هەشت شەهیدی ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٥٧ی هەتاوی شاری سەردەشت

هەشت شەهیدی ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٥٧ی هەتاوی شاری سەردەشت

نزیک ٨ مانگ بوو خەڵکی وەزاڵە هاتووی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران و کوردستان بە دژی رژێمی حەمەڕەزا شای ئێران هاتبوونە سەر شەقام و خۆپێشاندان و شۆڕش بۆ رووخانی ئەو حکوومەتە نگریسە گەیشتبوو دوایین کاتەکانی خۆی.

خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی بچووکی شار و حەشیمەتی کەمی وەک پێویست نەهاتبوونە نێو پرۆسەی ڕاپەرین و شۆڕشی گشتی، تا ڕادەیەک بەشێک لە گەنجەکان و خەڵکی شار بۆ خۆپێشاندان لە هاتووچۆی شارەکانی مەهاباد و بانە و پیرانشار دابوون، لە مانگی ڕەزبەر دا پچڕپچڕ خەڵک لە کەمەربەندی شار و نزیک شێخ مەولانە و سینەما کۆدەبوونەوە و جارجار درووشمی ئازادی ئازادیان دەگوتەوە، هەواڵەکان و ڕووداوەکان لە ڕێگای چەند کەسێکەوە دەگوزرانەوە شار و چەند ڕادیۆیەکی خاریجی هەواڵەکانی شارە گەورەکان و کوشتاری خەڵکی بڵاو دەکردەوە.

شاری سەردەشت خۆی ئامادە کرد بوو کە وەک زۆربەی شارەکانی دیکە برژێنە سەر شەقامەکان و بە گشتی ئەم شارەش ببێتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە بە دژی ئارتەش و ژاندارمەری و ساواک و پیاوانی حکوومەتی حەمەڕەزا شای پەهلەوی.

بەیانی ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٥٧ی هەتاوی بە بڕیاری ساواک، چەند پۆلیسی شارەبانی دوو کەس بە ناوەکانی فەرامەرز زەرگەری‌ئەفشار و ماجید تاهیری قۆڵبەست دەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەن بۆ بەندیخانە، دوای بڵاو بوونەوە ئەم هەواڵە لەبەر دەم ماڵی حاجی مینەی حەدداد و حاجی ئۆمەر محەممەدیان، کۆمەڵێک گەنج لە بەردەم دووکانی ئەنوەری کۆدەبنەوە و بە ڕاستە شەقامی شاردا بەرەو شارەبانی وەرێ دەکەون و لە چاوتروکانێک دا دووکان و بازار دادەخرێن و خەڵک تێکەڵ بەو پۆلە گەنجە دەبن و ئاپۆرای خەڵک ڕوو بە زیادبوون دەچێ.

خۆپێشاندەران بە درووشم دان بەرەو شارەبانی شار وەرێ دەکەون و بە دەنگ و درووشمی خۆیان زراوی ئارتەش و ژاندارمەری و شارەبانی و ساواک دەبەن.

مرگ بر شاە ، مردن بۆ شا

دەرکەی زیندان دەشکێنین، زیندانییەکان دەر دێنین.

ئازادی ، ئازادی

خەڵک لە شارەبانی نزیک دەبنەوە، پۆلیسی شارەبانی دامەزراون و دەیانهەوێ خەڵک چاوترسێن بکەن، لە هەموو کۆڵانەکانی پێش شارەبانی و پارکی شار را خەڵک دەوری شارەبانیان داوە، دواتر لە شارەبانی را گازی فرمێسک ڕێژ بە خەڵک دادەدەن، یەکەمجارە کە خەڵک حاڵەتی لەم چەشنە دەبینێ، دووکەڵێکی سپی، بەردەم خۆپێشاندەرانی پڕ کردووە، لەگەڵ هەناسەکێشان خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری سەردەشت تووشی کۆخە و ڕشانەوە و هەروەها چاوکروزانەوە دەبن، کۆمەڵێک گەنج سیگار بە سەر خەڵکدا دابەش دەکەن و دەڵێن بە دووکەڵی سیگار دەتوانی بەر بە چاوکروزانەوە و کۆخە بگری، چەند گەنجێک تەگەری ماشێن ئاگر دەدەن بۆ ئەوەی دووکەڵ درووست بکەن و پێشگیری لە کاریگەربوونی گازی فرمێسک ڕێژ بکەن.

خەڵک بێ ترس و خۆف هێرشی خۆیان تووندتر دەکەن، لە شارەبانی را داوای یارمەتی لە پادگانی شار دەکرێ و ئەرتەش بە زرێپۆش و دەبابە دێتە نێو شەقام و خەڵکیش بە دار و بەرد و ئاسن بەگژ زرێپۆش و هێزی ئارتەش دا دەچنەوە، هێزی ئارتەش بە تفەنگی تیربار ژێ‌٣ و تفەنگی سەر زرێپۆش تەقە لە خەڵک دەکەن و دەیان کەس بریندار دەکەن و لەو هێرشەش دا بەداخەوە ٨ کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی گەل لە چەند شەقام و کۆڵانی ناوەراستی شار دا شەهید دەبن.

خەڵک بریندار و شەهیدەکان بەرەو نەخۆشخانەی شار ڕادەگوێزن و ڕاپەرین و خۆپێشاندانیش هەروا بەردەوام دەبێ. خەڵک چاونەترسانە هێرش دەکەنە سەر دام‌ودەزگای حکوومەتی و بەم شێوەیە شار دەبێتە خەمخانەی خەمی لە دەستدانی ٨ کەس لە خۆشەویستانی شاری سەردەشت.

دوای ئەوە خەڵک لە بەردەم سینەمای شار و مزگەوتی سوور کۆبوونەوە و چاوەروانی هاتنی تەرمی شەهیدەکان بوون، بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شار دەرمان دەکران و تەرمی شەهیدەکانیش لە نێو خەمی ئازیزانیان و خەڵکی شاردا لە مزگەوتی سوور ئامادەکران و ڕۆژی ١٥ی سەرماوەز لە سەر شانی خەڵکی شار بەرەو گۆڕستانی گردەسوور بردران و بە خاکسپێردران.

ناوی شەهیدەکان بریتن لە:

  • شەهید خدر عەزیزی کوڕی فەقێ ئەحمەدی بێوران
  • شەهید ئیبراهیم محەممەدیان کوڕی حاجی ئۆمەر
  • شەهید محەممەد محەممەدی کوڕی خەراجات
  • شەهید ئیبراهیم مەحموودی کوڕی میرزا مستەفا
  • شەهید مستەفا عەبدی کوڕی فەتاحی جەواهێرێ
  • شەهید مستەفا کەریمیان کوڕی وەستا رەحیمی مزگەر
  • شەهید عەزیز کەلهوڕی خەڵکی مەهاباد جۆشکار
  • شەهید عەبدوڵڵا ڕەسووڵی کوڕی حەمە سەپانی

لەم ڕۆژەوە تا ڕووخانی یەکجاری شا هەموو شەو و ڕۆژێک خەڵک لە سەر شەقام بوون، خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ هاوخەمی بنەماڵەی شەهیدەکان و خەڵکی شاری سەردەشت پۆل پۆل دەهاتنە سەردەشت، خەڵکی شار لە پێشوازی میوانەکان دا بوون و شاری سەردەشت وەک یەکێک لە شارە خوێناوی‌یەکانی کوردستان ناودێر کرا.

تا هەڵاتنی شا و ڕووخانی حکوومەت، شاری سەردەشت هەروا لە خۆپێشاندان و ڕاپەرین دابوو، بۆ ئەوەی ناوی ئەو شەهیدانە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، یەکێک لە قوتابخانەکانی دواناوەندی شار بە ناوی قوتابخانەی شەهیدانی ١٤ سەرماوەز (١٤ آذر) ناودێر کرا و ئەمرۆ ٤٣ ساڵە خوێندکاران لەم قوتابخانەیەدا وانەی فێربوون دەخوێنن.

ڕووحیان شاد.

هیوادارم کە ڕاپەرین و شۆڕشی ئەمجارەمان وەک شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە ئامانجی خۆی بگا و ڕووخانی ئەو حکوومەتە نگریسە ببێتە دیاری بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٠٤ ـ ١٢ ـ ٢٠٢٢ی زائینی

١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی