ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری لەمەڕ بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری لەمەڕ بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ی ڕێبەندان بومەلەرزەیەکی توند لە دوو وڵاتی تورکیە و سووریە کارەساتی مرۆیی لێ‌ کەوتەوە. بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەوە کە بەشێکی زۆر لە خاکی باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیشی گرتووەتەوە، سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە و هەزاران کەس بریندار بوون، هەروەها هێشتا هەزاران کەس لە بن داروپەردووی ڕووخاوی ماڵ و باڵەخانەکاندا ماونەتەوە و بەوەش پێدەچێ زیانە گیانییەکانی ئەو هەردهەژێنە زیاتر ببێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە دەکات و خۆی بە هاوپشت و هاوخەمی هاونیشتمانەکانمان لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان دەزانێت. هاوکات داوا لە هەموو وڵاتان، کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە هەڵێنن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١
٦ی فێورییەی ٢٠٢٣