6) تاوانبار کراوە. عەلیڕەزا ئەکبەری، کە هاووڵاتیی دووانەی ئێرانی-بریتانیایی هەبوو، لە ٢٠١٩ دەستبەسەر کرابوو، بەڵام ئەمجار بە سیخوڕی تاوانبار کرا و ماوەیەکی کورت دواتر ئیعدام کرا. لە کاتێکدا کە ئەوە بەتایبەتی گاڵتەجاڕانە دێتە بەرچاو کە ئێستا ڕێژیم خەڵکی خۆی دەکوژێ، حوکمە چاوەڕوان نەکراوەکە ڕەنگبێ ئاماژە بە شەڕی دەسەڵات لەنێو ئێلیتی دەسەڵاتداریش بێ. چەند کەس لە نێوخۆوە لەو چەند حەوتووی دواییدا دەلیلیان بۆ چاکسازیی نێوەرۆکدارتر بۆ چارەسەری ناڕەزایەتییەکانی خۆپیشاندەران هێناونەوە، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی پارلەمان، عەلی لاریجانی، جێگرەوەکەی باقر قالیباف و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عەلی شەمعخانی. لە ماوەی ژیانی کاریدا، ئەکبەری پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەرسێکیان هەبووە، کەوابوو هێندێک چاودێر ئەو سزادانە وەک هەڕەشەیەکی بچووکی خشکەیی بۆ ئەو سێ کەسایەتییەی باڵادەستی خاوەن‌دەسەڵات سەیر دەکەن.

لە کۆتاییدا، پشتیوانیی ئێران لە ڕووسیە دژی ئۆکراین وێدەچێ پێ بنێتە نێو بڕگەیەکی نوێوە، بێتوو هەواڵەکان لەمەڕ پلانی ناوەندی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، لە شاری تۆلیاتی لە خۆراوای ڕووسیە پشتڕاست بکرێتەوە. ئەوە شەرمەزارییەکی بەرچاوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان وەک بەرپرسی سەرەکیی جێبەجێ‌کردنی گەمارۆکان، کە ئەو درۆنە هێرشبەرانەی بەسەر شارەکانی ئوکرایندا دەبارێن، ڕێژەیەکی بەرچاو لە پارچەکانیان بەرهەمی کۆمپانیای ئەمریکایین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئەگەرچی لە یەکەمین ساڵڕۆژی شەڕی ئوکراین نزیک دەبینەوە و هێشتا کۆتایی جەنگەکە لە ئاسۆ دیار نییە، کۆتایی گەمارۆی چەکوچۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران، لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، لەناکاو لە ئاسۆی سیاسەتوانان سەر هەڵدەدا. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١٥ دا هاتووە، لە ئوکتۆبرەوە بەولاوە تاران هەمدیس ئیزنی هەناردەکردنی هاژەکی بالیستیکی کورت‌مەودای پێ دەدەرێ. بێتوو دۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەیەت، وێدەچێ مۆسکۆ یەکەم کڕیاری ئێران بێ.

لەو ڕوانگەیەوە، ئاکامی کێشمەکێشی نێوخۆیی ئێران و هەروەها هەڵوێستی ڕێژیم لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیە دەتوانێ ئاسەواری جیددیی بۆ سەر ئاکامی جەنگ لە ئوکراین هەبێ. ئاخۆ پێش کۆتایی‌هاتنی گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆراوا زەختی دەخرێتە سەر تا بۆ گەیشتن بە ئاکامی دڵخواز تانکی شەڕکەر بدا بە کییەڤ؟ بە پێچەوانە، ئاخۆ تا هاوین زەخت دەخرێتە سەر ئوکراینییەکان تا ڕەزامەندی بدەن ئاگربڕ بکرێ تا پێش بە پەرەئەستاندنی گرژییەکان بگیرێت؟ ئاخۆ ئیسڕائیل بە دەوڵەتە دەستە ڕاستییە توندڕەوەکەی کە وەسوەسەی ئێرانی هەیە، لە کۆتاییدا مل دەدا و سیستەمی بەرگریی خەڵاتکراوی -گومبەزی ئاسنین- دەدا بە ئوکراین؟

گەشەکردنەکان بەو شێوەیەن، لە نێوخۆی ڕێژیم و هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە نێونەتەوەییەکان، کە گۆڕەپانەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر دەگەڵ ئێران لە ئەمساڵدا دیاری دەکەن. ئەوان تەنیا بە گەشەکردنە بەردەوام، بەڵام نهێنییەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە زیاد دەبن، کە مەترسییەکەی بەرچاوی بڵاوکردنەوەی ناوکین کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی هەر دێتوو کەمتر دەتوانێ چاودێریی بکات. لە کاتێکدا کە هەواڵەکان لەمەڕ سەرهەڵدان کەمتر دەبنە مانشێتی هەواڵدەرییەکان و تەنانەت ئێعدامەکانیش تەنیا دەبنە هۆی تووڕەیی کورتخایەن لە سەرانسەری دنیا، ئەم ڕووداوانەی ژێرەوە بۆ چاودێریکردن گرینگن.

دوای ساڵانێکی زۆر کە تەنیا جەخت لەسەر هەڕەشەی ناوکی لە لایەن ئێران دەکرایەوە، و ئێستا چەند مانگ هەوڵی ناهومێدانە بۆ وەڵامدانەوە هەم بە بوێریی ئەوانەی بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ناڕەزایەتی دەردەبرن و هەروەها سەرکوتی دڕندانەی ڕێژیم، یەکیەتیی ئورووپا دەبێ لە کۆتاییدا ڕێبازێکی هەمەلایەنە بۆ ئێران و ناوچەکە بدۆزێتەوە.

ئاکامی ڕووداوەکان لە ئێران دەتوانن باش، خراپ یان ناشیرین بن. تەنیا شتێکی جێگای متمانە ئەوەیە کە ستراتێژیی دوێنێ بەکەڵک نایەت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.