بۆ دووهەم کۆماری جوانەمەرگم!!! حەمەی ئیسماعیلی

بۆ دووهەم کۆماری جوانەمەرگم!!! حەمەی ئیسماعیلی
لەبیرمە یەکەم جار کە نێو و وشەی کۆمارم بیست، مێرمنداڵ بووم. دەگەڵ ماموستایەکی خزمم کە تەمەنێکی تێپەڕاندبوو لە تاقانە شەقامەکەی ئەوکاتی خانێ( پیرانشاری ئێستا) چاوم بە پیرە پیاوێکی ردێن سپی، خۆش سیما، رەقەڵە و خوێن شیرین کەوت. وەک خەڵکی دیکە نەدەچوو! سەرنجی راکێشام و لە ماموستای خزمم پرسی : ئەوە کێیە؟ ماموستا بزەیەکی هاتێ و بە ئەسپایی کوتی: ئەوە کاک حەمەدی سەروکانیەیە، هێندێک کەس پێی دەڵێن ( کاپیتان قادری ) ئەفسەری پێشەوا قازی و کۆماری کوردستان بووە. کۆمارێک کە دوژمنانی میللەتەکەمان چاویان بە دیتنی هەڵنەهات و جوانەمەرگیان کرد. یەکەم جار بوو وشەی کۆمارم دەبیست. بەڵام نایشارمەوە کە سیمای کاپیتان و نێوی پێشەوا و وشەی کۆمار بۆ هەتاهەتایە دەمێشکم دا حەک کران.

مانگ و ساڵ رۆیشتن و منیش گەورەتر بووم. وێڕای تێگەیشتنی زیاتر لە مانا و ناوەرۆکی ئەو نێوانە و کێ بوونە و چ بوونە و چۆن بوونە، تەرمی هەڵاوەسراوی سولەیمان موعینی و مرادشیرێژ و هاورێیانیشیانم هەر لەو شەقامە نەگبەتیە بە چاوی خۆم دیتن! ئەو جار دوو وشەی ( داگیرکەر و دوژمن ) مێشکیان ئاڵۆز کردم و رقێکی پیرۆز بیرو هزری داگرتم. وێڕای گەشەی بیری رزگاریم، خۆشم لە مەڵبەندێک دا دیتەوە کە سەدان قوتابی پێشەوا و کۆماری لێ پەروەردە ببوو و خەبات بۆ ئامانجەکانی کۆمار لە لایەن هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئەو مەڵبەندە بەوپەڕی ئازایەتی و لەخۆبوردووییەوە لە ئارا دابوو. مەلام هەبوو لە چەشنی مەلا رەحمانی لاهیجانی و مەلا نەجمە و مەلا رەسولی گەردی و مەلا بایز مەحەممەدی. سەیدم هەبوو لە چەشنی سەیدرەسوی بابی گەورە( دێهقان).ئاغام هەبوو لە چەشنی کاپیتان قادری ئەفسەری پێشەوا و کۆمارەکەی و کاخدری میشەدێی کە خۆشەویست و بڕواپێکراوی شەهید دوکتور قاسملوو بوو. جووتبەندەم هەبوو لە چەشنی حەسەن حەوتەوانەی باوکی چەند شەهید و مام حوسێنی ئەستیە کە بەشێکی زۆری تەمەنی لە سەر کوردایەتی و رێبازی کۆمارە جوانەمەرگەکەی پێشەوا دە زینداندا تێپەڕاند…..

بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی ئەو تێکۆشەرانە کە بە خوێنی سەدان رۆڵەی قارەمان و لەخۆبوردووی ئەو دەوەرە پشتیوانی لێکرا، پانتایی کوردستانی گرتەوە و تەنانەت دەنگیان بە گوێی دونیاش گەیی. کۆمار و پێشەوا بوونە خولیا و رەمزی تێکۆشان بۆ هەموو تاکێکی کورد و ناودێر کردنی منداڵانی کورد بەو نێوانە بوو بە شانازی بۆ بنەماڵە و ئەویندارانی ئازادیخوازی میللەتەکەمان.

دەگەڵ دیتن و تێگەیشتنی ئەو راستیانە دڵنیا بووم کە داگیرکەر خەیاڵی خاوە!! زانیم کە دوژمنانمان بە هەڵە چوون و ئەو میللەتە نەک هەر تۆڵەی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان و پێشەواکەی دەکەنەوە، بەڵکوو کۆمارێکی دیکە بە پانتایی هەموو خاکی کوردستانیش دادەمەزرێننەوە. ئەو بڕوایەم دەگەڵ راپەرینی تازەی خەڵکی وڵاتم پتەوتر و قایم تر بووە. شۆڕشی ژینای کوردان نەک هەر خەوی لە چاوی داگیرکەر زڕاندوە، بەڵکوو ترسێکی وەهای خستۆتە نێو دڵی ئاخوندەکانی قوم و تاران کە دەبینین بۆ پاراستنی دەستەڵاتی رەشی خۆیان دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزن و لە درێژەی ئەو هەزاران تاوانەدا، روحم بە مێرمنداڵانی زێدەکەشم ناکەن و پاش شەهید کردنی زەکەریا، بەداخەوە ئەوجار (( کۆمار))ێکی دیکەشیان لێ جوانەمەرگ کردم. کۆماری ئەوجارەم راستە بە تەمەن منداڵ بەڵام بە ورە، پۆڵایین و بە بیروباوڕ لە رەگەزی پێشەوای خۆی بوو! کۆماری ئەو جارەم پێش شەهیدبوونی دەنووسێ : زیاتر لە هەموو شتێک ، ئازادیت خۆش بووێ!

بە شەهید بوونی کۆمار و بە رژانی خوێنی بە ناحەق رژاوی هەموو کیژ و لاوی وڵاتم، منیش وەک باوکی سەربەرزی کۆمار، جەرگم هەمووی کون کون بووە!! بەڵام ئەویش و منیش و خەڵکەکەشمان (( برافتادە )) نین! بەڵکوو درافتادە بە مانای (( بەرەنگار بووەوە و بەگژدا چووەوە))ین. ئەو بەگژداچوونەوەیە دەکەینە شۆڕشێك کە بەر لە هەموو کارێک سەر بە خۆفرۆشان و گەندەپیاوان شۆر دەکەین و پاشان تۆماری رەشی رژیمی داگیرکەر و گەندەڵ و دیکتاتۆری زاڵ بە سەر وڵاتمان بۆ هەمیشە تێک وەردەپێچین. ئەو کات دڵنیام لە جیاتی سەرەخۆشی و شین گێڕان بۆ دووهەم کۆماری جوانەمەرگ و هەموو کیژان و کوڕانی سورخەڵاتی وڵاتم، هەواڵان و هاوخەباتەکانیان هاوار دەکەن:
هۆ خەڵکینە، هۆ لاوانی بەهەستی نەڵێنی هەمزە بێهنام، هۆ کیژان و کوڕانی لاجانی برایم شێخاڵی، هۆ خەڵکی سەری مەیدانی سەیدرەسوی بابی گەورە، هۆ هاوشاریانی خانێی رەحمانی سۆفیزادە و رەحیم مەحموودی، هۆ شۆڕەلاوانی پیرانانی لاجانی یەکان و هۆ کچان و کوڕانی بەربنەی حەسۆ، وەرن لە زێوکەی زێدی کۆمار (((پێیەک بە گۆری جوانەمەرگ دادەین و بڵێین موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەستە ))).
پاشان هەڵدەگەرێن بۆ (( گۆڕێ دیلانان )) و گۆوەندی ئازادی و سەربەستی دەگێڕن.
حەمەی ئیسماعیلی ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

سەرچاوە فەیسبووکی حەمەی ئیسماعیلی

ئەو کوڕەی من ٢٥ی گەلاوێژ لە دایک بوو
نێوم لێنا کۆمار
خۆشبەختم کە لە سەر هیچ نەکوژراوە
لە سەر ئازادی و خاکی شەهید بووە
خۆشبەختم کە شەهید بووە
جەرگ بڕین زۆر ناخۆشە و نەودیوە
لە شەوی دیەوە جەرگم کون کون بووە
بەڵام با فیدای ئەو خاکە بێ
فیدای ئەو ئازادی‌یە بێ
بە خودای هەمووانوو دەکوژن
بە خودای بێ تاوان بوو
بە زاتی خودای هەرچی بەڵا بوو لێی نەبوو
ئەوان کوشتیان
ڕوحمێ بە یەکێن ناکەن
لێرە هەڵدەستن جاسووسیە دەکەین
خۆ دەفرۆشی
نەتەوەن دەفرۆشی