ڕاگەیەندراوی ناوەندی پێشمەرگە لە پێوەندی لەگەڵ کۆچی دوایی کاک ئیدریس هۆرمۆزی‌

ڕاگەیەندراوی ناوەندی پێشمەرگە لە پێوەندی لەگەڵ کۆچی دوایی کاک ئیدریس هۆرمۆزی‌
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنێ کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوڕێی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری ڕێگای سەربەستیی کوردستان، کاک ئیدریس هۆرمۆزی، بەرپرسی مەڵبەندی ١ی کوردستان بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمانەوە.

کاک ئیدریس هۆرمۆزی، کوڕی مستەفا، خەڵکی پیرانشار، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی بوو. خوێندنی سەرەتایی تا دووهەمی دەبیرستان لەو شارەدا درێژە پێ‌ داوە و ساڵی ١٣٦٩ پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرتووە. ساڵی ١٣٧٢ بەهۆی هەست بە بەرپرسایەتی بەرانبەر بە گەل و نیشتمانەکەی پەیوەست بە ڕیزی ئاشکرای حیزبی دێموکراتەوە بووە و وەک پێشمەرگە لە مەڵبەندی سپی‌سەنگ لە هێزی قەندیل سازمان دراوە.

کاک ئیدریس هۆرمۆزی ساڵی ١٣٧٨ لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم، لە گوندی “قەڵاتە”ی مەنگوڕایەتیی پیرانشار هاوڕێ لەگەڵ هاوسەنگەرێکی دیکەی بە برینداری بەدیل دەگیرێ و لە بەندیخانەکانی ورمێ و “ڕەجایی شار”ی کەرەج بەند دەکرێ. ئەوان کە هەر کام حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا دەسەپێ، دوای پێنج ساڵ مانەوە لە زیندان، خۆ دەرباز دەکەن و ساڵی ١٣٨٣ دەگەڕێنەوە نێو ڕیزەکانی حیزب.

کاک ئیدریسی دەروەست و تێکۆشەر لەماوەی ژیانی شۆڕشگێڕانەی خۆی‌دا لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا چەندین بەرپرسایەتیی جۆاروجۆری خراوەتە سەر شان و بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتییەوە سەرکەوتووانە ئەرکەکانی بەئەنجام گەیاندوون کە دوایین بەرپرسایەتیی کاک ئیدریس، بەرپرسایەتیی مەڵبەندی ١ی کوردستان بوو.

کاک ئیدریس هۆرمۆزی وەک کادرێکی لێهاتوو و بەوەج و تێکۆشەر و بەهەڵویستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەردەم ئامادەی بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبەکەی بوو و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شەهیدبوونی کاک ئیدریس هۆرمۆزی تێکۆشەرێکی لێبڕاو و لێهاتوویان لەدەست دا.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک ئیدریس هۆرمۆزییەوە ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو نەمرە و سەرجەم هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکات.

ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١