ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم دروستکردنەوەی کۆماری کوردستان!

ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم دروستکردنەوەی کۆماری کوردستان!
هاشم ڕۆستەمی

هەر لە دوای تێکچوونی کۆمارەوە تا ئێستاش، بە بەردەوامی ڕۆلەکانی گەلی کورد بە دوای ئامانجەکانی کۆمارەوە بوون و هەوڵیان داوە جارێکی دیکەش کۆمار دروست ببێتەوە. لەو پێناوەدا بە دەیان هەزار ڕۆڵەی تێکۆشەری ئەم نیشتمانە گیانی خۆیان بەخت کردووە و بەگژ هێزی زۆر و پۆشتەوپەرداخی دوژمندا چوونەتەوە. ئێمەی کورد لە گیانبازی و فیداکاریدا قەت کەممان نەهێناوە، بەڵام دەبێ قبوڵ بکەین لە خەسارناسیی خەباتی خۆمان و دەستنیشان‌کردنی ستراتیژیی دوژمندا زۆر جار لاواز دەرکەوتووین. ئێمەی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات هەم لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی تێکۆشاوین و هەم لەدژی کۆماری ئیسلامی. لێرەدا ئەم پرسیارە خۆی دەردەخا کە بۆچی لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەر دەسەڵاتێک کە لە ئێراندا هاتۆتە سەرکار بۆتە دوژمنی کورد و شەر و کوشتاری لەدژی وەڕێ خستووە. ئەم شەر و کوشتارە بەرهەمی کامە بیر و ئەندێشەی سیاسی و ستراتیژین؟ ئەگەر ئێمەی کورد دەمانهەوێ جارێک و بۆ هەمیشە لەو شەر و ماڵوێرانییە ڕزگارمان ببێت، دەبێت پەنجە لەسەر ئەسڵی بابەتەکە دابنێین و لە بنەوە هەڵێتەکێنین. ئەگینا ئەگەر وا نەکەین تانەت ئەگەر لە شەڕیشدا سەربکەوین، دیسان ئەو بابەتە سەر هەڵدەداتەوە.

ئاستەنگی سەرەکی لەسەر ڕیی گەیشتنی گەلانی نێو جوغڕافیای ئێران و یەک لەوان خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە مافە نەتەوایەتییەکانیان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە لە دوای شۆڕشی مەشرووتە و هاتنەسەرکاری ڕەزا شای پەهلەوییەوە تا ئێستاش بەچڕی بەڕێوە دەچێ. سیاسەتی دەوڵەت نەتەوە کە باس لە یەک جوغرافیا، یەک زمان و یەک کولتوور و یەک نەتەوە و یەک وڵات دەکات و لە چەمکی سیاسی نەتەوەی ئێران (ملت ایران)دا خۆی دەرخستووە، لە ڕاستیدا مەترسیدارترین بیرۆکەیە کە تا ئێستاش شۆڤێنیزمی دەسەڵاتداری تاجدار و مەندیل‌بەسەر لە دژی گەلانی ئێران کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

سیاسەتی دەوڵەت نەتەوە لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا مەترسیدارترین جۆری تێرۆریزمی دەوڵەتییە لە هەموو بوارەکانی خۆیدا. ئەم جۆرە تێرۆرە کە لە جۆری خۆیدا دەچێتە خانەی ژینۆسایدی نەتەوەیی، مخابن تا ئێستاش وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. مەبەست لە ژینۆسایدی نەتەوەیی ئەوەیە بۆ نموونە کاتێک گەلی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی لەژێر گوشاری فەرهەنگی، ئابووری، کولتوری و سیاسیدا بووە و هیچ دەرفەتێکی گەشەسەندنی پێ نەدراوە و هەوڵ دراوە کە لە نێو فەرهەنگی بێگانەدا بتوێتەوە، بێگومان ئەمە ژینۆسایدی نەرمە و هەوڵدانە بۆ تواندنەوە. لەم ژینۆسایدەدا دوژمن کۆمەڵێک ڕێکاری نامرۆڤانەی گرتوونەتەبەر، وەک: تیرۆرکردنی کەسایەتی و ئیلیتی کورد، فەوتاندنی زمان و کولتوور، سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتی، لە هەژاریدا ڕاگرتنی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا، نانەوەی چەندبەرەکی لەنێو کۆمەڵگەدا، ئالوودەکردنی کۆمەڵگە بە شتی جۆراوجۆر و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەیان لە بیری نەتەوەیی.

هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتەدایە کە خوێندن بە زمانی دایک، واتە زمانی کوردی لە کوردستاندا یاساغ کراوە و هەرکەس هەوڵ بۆ بوژاندنەوەی زمانی کوردی بدات، حیسابی دوژمنی بۆ دەکرێ و دەیخەنە سووچی زیندانەوە. ئەوان دەزانن زمان یەکێک لە بنەڕەتەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەکە. هەر لە ڕێگەی سەرکوتی زمانییشەوە هەوڵ دەدەن کەسایەتیی تاکی کورد تێک بشکێنن. چونکە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ کە لە یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانە کتێبێکی دەدرێتێ کە هیچ سەرەندەری لێ دەرناکات و مامۆستا بە زمانێک قسەی لەگەڵ دەکات کە تێی ناگات؛ هەر لەم یەکەم ڕۆژدا کەسایەتیی ئەم تاکەی کورد درزی تێ دەکەوێت و هەست بە کەمایەسییەکی قووڵ دەکات. ئەوە یەکەم هەنگاوە هەم بۆ فەوتاندنی زمانی کوردی و هەم بۆ شکاندن و تێرۆری کەسایەتیی تاکی کورد. ئەو یەکەم هەنگاوەش چونکە بە شێوەی جۆراوجۆر لە هەموو قۆناغەکانی دیکەی ژیاندا درێژەی هەیە، دەبێتە هۆی ئەوە هەموو کۆمەڵگە بتەنێتەوە و بەرە بەرە بەرەو فەوتانی ببات. ئەم بەشە لە سیاسەتی داگیرکەر دەچێتە خانەی تێرۆری زمان و کەسایەتیی تاکی کورد و لە ڕێگەی تاکیشەوە دەبێتە تێرۆری کەسایەتیی نەتەوەیی.

سەرجەمی ئەو پیلانانە کە ئاماژەمان پێ کردن، بە مەبەستی چەسپاندنی سیاسەتی تەک نەتەویی لە ئێراندا پێڕەو دەکرێ، سیاسەتی تاک‌نەتەوییش لە ئێراندا شتێک نییە جگە لە تواندنەوەی سەرجەم گەلانی ئێران لە نەتەوەی باڵادەستدا؛ بۆیەشە هەر جۆرە داواکارییەکی مافە نەتەوەییەکانی گەلانی دیکەی ئێران بە جیاییخوازی لە قەڵەم دەدەن و ئاگر و ئاسنی بەسەردا دەبارێنن. شۆڤێنیزمی دەسەڵاتدار دەیهەوێ لەژێر ناوی تەوایەتیی خاکی ئێراندا، هەرچی سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و هێزی کاری کوردستان هەیە بۆ خۆی ببا و هەر ئەو سیاسەتەش لە بەلوچستان و زۆر شوێنی دیکە پەیڕەو دەکات. سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە و تاک میللەتی لە ئێران شتێک نییە جگە لە تاڵانکردنی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بە قازانجی نەتەوەی شۆڤێنیستی پاوانخواز. سەدان ساڵە کوردستان تاڵان دەکەن، سەروەت و سامانەکەی دەبەن و بۆخۆیانی دەکەنە کۆشک و تەلار و لاوی کوردیش بە بڕوانامەی بەرزی خوێندنەوە دەبێ بچێتە کۆڵبەری و تەنانەت ئەوەشی پێ ڕەوا نابینن و دەیدەنە بەردەستڕیژی فیشەک. لەم ساڵانەی دواییدا خەریکن ڕووبار و ئاوەکانیش دەدزن و لە زۆر شوێن ڕێڕەوی ئاوەکانیان گۆڕیوە و بە بۆڕییەوە بەرەو ئەو شوێنانەیان دەبەن کە بە هی خۆیانی دەزانن.

باس لە شکاندنی کەسایەتیی تاکی کورد کرا. ئەم شکاندنە لە بەردەوامیی خۆیدا تەنانەت لە هەڵوێستی کەسایەتیی سیاسی کوردیشدا ڕەنگی داوەتەوە و کەم نین هەندێک سیاسیی کورد لە بەرانبەر دەسەڵاتی داسەپاو لە بەرانبەر بەرهەڵستکارانی ڕێژیمیشدا خۆیان پێ کەمە و بە لاوازی بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانیان دەکەین. سیاسەتی شۆڤێنیزم بە نیسبەت مافی گەلان چ لە دەستەڵاتدا بێت یا ئۆپۆزیسیۆن بێت، هیچ فەرق ناکات و هەموویان یەک شت دەڵێن. هەربۆیەش ئەو بەناو دژبەرانەی کۆماری ئیسلامییش بەشی هەرەزۆریان، ئەوانەی پاوانخوازانە بیر دەکەنەوە، ئەوە کوتکی جوداییخوازییان بەدەستەوە گرتووە و بەو کوتکە بەگژ داوا ڕەواکانی گەلانی نێو ئێراندا دەچنەوە؛ بەبێ ئەوەی واقعبینانە چاو لە دروشم و سیاسەت و ڕوانگەی سیاسیی نەتەوە نافارسەکانی دیکەی ئێران بکەنەوە. هەروەها خۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارانەش دەدزنەوە کە ئەوان بۆ دەستبەرداری کوردستان نابن و ئاخۆ ڕوانگەی ئەوان چ جیاوازییەکی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێستای ڕێژیم هەیە؟ کە واتە سەرەکیتیرین ئاستەنگی بەردەم مافخوازیی کورد و نەتەوەکانی دیکە شۆڤینیزمی دەسەڵات و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنە.

دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران کۆمەڵێک دەرفەتیشی بۆ کورد دروست کردووە کە پشت بە کۆمەڵە فاکتەرێک دەبەستن کە پێویستە بە باشترین شێوە کەلکیان لێ وەربگیردرێ:

– حەقانییەتی کێشەی نەتەویی کە دەبێ داکۆکیی لێ بکا و پشتی پێ ببەستێی.

– ناسراوبوونی کێشەی نەتەوەی کورد و بەڕۆژەڤ‌بوونی وەک کێشەیەکی نێونەتەوەیی.

– ڕەگداکوتانی بیری ڕزگاریخوازی لە نێوخۆی کوردستان و یەکگرتوویی نەتەوەیی.

– فرەنەتەوەبوونی ئێران کە ئەم فاکتەرە دەتوانێ پشتیوانەیەکی باش بێت بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەکانی نێو ئێران.

– دەنگنەدان بە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی و ڕاوەستان لە بەرامبەریدا و شەر لەدژی سوپای پاسدارانی تیرۆریست بۆ ماوە ٤٣ ساڵ، کە کۆمەڵگەی جیهانی تازە خەریکە لە هەڕەشە و مەترسییەکانی دێتە دەنگ.

– سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و گیانبازییەکانی خەڵکی کوردستان لەم شۆڕشەدا کە وەک دڵی شۆڕشەکە دەرکەوت.

– هەبوونی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ و… .

بەڵام بۆ ئەوەی باشتر بکرێ کەلک لەو فاکتەرانە وەربگیردرێ پێویستە بەر لە هەموو شتێک حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پتر هاوهەڵویست بن و نێوماڵی خۆیان ڕێک بخەن و ناوەندی هاوکاریش بەربەرینتر ببێت، چوونکە لە بەردەم پرسێکی نەتەوەیی‌داین و پرسی نەتەوەییش بە هەمووان چارەسەر دەکرێت. پێویستە کار بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بکرێت و هەر لە ئێستاوە پلانی ئەوە دابندرێ کە دەستبەجێ دوای کۆماری ئیسلامی، لە کوردستان هەڵبژاردن بکرێت و کیانێکی سیاسی کوردی دابمەزرێت و هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێران، لەگەڵ ئەو کیانە سیاسییە کوردیە بێت نەک لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکان.

پاش تۆکمە کردنی نێو ماڵی کورد، پێویستە هەوڵ بۆ کاراکردنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ و کردنی بە ئالترناتیڤی کۆماری ئیسلامی بدرێت و ڕێگە لەوە بگیردرێ کە لایەنەکانی دیکە بە ناحەق خۆیان بەخاوەن بکەن. نابێ باسکردن لە سیستمی داهاتووی ئێران بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دوابخرێت. هەر لایەنێک ئەو هەوایە لێ بدا تەنیا مەبەستی کات کڕینە تا دەگاتە دەسەڵات و ئەودەم لێمان دەبێتە خومەینییەکی دیکە. لە سەر ئەو بڕوایە هەر لایەنێک لە ئێستاوە ڕوانگەی بەنیسبەت چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەکان لە ئێراندا ڕوون نەبێت، هەر لایەنێک کە پێداگری بکات لە سەر چەمکی نەتەوەی ئێران -تواندنەوەی نەتەوەکان لە یەک نەتەوەدا- نابێ کورد لەگەڵێ بچێتە نێو هاوپەیمانی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئاستەنگانە و دەکارکردنی ئەو دەرفەتانەی لە پێشمانن، دامەزراندنەوەی کیانێکی سیاسیی دیکەی کوردی لەم هەلومەرجەدا دوورەدەست نییە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.