ڕاگەیەندراوی ژمارە یەک، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ژمارە یەک، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!
کاتژمێر نیزیک ٨ و ٤٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان جارێکی دیکەش بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتەوە. لەو پەلامارە مووشەکییەدا کە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، هەتا ئێستا پێشمەرگەیەک شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.
سپای پاسداران لەگەڵ بەئامانج‌گرتنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە، هەروەها هێرشی مووشەکیی کردۆتەوە سەر بنکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێزیش لە نیزیک شاری سلێمانی.
بەردەوامیی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حاڵێک‌دایە زیاتر لە دوو مانگە ڕاپەڕینێکی سەرانسەری کە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەئامانج گرتووە، لە ئێران لە ئارادایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات. بەڵام وەک هەمیشە سەلماندوومانە ئەوان هەرگیز ناتوانن مافویستی و ئیرادەی ڕزگاریخوازی ئێمە بە چۆکدا بێنن. هەروەها خەڵکی ئێران بە هەموو پێکاتە و جۆراوجۆرییەکانەوە لێ‌بڕاون کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەو ڕێژیمە بێنن.
بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران وەڵامی دڕندەیی، کوشتن و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامییان لە خۆپێشاندانەکان و لەسەر شەقامەکان دەدەنەوە و دەیسەلمێننەوە کە ئیرادەی ئەوان لە زەبروزەنگی دیکتاتۆری بەهێزترە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی ئیداری
٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١