مێژووی ئاڵا و پێشمەرگە

مێژووی ئاڵا و پێشمەرگە
بە پێی بەڵگەنامە مێژووییەکان ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٣ خەڵکی وەزاڵەهاتووی مەهاباد دەستیان بەسەر شارەوانی ئەو شارەدا گرت و داگیرکەریان وەدەرنا و دەسەڵات لە مەهاباد بەتەواوی کەوتە دەست خەڵکی خۆجێیی .
پاش نزیکەی ساڵێک دواتر ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ بۆ یەکەم جار ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد هەڵکرا و هەنگاو بە هەنگاو دامەزرانی کۆماری کوردستان چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
پیرۆزی ئاڵای کوردستان لای پێشەوای کۆماری کوردستان لە شوێنێک دەگاتە لوتکەی پیرۆزی خۆی و لەسوێندەکەیدا، پێشەوا سوێندی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان خوارد کە هەموو هەوڵی خۆی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ئاڵایە بدات و بەگیانی خۆی سوێندەکەی بردە سەر، هەربۆیەش لای نەتەوەی کورد و میراتگرانی پێشەوا و کۆمار، ئاڵا ئەو پیرۆزییەی هەرماوە و نەوەکانی پێشەوا خاوەندارییەتی کرداری لە فەلسەفەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەکەن.
وەک ئاماژەی پێکرا هەنگاو بە هەنگاو دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بە داهێنانی ڕەمز و سیمبولی نیشتمانی کەوتبۆ بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەگەرچی پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان سپایەکی پۆشتە و پەرداخ ئەرکی پارێزگاری لە ئەستۆ بوو، بەڵام دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان زەرورەتی دیاریکردنی ناوێکی خۆماڵی و نەتەوەیی بۆ ئەو سپایە لە هەموو کات زیاتر دەرکەوت، هەر بۆیەش لە کۆبونەوەی دەفتەری سەرۆکایەتی کۆمار و لە کۆبوونەوەی ستادی فەرماندەیی ناوی پێشمەرگە بۆ سپای کوردستان دیاریکرا کە ئەرکی پاراستنی کۆمار و دەسکەوتەکانی لەئەوستۆ بێ . ئەم بڕیارە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ درا و لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەو سەردەم دەستەواژەیەک لەدایک بوو کە ئەمڕۆ بۆ کورد لەهەموو جیهان بووەتە سیمبولی ئازایەتی و دادپەروەری. دەستەواژەیەک کە ئەگەر پێشووتر تەنیا سیمبولی نەتەوەی کورد بوو ئەوا ئەمڕۆکە لۆگۆی بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ هێزە تیرۆریست و توندئاژۆکان.
پێشمەرگەش وەکوو هەموو سیمبولە نەتەوەییەکانی دیکە لە ئامێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەدەستی حیزبی دێموکرات لەدایکبوو، لەکوردستانی گەورە باڵای کرد و لەجیهانیشدا شانازی پێ دەکرێت.
لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا پێشمەرگە و ئاڵا بوونە دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاو، هەربۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو ‌حزبێکی میللی دێموکراتیک و مەسئول، سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٣ لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بە سەرپەرەستی شەهید دکتور قاسملوو، ڕۆژی ٢٦-ی سەرماوەز ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵاکی کوردستانی وەکوو ڕۆژی پێشمەرگە دیاریکرد، دیرایەتی ئەم بڕیارەش بۆوە دەگەڕیتەوە کە تەنیا پێشمەرگە پارێزەری ڕاستەقینەی ئاڵای کوردستان و خاکی کوردانە.
جێی خۆیەتی هەموو کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی ،جارێکیتر لەفەلسەفەی ئاڵا و پێشمەرگە وردبینەوە و بیکەینە هەوێنی یەکگرتوویی و یەکێتی نەتەوەیی، چونکە لای هەموومان ئاشکرایە کە هەر چوراپارچەی کوردستان بە قۆناغیکی هەستیاری نەتەوەییدا تێدەپەرێت و دەبێ بەها پیرۆزەکانی وەکوو ئاڵا و هەروەها پێشمەرگە وەک پارێزەری ئەو ئاڵایە، سەرەتاییەکی بەهێزی یەکدەنگی کوردان بێت.
وەک دەزانین لە سەردەمی کۆماری کوردستان فەلسەفەی دامەزرانی هێزی پێشمەرگە پارساتنی دەسکەوتەکانی کۆمار بووە و هەرگیز هێزێکی شەڕانگێز و داگیرکەر نەبووە، هەر ئەم فەلسەفەیەشە کە بوونی هێزی پێشمەرگەی لەم سەردەمەدا زیاتر لە هەموو کات کردۆتە زەروورەت.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ناوەندی ململانێ جیهانی و ناوچەییەکانە، بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، دۆخێک کە ئەگەر پێشمەرگە پارێزەری نەبێت، ڕەنگە دەرفەتی گۆڕانکارییەکان بەقەیرانێکی گەورە بەسەر کورددا بشکێتەوە. لەلایەکیش نابێ لەبیری کەین کە لۆژیکی دوژمنان و داگیرکەران بەردەوام بەکارهێنانی هێز بووە دژی خواستە ڕەواکانی نەتەوەکەمان، کەواتا مادام هێزەکانی ناوچە بڕیاریانداوە پرسەکان بەهێزی چەکدار چارەسەر بکەن، ئەوا بێگومان ئەگەر بۆ بەرگریکردنیش بێت، پێشمەرگە دەبێ مەیدانداری هاوکێشەکانی ناوچە و کوردستان بێت. بۆیە لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ پێشمەرگە ئاسا بۆ هەموو ئەگەرێکی خوازراو و نەخوازراو لەسەر پێ بن.
لەسەردەمی دیفاعی چەکدارانە لە کوردستان، لاوانی دێموکرات پشکی شێریان به‌رکه‌وتووه‌ و پێشمه‌رگه‌ی به‌ ئه‌مه‌گی رێبازی حیزبی دێموکرات بوون و به‌ڵێنی نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و خاکی کوردستان دووپات کردۆتەوە و هاوکات خه‌ڵکی کوردستانیش به‌ پێشوازی و پشتیوانی گه‌رمیان له‌ پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سه‌لماندیان که‌ چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگایخوازی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ده‌ست حیزبی دێموکرات دیاری ده‌کرێت.
پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی ئەگەر سەردەمێک تەنیا لە هەڵگرتنی چەکی پاراستنی نیشتماندا خۆی دەنواند، ئەوا ئێستا زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی خەڵکی فێر کردووە کە چۆن پێشمەرگە ئاسا تێبکۆشن بۆ پاراستنی شوناسیان.
لاوانی ڕۆژهەڵات لەم سەردەمەدا دەستیکیان چەکی پێشمەرگایەتییە و دەستەکەی دیکەشیان قەڵەمی کوردایەتی.
لاوان لەناوخۆی کوردستان ئەمرۆکە لەسەر بنەمای ئەو میراتە گرنگەی کە جیهان شانازی پێوەدەکات، لەسەر پێن و پێشمەرگەئاسا لەدژی سیستەم و سیاسەتی کوردقڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەستاونەتەوە.
تێکۆشانی سەر شەقام لە جەنگەی شۆڕشی ژینا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنان لەپێناو ژیان و ئازادی ، درێژەدان بە ژینگەپارێزی، پەرەپێدان بە ئەدەبیاتی کوردی و زمان پارێزی لەناو ئەو سیستەمە زاڵمەدا چەشنێک پێشمەرگایەتییە.
مل نەدان بە سیاسەتی فریودەرانەی کۆماری ئیسلامی و نەچوونە ناو سیستمی کۆیلەکردن و جاشایەتی و هەروەها پاراستنی پێشمەرگە لە پیلانی دووژمن چەشنێک پێشمەرگە بوونە، ئەو لاوانەی کە لەزانکۆکاندا نوێنەری بیری نەتەوەیین، لە کۆلانەکاندا دەنگی کۆماری کوردستانن هەر پێشمەرگەن. هەر بۆیە لاوانی کورد دەبی شانازی بەخۆیانەوە بکەن و بەردەوام بن.
ئێستا کە هەموو جیهان پیشمەرگە و ئاڵای کوردستان وەکوو داینەمۆی ئازادی و دێموکراسی و پارێزەری ئاشتی دەناسن، بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناخی ئەواندا ئەو سیمبۆلە نەتەوەییانە لەدایک بوون، سەربەرزییەکی گەورەیە. هەر بۆیەش بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو نۆستالۆژیایەش بێت، دەبێ هەموو ماڵێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵایەکی کوردستانی لێ بێت، چونکە ڕۆژهەڵات خاوەنی ڕاستەقینەی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانە.
دایکان و باوکان لە ڕۆژهەڵات بەرپرسیارییەتی گەورەیان کەوتۆتە سەرشان کە بە هەبوونی ئاڵایەکی کوردستان لە ماڵەکاندا بەردەوام بۆ منداڵەکانیان دیرۆکی نەتەوەکەیان باس بکەن و پێیان بڵێن کە مێژوو و ئێستایان چەندە تەژییە لە حەماسە و سیمبۆلی نەتەوەیی و هەستی نیشتمانی.
ئەرکی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی، لاوان و خوێندکاران، ماموستایان و کارمەندان و کرێکاران و جوتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە سەروەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناخیاندا بچەقێنن و بەو باوەڕە بژین کە ئەو ئاڵایەی کە دوور لە چاوی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ماڵەکانیاندا دانراوە، ڕۆژێک هەر دێت کە بە بازوو و هیمەتی پێشمەرگە وەک پارێزەرانی کوردستان، هەر دێتە دەرێ و لەسەر بانی ماڵەکان و بنکە و بارەگا حکومەتییەکاندا هەڵدەدرێت.
٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پاریزەرانی ئاڵا واتا پێشمەرگەی کوردستان، لەسەرجەم پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لاوانی پێشمەرگە پیرۆز بێت و بەو هیوایە کە وەکوو هەمیشە لاوان داینەمۆی هەستی نەتەوەیی و هەوێنی ئارامی و ئاسۆی گەیشتنی کوردان بەئاواتە دێرینەکەمان واتا سەربەخۆیی کوردستان بن.