درووستکردنی لاپەرە و ماڵپەرێک بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا

درووستکردنی لاپەرە و ماڵپەرێک بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا

ئەوانەی پێشمەرگەئاسا لە شۆڕشی ژینا دا شەهید بوون هەموویان پێشمەرگەی سەنگەری سەر شەقام بوون، بۆیە لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز دا ئەم ماڵپەرە و ئەم لاپەرەیە پێشکەش بە خەبات و تێکۆشانی ئەو شۆڕشگێرە چاونەترس و بوێرانەی گەلەکەمان دەکەم.

ژینا ئەمینی لە دایکبووی (٣٠ خەرمانان ی هەتاوی١٣٧٩) کیژی ڕووسووری سەقزی تەمەن ٢٢ ساڵ کە لە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە مێترۆی شاری تاران لە لایەن دەزگای ئەمنییەتی‌یەکانی ئێران گیرا و دوای ئازار و ئەشکەنجە و ٣ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان دا شەهید بوو.

دوای شەهید بوونی ژینا ئەمینی و خاوەنداریەتی گەلی کورد لە ژینای شەهید ، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە ڕاپەڕین و خۆپێشاندان کرد. شەهید بوونی ژینا بوو بە هۆی ئەوە کە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ، بە گشتی بێنە سەر شەقام و بە دژی کۆماری ئیسلامی شۆڕشێکی نوێ دەست پێبکەن ، ئەم ڕاپەڕێنە مەزنە بە شۆڕشی ژینا ناوبانگی دەرکردووە .

درووشمی “ژن ژیان ئازادی” بۆتە درووشمی هەموو ئێران و تەنانەت لە خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی وڵات و جیهانیش دا دەنگی داوەتەوە و هەموو نەتەوەکانی جیهان بە زمانی وڵاتەکانی خۆیان ئەم درووشمە دەڵێنەوە.

لە ماوەی نزیک بە ٣ مانگی ڕابردوودا بە گشتی نزیک ٥٠٠ کەس لە نێوخۆی ئێران شەهید بوون، بە تەنیا لە کوردستان تاکوو ئێستا ١٢٥ کەس شەهید بوون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش لە گرتووخانەکانی کۆماری پەت و سێدارەدا دەستبەسەر کراون و مەترسی ئێعدامیان لە سەرە.

بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدان بە گشتی و شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماڵپەری گیاڕەنگ وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەوڵی دا کە وێنەگایەک وەک ماڵپەر بۆ ئەو شەهیدانە درووست بکا.

ڕێز گرتن لە شەهیدان و بنەماڵەکانیان ئەرکە لە سەر شانمان، ئەرکی گەورەتریش ئەوەیە کە نەهێڵین خوێنی ئەو شەهیدانە بە فیرۆ بچێ و بە هەموومان هەوڵ بدەین ببین بە دەنگی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەکانی ئێران دا و هەوڵ بدەین دونیای دەرەوە لە ڕێگای نیشاندانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و وێنەی شەهیدانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و ژنان و گەنجان و بە گشتی هەموو شەهیدان سرنجیان بۆ یارمەتی دان بە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ڕابکێشین.

بە هیوای ئەوە کە هیچ شەهیدێکی دیکەی پێوە زیاد نەبێ و ئەوە دوایین شەهیدەکانی ڕزگاری گەلەکەمان بن.

بۆ ئەوەی کەم و کورییەکانی ئەم  ماڵپەرە بە تەواوی خاشەبڕ  بکەین، داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر ناساندنیان، بە ناردنی وێنەی جوانتر و ژیاننامەکانیان دەتوانین زانیاری زیاتر بە دونیای دەرەوە و نێوخۆ ببەخشین.

پێشەکی سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، جێی خۆیەتی سوپاسی گەرمی هاوڕێی ماندیینەناس کاک دڵشاد پەروانە بکەم کە بە حەوسەلە و بە زەحمەتێکی زۆرەوە هەوڵی دارشتنی دیزاینی لاپەرەی شەهیدانی دا و داواکارییەکانی ماڵپەری گیاڕەنگی جێ‌بەجێ کردن. سوپاس بۆ خەمخۆری کاک دڵشاد پەروانە و زەحمەتەکانی.

چاوەروانی هاوکاری گشت لایەکین

ڕووحی شەهیدان شاد

روو رەشی بۆ کۆماری پەت و سێدارەی ئێران

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی

 

١٧ی دیسامبری ٢٠٢٢ی زائینی